یاساناسێك: بوونی پێشمەرگە دەستوورییە و هەڵناوەشێتەوە

:: PM:05:28:21/11/2021 ‌

لەماوەی دوایی لە گەرمەی ململانێی هەڵبژاردن كە لە ئەنجامی شكست و دۆڕانی بەشێك لە هێزە شیعە و میلیشیاكان سەری هەڵداوە، هەفتەی رابردوو موقتەدا سەدر، براوەی یەكەمی هەڵبژاردن، مەرجی بەشداریكردنی ئەو هێزانەی لە حكوومەت راگەیاند، بەوەی میلیشیاكانیان هەڵبوەشێننەوە، لە بەرانبەردا ئەو میلیشیایانە وەك هەموو جارێك هێرشیان كردە سەر پێشمەرگە.

لە گەرمەی بینە و بەردەمی ئەنجامی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق كە لە 10ی تشرینی یەكەمی رابردوو بەڕێوە چوو، پێنجشەمی رابردوو موقتەدا سەدر، مەرجی ئەوەی بۆ هێزە شیعەكان دانا بۆ بەشداریكردنیان لە حكوومەت، كە میلیشیاكان هەڵبوەشتێننەوە و چەكەكانیان رادەستی حەشدی شەعبی بكەنەوە، ئەو مەبەستی زیاتر لە كەتیبەكانی حزبوڵا و عەسائیب ئەهلولحەق بوو، بۆیە ئەو میلیشیایانە داوایان كرد كە سرییەكانی سەلامی سەدر و پێشمەرگەیش هەڵبوەشێنەوە.
ناكرێت پێشمەرگە هەڵبوەشێتەوە تەنیا بە گۆڕینی دەستوور نەبێت
عەلی تەمیمی، شارەزای یاسایی عێراق لەو بارەوە رای گەیاند، بڕگەی پێنجەمی مادەی 121ی دەستووری عێراق تایبەتە بە هەرێمەكان، مافی ئەوەی بە هەرێمی كوردستان داوە بە دامەزراندنی هێزێك لە پۆلیس و ئاسایش و پاسەوانی هەرێم، كە ئەوانە پێشمەرگەی ئێستەن.

زیاتر گوتی، بۆیە بوونی پێشمەرگە فەرمی و دەستوورییە، ئەوان لە بنەما و بە یاسا لە دەستەی حەشدی شەعبی بەهێزترن كە تەنیا بە یاسا رێكخراوە، لەوكاتەی بوونی پێشمەرگە بەپێی دەستوورە و لە یاسا بەهێزترە، بۆیە ناكرێت پێشمەرگە هەڵبوەشێتەوە تەنیا بە گۆڕینی دەستوور نەبێت.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل