گۆڤاری نیوزویكی ئه‌مه‌ریكی له ڕاپۆرتێكدا ئاشكرای كرد، كه له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه له كۆتایی ساڵ و ته‌واوبوونی ئه‌و واده‌یه‌ی بۆ كشانه‌وه‌ی هێزه چه‌كدار و هێرشبه‌ره‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق دانراوه، هه‌ندێ له گرووپه میلیشیاكان پلان داده‌نێن، كه هاوشێوه‌ی تاڵیبان، سیناریۆی ئه‌فغانستان دووباره بكه‌نه‌وه و ئه‌و هێزانه‌ی ئه‌مه‌ریكا كه له دوای سه‌ری ساڵ له عێراق بمێنن، ڕووبه‌ڕوویان ده‌بنه‌وه و هه‌ڵمه‌تیان له‌سه‌ر دروست ده‌كه‌ن، تا ناچاریان بكه‌ن، به په‌له ته‌واوی عێراق جێ بهێڵن.
له ڕاپۆرتی
گۆڤاره‌كه هاتووه، كه ژماره‌یه‌ك له گرووپه میلیشیاكانی سه‌ر به ئێران له عێراق، پلان داده‌نێن و به‌ڵێنی ئه‌وه‌یان داوه، كه ئه‌گه‌ر تا كۆتایی ئه‌مساڵ سه‌رجه‌م هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق به ویست و به گوێره‌ی ئه‌و به‌ڵێنه‌ی كه داویان له عێراق نه‌كشێنه‌وه، ئه‌وا ئه‌وان به زه‌بری هێز سه‌رجه‌می هێزه‌كانیان له عێراق ده‌رده‌كه‌ن و ڕووبه‌ڕوویان ده‌بنه‌وه، ئه‌مه‌یش به پێشهاتێكی گه‌وره و مه‌ترسیداره له‌سه‌ر دۆخی سیاسی و ته‌ناهی عێراق ناوی ده‌برێت.
یه‌كێك له‌و گرووپه میلیشیایانه كه سه‌ركرده‌یه‌كی بۆ نیوزویك قسه‌ی كردووه، ده‌ڵێ: هێز و گرووپه‌كانی عێراق پێشتر واته له 2011 هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكایان ناچار كرد، كه عێراق جێ بهێڵن، ئێسته‌یش ده‌توانین هه‌مان كار ئه‌نجام بده‌ینه‌وه، جیا له‌وه‌یش ئه‌وه‌یله ئه‌فغانستان له دژی ئه‌مه‌ریكا له‌لایه‌ن تاڵیبانه‌وه ئه‌نجام درا، هه‌مان هه‌نگاو له دژی ئه‌مه‌ریكییه‌كان ده‌گرینه‌به‌ر و له سه‌رتاسه‌ری عێراق ده‌یانده‌كه‌ین.
نه‌سر شمه‌ری گوته‌بێژ به ناوی گرووپی میلیشیاكانی "بزووتنه‌وه‌ی نوجه‌با" بۆ گۆڤاره‌كه گوتی، به‌ره‌ی موقاوه‌مه‌ی عێراق به‌ر له به‌ره‌ی موقاوه‌مه‌ی ئه‌فغانستان بوونی هه‌بووه و هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكای ناچار كردووه عێراق جێ بهێڵن، ئه‌مه‌یش زۆر دوور نییه، بگره له 2011 له ژێر فشاری به‌ره‌ی موقاوه‌مه و هه‌ڕه‌شه‌كان، سه‌رجه‌م هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكایان ناچار كرد كه خاكی عێراق به‌جێ بهێڵن. ئێسته به به‌راورد به 2011 توانا چه‌كداری و سه‌ربازییه‌كانی گرووپه‌كانی به‌ره‌ی موقاوه‌مه زۆر به‌هێزتر و پێشكه‌وتووتره له هه‌موو ڕووه‌كانه‌وه.
زیاتر گوتی، ئێمه ئاماده‌ین بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ر هێزێكی بیانی له‌سه‌ر خاكی عێراق، به تایبه‌ت كه ئێسته هێزه چه‌كداره‌كانی حه‌شدی شه‌عبی توانا و ئه‌زموونی به‌هێز و ناوازه‌یان له شه‌ڕی تیرۆر كۆ كردووه‌ته‌وه، له ڕووی فه‌رهه‌نگی و ئایدلۆجییه‌وه‌یش به ته‌واوی ئاماده‌ن، كه ئه‌مه‌ریكییه‌كان له ته‌واوی عێراق بكه‌نه ده‌ره‌وه.
بزووتنه‌وه‌ی نوجه‌با یه‌كێكه له‌و ده‌یان گرووپه چه‌كداره‌ی كه له ڕیزی حه‌شدی شه‌عبیدان و چه‌كی زۆر و قورسیایشیان به‌ده‌سته‌وه‌یه و له 2014 دوای فتوای سیستانی و پێویستی حكوومه‌ت به‌و چه‌كدارانه بۆ ڕزگاركردنی عێراق ده‌ستیان به چالاكی كرد. له 2003ه‌وه‌یش به‌شێك له گرووپه چه‌كداره‌كانی شیعه و نزیك له ئێران به توندی دژی ئه‌مه‌ریكا وه‌ستانه‌وه و داوای ده‌ركردنی ئه‌مه‌ریكییه‌كانیان ده‌كرد، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یش ژماره‌یه‌كی زۆری هاووڵاتی سوننه‌یان كوشتووه و ڕفاندووه، ئه‌مه وێرای بۆردمانكردنی ماڵ و خانوو و مزگه‌وت له ناوچه سوننه‌نشینه‌كان.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یش كه واشنتن له‌سه‌ر داوای عێراق بۆ شه‌ڕی تیرۆر بۆ عێراق گه‌ڕایه‌وه و ئێسته‌یش هه‌موو هه‌وڵه‌كانی خۆی چڕ كردووه‌ته‌وه، تا پاشماوه‌كانی تیرۆر له ناوچه‌كه پاك بكاته‌وه، به‌ڵام میلیشیاكان به‌رده‌وام ڕووبه‌ڕوویان ده‌بنه‌وه و هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ركردن و هێرشكردنه سه‌ریان ده‌ده‌ن.
ڕۆژی هه‌ینی ڕابردوو دوای چوار مانگ له دیداری كازمی و بایدن كه له كۆشكی سپی ئاشكرایان كرد، كه تا كۆتایی ساڵ هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق ده‌كشێنه‌وه، به‌ره‌یه‌كی تری ملیشیاكان به ناوی "هه‌ماهه‌نگی به‌ره‌ی موقاوه‌مه‌ی عێراق" ی له ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ئاشكرای كرد، كه ئه‌وان زۆر ڕژدن له هێرشكردنه سه‌ر ئه‌مه‌ریكییه‌كان، له دوای سه‌ری ساڵه‌وه ده‌ست به جموجۆڵ ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌رهاتوو هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق بمێننه‌وه، چونكه مانه‌وه‌یان له وڵات سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌یه كه ئه‌وان باوه‌ڕیان به قسه‌ی خۆیان نییه و به هیچ شێوه‌یه‌كیش ئاماده‌نین به گفتوگۆ و نه‌رمی پاشه‌كشه له عێراق بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌وان هاوشێوه‌ی ئه‌فغانستان ناچاریان ده‌كه‌ن، كه باره‌گه‌یان تێك بنێن و به‌ره‌و ئه‌مه‌ریكا بگه‌ڕێنه‌وه.
به‌ره‌ی هه‌ماهه‌نگی موقاوه‌مه‌ی عێراقی له ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ئه‌وه‌یشی خستووه‌ته ڕوو، له ماوه‌ی چوار مانگی ڕابردوو له شوێنی كشانه‌وه، ئه‌وه‌ی كه تێبینی ده‌كه‌ین، هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا چه‌ك و كه‌لوپه‌لی زیاتری سه‌ربازیان بۆ ده‌هێنرێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه به هیچ شێوه‌یه‌ك نیازی كشانه‌وه‌یان نه‌بێت، له كاتێكدا جۆ بایدن خۆی له كۆشكی سپی پشتڕاستی ئه‌و بۆچوونه‌ی كردووه‌ته‌وه و فه‌رمانی به گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌رجه‌م سه‌ربازه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له عێراق داوه، دواجاریش میلیشیاكان هۆشداریان به واشنتن داوه، كه هێشتا كات ماوه تا سه‌رجه‌م هێزه‌كان له عێراق ببرێنه ده‌ره‌وه، به پێچه‌وانه‌وه‌ی موقاوه‌مه‌ی ئیسلامی به‌ره‌و ڕوویان ده‌بێته‌وه و به زمانی چه‌ك قسه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كات و ناچاری ڕاكردنیان له عێراق ده‌كات.