نەوتفرۆشەكان لە توركیا بڕیار دەدەن

:: AM:11:26:06/10/2016 ‌
بڕیارە هەفتەی داهاتوو، ئەندامانی ڕێكخراوی "ئۆپیك" لە توركیا لەسەر دیاریكردنی نرخی نوێی فرۆشتنی نەوت كۆ ببنەوە.

سەرەتای هەفتەی داهاتوو لە شاری ئیستەنبوڵ لە توركیا، وڵاتانی ئەندام لە ڕێكخراوی "ئۆپیك" كۆ دەبنەوە، تا لەسەر جێبەجێكردنی بڕیاری كەمكردنەوەی وەبەرهێنانی نەوت ڕێك بكەون.

لە كۆبوونەوەكەدا ڕووسیا بەشداری دەكات و هەوڵیش دەدات ئەو وڵاتانەی وەبەرهێنانی نەوت دەكەن و ئەندامی ڕێكخراوی "ئۆپیك" نین، بەشدارییان پێ بكات لە كۆبوونەوەكەدا، تا ئەوانیش پابەند بن بەو بڕیارەوە.

بەپێی ڕێككەوتنە نوێیەكە، بڕیارە وڵاتانی ئەندام، ڕێژەی وەبەرهێنانی نەوت بۆ 32.5 تا 33 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێكدا كەم بكەنەوە.

جێی ئاماژەیە، ئەو كەمكردنەوەی وەبەرهێنانە وڵاتی ئێران ناگرێتەوە، چونكە تازە سزا نێودەوڵەتییەكانی لەسەر لا چووە، بەپێی ڕێككەوتنەكانیش، ئەوان وەك قەرەبووی چەند ساڵی ڕابردوو دەتوانن زیاتر وەبەرهێنان بكەن، هەر ئەوەشە وای كردووە لە بەرامبەردا سعوودیەش ڕێژەی وەبەرهێنانی خۆی زیاد كرد، بەمەش نرخی نەوت لە بازاڕەكان كەم بووەوە، چونكە وەبەرهێنان زیاترە لە ئاستی خواست.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا، نێجیریا و لیبیا دەیانەوێ هاوشێوەی ئێران مامەڵەیان لەگەڵ بكرێ و بتوانن ئازاد بن لە ڕێژەی وەبەرهێنانی نەوت.

وشە/ ئەلعەرەبییە، كوردۆ شابان


وشە - كوردۆ شابان