سەرەڕای ناڕەزایەتی رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ، ئێران ئەو كەسەی لە سێدارە دا كە لە تەمەنی منداڵی تاوانی كردبوو. منداڵەكە بە تۆمەتی كوشتنی كچێك سزاكەی بەسەردا سەپابوو.
دەزگای دادوەری ئێران ئەمڕۆ چوارشەم 24ی تشرینی دووەم بڵاوی كردەوە، ئارمان عەبدولعالی لە سێدارە دراوە. ئەو پێشتر پێنج جار بە مەبەستی لە سێدارەدان بۆ ژووری تاكەكەسی گواسترابووەوە، بەڵام لە سێدارە نەدرابوو، ئەمجارە سزاكەی جێبەجێ كرا.
سزای سێدارەدانی ئەو گەنجە لەسەر بنەمای یاسای ئیسلامی بووە، دەزگای دادوەری ئێران گوتوویەتی، ئەو بنەماڵەیەی كچەكەیان بە دەستی ئارمان كوژرابوو، لێی خۆش نەبوون و هەر دەبوو لە سێدارە بدرێت.
ئارمان تەمەنی 17 ساڵ بووە، بە تۆمەتی كوشتنی كچێك كە پێوەندیی خۆشەویستی لەگەڵیدا هەبووە، دەگیرێت و دواتر دادگا حوكمی سێدارەدانی بەسەردا دەسەپێنێت.
ناكرێ منداڵ بە سێدارەدان حوكم بدرێت.
بەگوێرەی
دۆیچەوێلە، ئەوەی لەم دۆسیەیە مایەی نیگەرانی رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ بوو، ئەوەیە بكوژەكە ئەو كاتەی تاوانەكەی كردووە منداڵ بووە و نەگەیشتووەتە تەمەنی یاسایی، ناكرێ منداڵ بە سێدارەدان حوكم بدرێت.
لە ئێران منداڵانیش بە سێدارەدان حوكم دەدرێن و تەنیا جێبەجێكردنی حوكمەكە كاتێكە، تاوانبار تەمەنی بگاتە تەمەنی یاسایی كە سەرووی 18 ساڵە.
رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان داوای لە ئێران كردووە، سزای سێدارەدانی تاوانباران هەڵبوەشێنێتەوە كە لە ژێر تەمەنی یاساییدا تاوان دەكەن.