له‌سه‌ر راسپارده‌ی مه‌سروور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی كوردستان، بڕیار درا به خه‌رجكردنی دوو ملیار و 200 ملیۆن دینار بۆ هه‌واری شار له سلێمانی.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌م 24ی تشرینی دووه‌م، فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاوی كرده‌وه، له‌سه‌ر راسپارده‌ی مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، ڕه‌زامه‌ندی درا له‌سه‌ر خه‌رجكردنی گوژمه‌ی دوو ملیار و 200 ملیۆن دینار بۆ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار/ سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانیی سلێمانی، به مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی به‌ڕێوه‌بردن و چاكسازی پاركی ھه‌واری شار.
له راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا باس له‌وه كراوه، ئه‌و بڕه پاره‌یه قۆناغ به قۆناغ و به‌شێوه‌ی نه‌ختینه خه‌رج ده‌كرێت.
"دوای ئاماده‌كردن و گرتنه‌به‌ری گشت رێكاره‌كانی پرۆسه‌ی ته‌نده‌رین، پڕۆژه‌كه چووه‌ته بواری جێبه‌جێكردن و له‌لایه‌ن كۆمپانیای (لانتانا)ـش جێبه‌جێ ده‌كرێت". فه‌رمانگه‌كه وای نووسیوه.
پێشتر له میانی سه‌ردانی مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان بۆ شاری سلێمانی، ڕه‌زامه‌ندی درا له‌سه‌ر ته‌رخانكردن و خه‌رجكردنی گوژمه‌ی زیاتر له 500 ملیار دینار، به‌مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردن و به‌ڕێوه‌بردن و چاكسازی له چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی پارێزگای سلێمانی، پاره‌كه‌ش له‌سه‌ر بودجه‌ی سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانیی سلێمانی خه‌رج ده‌كرێت.
ئه‌و پڕۆژانه‌ی كه به‌و پاره‌یه ئه‌نجام ده‌درێن، بریتین له:
- به‌ڕێوه‌بردن و چاكسازیی پاركی هه‌واری شار
- به‌ڕێوه‌بردن و چاكسازیی بلواری شه‌ست مه‌تری مه‌لیك مه‌حموود
- به‌ڕێوه‌بردن و چاكسازیی بلواری سلێمانی – تاسڵووجه