له یاریی لووتكه‌ی خولی یانه پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌وروپا، یانه‌ی پاریس سانجێرمان له ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی به یانه‌ی مانچێسته‌ر سیتیی دۆڕا، به‌مه‌ش له قۆناغی 16دا ئه‌ركی زۆر قورس ده‌بێت، یانه‌كانی ریال مه‌درید و ئینته‌رمیلانیش گه‌یشتنه قۆناغی داهاتوو.
ئه‌مشه‌و "چوارشه‌م 24ی تشرینی دووه‌م" له گه‌ڕی پێنجه‌می قۆناغی كۆمه‌ڵه‌كانی چامپیۆنزلیگ، مانچێسته‌ر سیتی له یاریگه‌ی خۆیدا رووبه‌ڕووی پاریس سانجێرمان بووه‌وه، له ئه‌نجامیشدا به 2-1 گۆڵ بردنه‌وه‌ی تۆمار كرد.
هه‌رچه‌نده پاریس به گۆڵی ئیمباپێ له خوله‌كی 50 پێشكه‌وت، به‌ڵام مانچێسته‌ر سیتی باشتر یاریی كرد و دوو گۆڵیان له خوله‌كه‌كانی 63 و 77 له رێگه‌ی ره‌حیم ستێرلینگ و گابریێل خیسۆسه‌وه تۆمار كرد.
یارییه‌كه به‌هێز و خێرا و له هه‌مان كاتدا توندوتیژیش بوو، به‌ڵام به گشتی مان سیتی باشتر ده‌ركه‌وت.
به‌م ئه‌نجامه مانچێسته‌ر سیتی به پله‌ی یه‌كه‌می كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م گه‌یشته قۆناغی 16، پاریس سانجێرمانیش به پله‌ی دووه‌م سه‌ركه‌وت.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی بۆ پاریس سه‌خته، له قۆناغی 16دا ره‌نگه به‌رانبه‌ر تیپێكی به‌هێزی وه‌ك بایرن میونشن، ریال مه‌درید، یان چێڵسی یان لیڤه‌رپوول بكه‌وێته‌وه.
هه‌ر له یارییه‌كانی ئه‌مشه‌ودا یانه‌ی ریال مه‌درید به 3-0 گۆڵ له شیریف تیراسپۆلی برده‌وه و خۆی گه‌یانده قۆناغی 16.
هه‌روه‌ها یانه‌ی ئینته‌رمیلان به 2-0 گۆڵ له شاختاری ئۆكڕاینی برده‌وه، ئه‌ویش گه‌یشتنی به قۆناغی داهاتوو مسۆگه‌ر كردووه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ریال مه‌درید له یاریی داهاتوودا له‌سه‌ر پله‌ی یه‌كه‌می كۆمه‌ڵه‌ی چواره‌م ركابه‌ریی ده‌كات.
ئه‌نجامی سه‌رنجڕاكێشیش له یارییه‌كانی ئه‌مشه‌ودا هه‌بوون، میلان له ناو ئیسپانیا به گۆڵێك له ئاتلێتیكۆ مه‌دریدی برده‌وه، به‌مه‌ش هیوای زیندوو بووه‌وه بۆ گه‌یشتن به قۆناغی داهاتوو.
هه‌روه‌ها لایپزیگ له ناو به‌لجیكا به 5-0 گۆڵ له یانه‌ی كلوب بروجی برده‌وه، به‌مه‌ش هیوای بۆ گه‌ڕایه‌وه بتوانێت بگاته یۆرۆپالیگ.
ئه‌نجامی یارییه‌كانی ئه‌مشه‌و به‌م شێوه‌یه بوون:
بێشكتاش 1-2 ئه‌یاكس ئه‌مستردام
ئینته‌رمیلان 2-0 شاختار دۆنیتسك
مانچێسته‌ر سیتی 2-1 پاریس سانجێرمان
كلوب بروج 0-5 لایپزیگ
سپۆرتینگ لیشبۆنا 3-1 بۆروسیا دۆرتموند
ئاتلێتیكۆ مه‌درید 0-1 میلان
لیڤه‌رپوول 2-0 پۆرتۆ
شیریف تیراسپۆل 0-3 ریال مه‌درید.