چیك و كوردستان لە هەوڵی باشتركردنی پێوەندیی كشتوكاڵی و بازرگانییەكانیانن

:: PM:01:46:25/11/2021 ‌
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە پیتەر ستێپانێك باڵوێزی تازەی كۆماری چیك لە عێراق كرد، لە كۆبوونەوەی نێوانیان، هەوڵی باشتركردنی پێوەندیی كشتوكاڵی و بازرگانی گفتوگۆی لەبارەوە كرا.

ئەمڕۆ پێنجشەم 25ـی تشرینی دووەم، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە پیتەر ستێپانێك باڵوێزی تازەی كۆماری چیك لە عێراق كرد.

لە دیدارێكدا نێچیرڤان بارزانی وێڕای بەخێرهێنان و پیرۆزبایی بۆ دەستبەكاربوونی، هەموو پشتگیرییەكی بۆ سەركەوتنی كار و ئەركەكانی باڵوێزی تازەی چیك لە عێراق دووپات كردەوە، هیوای سەركەوتنی بۆ خواست.

هەردوولا دووپاتیان لە برەودان بە پێوەندییە دێرینەكانی كۆماری چیك لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان كردەوە، بەتایبەتیش لە بوارەكانی بازرگانی و كشتوكاڵ و كولتووری و ئەكادیمی و ئەو بوارانەی بۆ هەردوولا گرنگن.

ڕۆڵی باڵوێزخانەی چیك لە بەغدا و كونسوڵگەی لە هەولێر، پەتای كۆرۆنا و لێكەوتەكانی، دۆخی عێراق و هەڵبژاردن و ئەنجامەكانی، شەڕی دژی تیرۆر و مەترسییەكانی داعش، پێشهاتەكانی ناوچەكە بەگشتی و چەند پرسێكی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێكی تری دیدارەكە بوو.



وشە - رامیار جەواد