نەوت نزمترین نرخی لە ماوەی سێ مانگی رابردوو تۆمار كرد

:: AM:09:54:27/11/2021 ‌
هەفتەیەكی تر لە بازاڕی بۆرسە داخرا و بەهای نەوت بۆ نزمترین نرخی لە ماوەی سێ مانگی رابردوو دابەزی. هۆكارە هەرە سەرەكییەكە بۆ بڵاوبوونەوەی جۆرێكی نوێی كۆرۆنا دەگەڕێتەوە.

نرخی نەوت تا بەرەبەیانی دوێنێ هەینی لە بەرزبوونەوەدا بوو، بەڵام لەپڕ رووی لە دابەزین كرد و تا ئێوارەی رۆژەكە و كۆتاهاتنی هەفتەبازاڕی بۆرسە، سەرووی 10 دۆلار لە نرخەكەی دابەزی. ئەم جۆرە دابەزینە لە ماوەیەكی كورتدا لە چەند ساڵی رابردوودا وێنەی نەبووە.

بەگوێرەی dailyfx نرخی هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە 72 دۆلار و 86 سەنت داخراوە. بەراورد بە مانگێك لەمەوبەر نرخی نەوت 14 دۆلار كەمی كردووە.

هۆكاری سەرەكی دابەزینی نرخی نەوت بۆ بڵاوبوونەوەی جۆرێكی نوێی كۆرۆنا دەگەڕێتەوە، ئەو جۆرە نوێیە مەترسیدارترە لە جۆرەكانی تری كۆرۆنا ، لە ئەفریقای باشوورەوە سەری هەڵداوە و لە چەند وڵاتێكی ئەوروپاش حاڵەتی نوێ تۆمار كراوە.

رێكخراوی تەندروستی جیهانی لەو رووەوە نیگەرانی خۆی دەربڕیوە و گوتوویەتی، بە وردی لێكۆڵینەوە و پشكنین بۆ ئەم جۆرە ڤایرۆسە دەكەن.

هەواڵی ڤایرۆسەكە كاریگەری خستە سەر قەبارەی داخوازی لەسەر نەوت


بڵاوبوونەوەی هەواڵی ڤایرۆسەكە كاریگەری خستە سەر قەبارەی داخوازی لەسەر نەوت و بووە هۆی دابەزاندنی. پێشتر ئەمەریكا بە پلان لە هەوڵی دابەزاندنی نرخی نەوتدا بوو، تەنانەت بڕیاری دابوو 50 ملیۆن بەرمیل نەوتی كۆگاكانی بخانە بازاڕەوە، بەڵام كاریگەرییەكی ئەوتۆی لەسەر داشكانی نرخت نەوت دروست نەكردبوو، هەواڵی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە بە خێرایی ئامانجەكەی پێكا.

ساڵی رابردووش كاتێك كۆرۆنا بڵاو بووەوە، نرخی نەوت بە رێژەیەكی بەرچاو دابەزی و نەوتی جۆری برێنت بۆ خوارووی 16 دۆلار و نەوتی ئەمەریكاش بۆ خوارووی سفر دۆلار دابەزی.

هێشتا دیار نییە ڤایرۆسە نوێیەكە هەمان كاریگەری كۆرۆنا كۆنەكە لەسەر كەرتی پیشەسازی و سەرجەم كەرتە ئابوورییەكان دەهێنێتە كایەوە یان نا، بەڵام ئاماژەكان مایەی نیگەرانین.


وشە - سلێمان تاشان