چۆن خۆت لەو تیرە نوێیەی كۆرۆنا دەپارێزیت؟

:: PM:07:33:27/11/2021 ‌

دوای ئەوەی رێكخراوی تەندروستی جیهانی ئاشكرابوونی تیرەیەكی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنای لە باشووری ئەفریقیا راگەیاند بە ناوی "ئۆمیكرۆن"، وڵاتانی دنیا خۆیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ساز داوە، لەلایەك گەشتە ئاسمانییەكانیان بۆ چەند وڵاتێكی ئەفریقیا هەڵپەسارد، لەلایەكی تر خەریكی توندكردنی رێوشوێنەكانن، تا دەركەوتنی زانیاری لەبارەی تیرە نوێیەكە.

ئەگەرچی شارەزایانی رێكخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژە دەكەن پێویستیان بە چەند هەفتەیەك هەیە بۆ ناسینی تەواوی كاریگەری و زیانەكانی ئەو تیرە نوێیە، ژمارەیەك زانای ئەمەریكا پێشبینیان كرد ئەوانەی ڤاكسینیان وەرگرتووە رەنگە بتوانن رووبەڕووی ببنەوە، كاتێك ئاژانسی "رۆیتەرز"، ئاماژەی بۆ پێویستی رووبەڕووبوونەوەی لە رێگەی ڤاكسینەوە كرد. هەروەها دووپاتیان لە بەستنی دەمامك و دووركەوتنەوە لە قەرەباڵغی كردەوە، جیا لە شووشتنی دەست. 
ئەگەری نییە پەتاكە وەك پێشوو بگەڕێتەوە ناو كۆمەڵگەیەك بەتەواوەتی ڤاكسین كرابێت
پرۆفیسۆر ئەندرۆ بۆلارد، بەڕێوەبەری كۆمەڵەی ئۆكسفۆرد بۆ ڤاكسین كە پەرەی بە ڤاكسینی ئەسترازینیكا داوە، بە وریاییەوە گەشبینی خۆی بە كاریگەریی ئەو ڤاكسینانەی ئێستە هەن لە رووبەڕووبوونەوەی پەتاكە راگەیاند، كە رەنگە كاریگەر بن لە پاراستن لە تووشبوون بە ئۆمیكرۆن.

ئەو بە "بی بی سی"، گوت، سەرەڕای بازدانەكانی بەسەر تیرەكانی تر هات، ڤاكسینەكان توانیان بە كاریگەری بمێننەوە لە كەمكردنەوەی كاریگەرییە مەترسیدارەكانیان، هە لە ئەلفاوە تا بێتا و گاما و دەلتایشەوە، بۆیە هەندێك گەشبینی هەیە لەبارەی مانەوەیان بە كاریگەری لەگەڵ ئۆمیكرۆن. بۆیە ئەگەری ئەوە نییە پەتاكە وەك پێشوو بگەڕێتەوە ناو كۆمەڵگەیەك بەتەواوەتی ڤاكسین كرابێت. لەگەڵ ئەوەیش بابەتەكە پێویستە بە كاتی زیاترە بۆ روونبوونەوەی وێنەكە.

شایەنی باسە لەوكاتەی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنەری ڤاكسین خەریكی دانانی پلانن بۆ گۆڕینی ڤاكسینەكانیان بۆ كاركردن لەسەر تیرە نوێیەكە، ئەو تیرە نوێیە جگە لە باشووری ئەفریقیا و نامیبیا و زیمبابوێ و بۆتسوانا و لیسۆتۆ و ئیسواتینی و مۆزەنبیق و مەلاوی لە ئەفریقیا بڵاو بووەتەوە، تا ئێستەیش گەیشتووەتە چەند وڵاتێك لەوانە هۆنگ كۆنگ و بەلجیكا و هۆلەندا و ئەڵمانیا و بەریتانیا و چیك و ئیسرائیل و میسر و توركیا.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل