تیرە گۆڕاوەكەی كۆرۆنا گەیشتە سێ وڵاتی تری ئەوروپا

:: AM:11:52:28/11/2021 ‌
تیرە نوێیەكەی كۆرۆنا كە لە ئەفریقای  باشوور سەری هەڵداوە، بە خێرایی خەریكە بە وڵاتاندا بڵاو دەبێتەوە و حاڵەتە نوێیەكانی ئەم جۆرە ڤایرۆسە دوای بەلجیكا و هۆڵەندا، گەیشتە هەریەك لە بەریتانیا، ئەڵمانیا و ئیتاڵیا.

لە ئەڵمانیا ڤایرۆسەكە لە رێی كەسێك گواستراوەتەوە كە لەمدواییانەدا لە ئەفریقای باشوورەوە گەڕاوەتەوە، لە بەریتانیش دوو حاڵەتی نوێ راگەیەنراوە.

سەجاد جاڤید وەزیری تەندروستی بەریتانیا، لە پەیامێكی تویتەردا حاڵەتی نوێی تۆماركردنی ڤایرۆسی كۆرۆنای گۆڕاو كە بە ئۆمیكرۆن ناودێر كراوەی راگەیاند.

دۆخی تەندروستی كەسی تووشبوو جێگیرە.


حكوومەتی ئیتاڵیاش رای گەیاند، دەرەنجامی پشكنینی هاووڵاتییەك كە لە مۆزەمبیق گەڕاوەتەوە، پوزەتیڤ دەرچووە و دۆخی تەندروستی كەسی تووشبوو جێگیرە.

بەگوێرەی یۆرۆنیوز، لە هۆڵەنداش پێشتر راگەیەنرابوو كە دەرەنجامی پشكنینی 61 گەشتیار كە بە دوو فڕۆكە لە ئەفریقای باشوورەوە گەیشتبوونە فڕۆكەخانەی ئەمستردام، پۆزەتیڤ دەرچووە. سەرجەم ئەوانە لە هوتێلێك كەرەنتین كراون. حاڵەتی نوێی ڤایرۆسەكە لە ئیسرائیل، مالاڤی، هۆنگ كۆنگ و بۆتسواناش تۆمار كراوە.

جێی باسە تیرە نوێیەكەی كۆرۆنا زۆر خێراتر بڵاو دەبێتەوە و هەر لەگەڵ راگەیاندنی هەواڵی مەترسییەكانی، رۆژی هەینی 26ی تشرینی دووەم، 10 دۆلار لە نرخی هەر بەرمیلێك دابەزی.

ناوەندی كۆنترۆڵ و پاراستنی نەخۆشییەكانی ئەوروپا هەر ئەو رۆژە  بڵاوی كردەوە، بە وردی لە قەبارەی مەترسییەكانی تیرە نوێیەكەی كۆرۆنا دەكۆڵێتەوە. بەشێك لە وڵاتانی ئەوروپا گەشتەكان لە ئەفریقای باشووریان راگرتووە.      


وشە - سلێمان تاشان