وەرزشكردن لە حاڵەتی سەرمابردووییدا مەترسیدارە

:: PM:03:35:28/11/2021 ‌

زۆرێك لە مرۆڤەكان بەشێوەیەكی ئاسایی لە وەرزی زستاندا تووشی جۆرێك لە جۆرەكانی سەرمابردوویی دەبنەوە، كە بریتییە لە پەتایەكی ڤایرۆسی تووشی بەشی سەرەوەی كۆئەندامی هەناسە (لووت و قورگ)، دێتەوە و چەند نیشانەیەكی هەیە، لەوانە تا و كۆكە و پژمین و هاتنی ئاو لە لووت و هیتریش، بەڵام پێوەندی بە دڵەوە چییە؟

وەك بنەما دەكرێ هەندێك جۆر هەوكردن لە خراپترین حاڵەتدا ببێتە هۆی لاوازی و كەموكورتی لە فەرمانی دڵ، كاتێك ناوەندێكی تەندروستی ئەڵمانی وریایی لە ئەنجامدانی راهێنانی وەرزشی دا لەكاتی تووشبوون بە سەرمابردوویی، چونكە مرۆڤ تووشی نەخۆشی مەترسیدار دەكات، وەك هەوكردنی سییەكان و هەوكردنی ماسولكەی دڵ و هەوكردنی پەردەی دڵ (هەوكردنی تاموور)، كە لە خراپترین حاڵەتدا دەبێتە هۆی كەموكورتی لە كاركردنی دڵ، رەنگە ئەوەیش پێویست بە نەشتەرگەری بكات.
وەرزشكردن لەكاتی سەرمابوون گواستنەوەی ڤایرۆس لەناو لەش زیاتر دەكات
بۆ ئەوەی مرۆڤ تووشی ئەو مەترسیانە نەبێت، پێویستە لەكاتی تووشبوون بە سەرمابردوویی ماوەیەكی دوورودرێژ ئیسراحەت بكات، ناشكرێ تا تێپەڕبوونی پێنج رۆژ یان زیاتر لە ئاساییبوونەوەی پلەی گەرمی لەش، راهێنانەكان دەست پێ بكاتەوە. 

پزیشكان ئاماژە دەكەن لە حاڵەتی بوونی ئاوهاتنێكی كەم لە لووت و بوونی وزە و توانا رەنگە پێویست بە وازهێنان لە وەرزش نەكات، بەڵام ئەگەر گەیشتە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و كۆكە و هەوكردنی قورگ، وا باشترە بەپەلە واز لە وەرزشكردن بهێنرێت.

د. ئینگۆ فروبوزۆ، لە كۆلێجی وەرزشی ئەڵمانیا لە كۆلۆنیا ئاماژە دەكات، دەكرێ وەرزشكردن ببێتە هۆی گواستنەوەی ڤایرۆسەكە لەناو لەشدا و لە خراپترین حاڵەت بگات بە دڵ، لەو حاڵەتەیش سیستمی بەرگری لاوازە و ناتوانێ رووبەڕووی ڤایرۆسەكە ببێتەوە، ئەوەیش مەترسیدارە، بەتایبەتی لەكاتی گەیشتنی بۆ دڵ.


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل