یانه‌ی ریال مه‌درید له به‌ربه‌ستێكی زه‌حمه‌ت رزگاری بوو، توانی سێ خاڵی تر بخاته سه‌ر هه‌گبه‌ی خاڵه‌كانی و له ركابه‌ره‌كانی دوور بكه‌وێته‌وه.
ئه‌مشه‌و "یه‌كشه‌م 28ی تشرینی دووه‌م" له گه‌ڕی 15ی لالیگای ئیسپانیا و له یاریی لووتكه‌دا، یانه‌ی ریال مه‌دریدی پێشه‌نگی خوله‌كه، له یاریگه‌ی خۆیدا به زه‌حمه‌ت و به ئه‌نجامی 2-1 گۆڵ له یانه‌ی سێڤییای برده‌وه، كه له پله‌ی سێیه‌می ریزبه‌ندی بوو.
یارییه‌كه به‌هێز و خێرا و توندوتیژ بوو، له خوله‌كی 12 سێڤییا به گۆڵێك پێشكه‌وت، كه یاریزان رافا میر ڤیسینتی تۆماری كرد.
به‌ڵام وه‌ڵامی ریال مه‌درید زۆر دوانه‌كه‌وت و له خوله‌كی 32 كه‌ریم بنزێما به سوودوه‌رگرتن له هه‌ڵه‌ی به‌رگری و گۆڵپارێزی سێڤییا، گۆڵی به‌رانبه‌ری بۆ تیپه‌كه‌ی تۆمار كرد و ژماره‌ی گۆڵه‌كانی خۆیشی له‌م وه‌رزه‌ی لالیگادا گه‌یانده 11 و له پێشه‌وه‌ی گۆڵكارانی خوله‌كه‌یه.
له گێمی دووه‌مدا هه‌ردوو تیپ به‌هێزتر یارییان كرد و ریال مه‌درید فشاره‌كانی زیاتر بوون، دوای چه‌ند گۆڕانكارییه‌كیش، به تایبه‌تی هاتنی كاماڤینگا و ڤالڤێردی، ریال باڵاده‌ستیی زیاتر بوو، له خوله‌كی 87 ڤینسیۆس جۆنیۆر به تۆپێكی به‌هێز له ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌ی سزاوه گۆڵی دووه‌م و بردنه‌وه‌ی تۆمار كرد.
جۆنیۆر ئێسته 9 گۆڵی هه‌یه و دووه‌مه له ریزبه‌ندی گۆڵكارانی لالیگا.
ریال به 2-1 گۆڵ یارییه‌كه‌ی برده‌وه و سێ خاڵی تری به‌ده‌ست هێنا، به‌مه‌ش پارێزگاری له پله‌ی یه‌كه‌می ریزبه‌ندیی كرد به 33 خاڵ.
یانه‌ی ئاتلێتیكۆ مه‌درید هاته پله‌ی دووه‌م به 29 خاڵ و سۆسیدادیش به هه‌مان ژماره‌ی خاڵ له پله‌ی سێیه‌مه، هه‌رچه‌نده ئه‌مڕۆ دۆڕا.
یانه‌ی سێڤییا به‌م دۆڕانه بۆ پله‌ی چواره‌م دابه‌زی و به 28 خاڵ مایه‌وه.
ئه‌نجامی یارییه‌كانی تری ئه‌مڕۆی لالیگا به‌م شێوه‌یه بوو:
ریال بێتیس 3-1 لێڤانتی
ئیسپانیۆل 1-0 ریال سۆسیداد
قادێش 1-4 ئاتلێتیكۆ مه‌درید