هێرشەكانی داعش بۆ سەر پێشمەرگە زیادی كردووە.. چی روودەدات؟

:: PM:09:26:30/11/2021 ‌

لە ماوەی تەنیا چەند رۆژێكدا چەكدارانی داعش سێ هێرشی گەورەیان كردە سەر هێزی پێشمەرگەی كوردستان و ژمارەیەك پێشمەرگەیان شەهید و بریندار كرد، ئەوە جاری یەكەم نییە كە بەكتوپڕی هەڵدەكوتنە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە و زیانیان پێ دەگەیەنن، گوتەبێژ بەناوی هۆزە عەرەبییەكانی ناوچە كێشە لەسەرەكان ئاماژە دەكات كە مەترسییەكە گەورەیە و تەنیا پێشمەرگە ناگرێتەوە.

شێخ موزاحم ئەحمەد حوێت بە "وشە"ی راگەیاند، سەرەتا سەرەخۆشی لە كەسوكاری شەهیدەكانی پێشمەرگە و گەلی كوردستان دەكەین، بەهۆی شەهیدبوونی پۆلێك لە قارەمانەكانی پێشمەرگە، بابەتی دووبارەبوونەوەی هێرشە تیرۆریستییەكانی داعش بۆ سەر پێشمەرگە، چەند هۆكارێكی هەیە، لەوانە لاوازیی هاوئاهەنگی لە نێوان بەغدا و هەولێر.

زیاتر گوتی، چەندان جارە حكوومەتی عێراقی و سەركردایەتی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانمان لە مەترسی هێرشە تیرۆریستییەكان وریا كردووەتەوە و داوای پێكهێنانی ژوورە هاوبەشەكانی هاوئاهەنگیمان لەنێوان پێشمەرگە و هێزە تەناهییەكانی عێراق كردووە، بەتایبەتی بۆ پڕكردنەوەی بۆشایی تەناهی لە ناوچە كێشەلەسەرەكان، ئەو بۆشاییانەی لەلایەن چەتەكانی داعشەوە سوودی لێ وەردەگیرێت و لەوێوە هێرش دەكەنە سەر هێزەكانی عێراق و پێشمەرگەیش.
هێرشی سەر پێشمەرگە دووبارە دەبێتەوە و حكوومەتی عێراق وەك پێویست سەیری ئەو بابەتە مەترسیدارە ناكات
روونی كردەوە، لەلایەكی تر ئەوە دەخەمڵێنین كە دۆخی ئێستە هاوشێوەی ساڵانی 2006 و 2007 بێت، ئەوكاتەی چەتەكانی رێكخراوی قاعیدە دەستیان بە هێرشەكانیان بۆ سەر هێزەكانی عێراق و پێشمەرگە و لەناو شارەكان كرد، بەڵام دەبینین كە هێرشی سەر هێزی پێشمەرگە دووبارە دەبێتەوە و حكوومەتی عێراقیش وەك پێویست سەیری دۆسیەی تەناهی و ئەو بابەتە مەترسیدارە ناكات، چونكە ئەمڕۆ پێشمەرگەیە و سبەی هێرش دەكرێتە سەر هێزە عێراقییەكان.

"حكوومەتی عێراق بە هەڵبژاردن و بینەوبەردەی هێزە ناڕازییەكان لە ئەنجامی پرۆسەكە سەرقاڵە، كەچی ئەو بابەتە لە مشتومڕی براوە و دۆڕاوەكانی هەڵبژاردن گرنگترە، چونكە پێوەستە بە ژیانی هاووڵاتییان و هێزە تەناهییەكانەوە، لەوانەیش هێزی پێشمەرگە"، شێخ موزاحم وای گوت.

ئەمڕۆ وەزارەتی پێشمەرگە لە بەیاننامەیەك لەبارەی هێرشەكانی دوایی داعش گوتی، تیرۆریستانی داعش هێرشیان كردووەتە سەر هێزێكی پێشمەرگە لە سنووری شاری كفری، پێشمەرگە بەرپەرچی هێرشەكەیان داوەتەوە پێشمەرگەیەك شەهید بووە و سێی تر بریندارن، لای خۆیەوە جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە گوتی، چەكدارانی داعش لە ناوچەكەكانی ژێر دەسەڵاتی سوپای عێراقەوە هێرش دەكەنە سەر هێزی پێشمەرگە، دوای هێرشەكانیشیان دەگەڕێنەوە ئەو شوێنانە.

زیاتر گوتی، سوپای عێراق تەنیا ئەو شوێنانە دەپارێزێت كە خۆی تیایدایە، ناوچە كێشەلەسەرەكان پێش هاتنی سوپای عێراق لەژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە بووە و هیچ تیرۆریستێك نەیدەتوانی پێی بگات، دووپاتی كردەوە، دوای چوونەدەرەوەی پێشمەرگە لەو ناوچانە و كەوتنی بەدەستی سوپای عێراق، بۆشاییەكی گەورەی تەناهی دروست بوو كە لە هەندێك شوێن پانییەكەی 40 كیلۆمەتر دەبێت، بۆیە چەكدارانی داعش دەتوانن سوود لەو بۆشاییانەی ببینن و چەك و تفاقە سەربازییەكانیانی تیادا بشارنەوە و تەنانەت مەشقیشی تیادا بكەن.

یاوەر لەبارەی هاوئاهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق گوتی، پێشتر پێكهێنانی چەند لیوایەكی هاوبەش لە سوپای عێراق و پێشمەرگە بۆ كۆنترۆلكردنی دۆخی تەناهی بۆشاییە تەناهییەكان هاتە راگەیاندن، بەڵام بەهۆی دەرنەچوونی بڕیاری پێكهێنانیان لەلایەن حكوومەتی فیدرال و دابین نەكردنی پێویستییەكانی لە مووچە و بودجە و چەك و كەرەستەی سەربازی، پێكهێنانی ئەو لیوایانە مانگی تشرینی دووەم دواكەوت، ئەوكاتەیشی بڕیارەكە دەرچوو، ئەو لیوایەی پێشمەرگە بڕیارەكە دەیگرتەوە، خرایە سەر میلاكی وەزارەتی بەرگری عێراق، لەوكاتەی ئەوان ئێستە لە سەنتەرەكانی پێشمەرگە مەشقیان پێ دەكرێت، بۆیە ئەگەری هەیە لە مانگی كانوونی یەكەمی داهاتوو تێكەڵ بە سوپای عێراق بكرێن بۆ ئەوەی جارێكی تر مەشقیان پێ بكرێتەوە، دوای كانوونی دووەمی 2022 بەسەر ئەو ناوچانە دابەش بكرێن كە رێككەوتنی لەسەر كراوە.

بەرپرسێكی حكوومەتی كوردی ئاماژەی كرد كە دوای دووبارەبوونەوەی هێرشەكانی داعش لە ناوچە كێشەلەسەرەكان، بابەتەكە بووەتە جێی نیگەرانی، بەتایبەتی شەهید و برینداری لێ كەوتووەتەوە، ئەوەیش پێویست بە بوونی هاوئاهەنگی كردەنی لەنێوان بەغدا و هەولێر دەكات بۆ كۆنترۆلكردنی دۆخەكە، ئێستە بوونی چەكدارانی داعش زیاتر لەو ناوچانەیە كە چۆڵ و دوورەدەستن و كۆنترۆلی هێزە تەناهییەكان لاوازە، بۆیە پاشماوەی داعش پێویست بە ئۆپراسیۆنی سەربازی ورد دەكات بۆ راوەدوونانیان، بەتایبەتی لە رێگەی هێرشی ئاسمانییەوە.  





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل