ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتی تووشی ئایدز دەبن

:: AM:10:05:01/12/2021 ‌
وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، ئەمساڵ 69 تووشبووی ئایدز تۆمار كراوە، كە 58 لەو تووشبووانە بیانین.

ئەمڕۆ چوارشەم یەكی كانوونی یەكەم، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا رای گەیاند، ئەمساڵ 69 تووشبووی نەخۆشی ئایدز تۆمار كراوە.

وەزیری تەندروستی گوتی، لەو ژمارە تووشبووانە 58 یان بیانی بوون لە درەوەی عێراق و هەرێمی كوردستان هاتوون، 11 تووشبووی دیكەش خەڵكی عێراق و هەرێمی كوردستان بوونە.

بەگوتەی وەزیری تەندروستی، ئەمساڵ 318 هەزار پشكنین بۆ دیاریكردنی نەخۆشی نەمانی بەرگری جەستە "HIV" كراوە، لە ڕابردووش 48 تووشبووی نەخۆشییەكە لە كوردستان هەبوون كە بەبەردەوامی چاودێری دەكرێن.

وەزیری تەندروستی ئەوەشی باسكرد، دۆزینەوە حاڵەتەكانی تووشبووی ئایدز، لە هەرێمی كوردستان پرۆسەیەكی چالاكە، لەگەڵ رێكارەكانی خۆپارێزی بەرەوپێشچوونیان بەخۆوە بینیوە، بەڵام تا ئێستە چارەسەری تەواوەتی ئەم نەخۆشییە نەدۆزراوەتەوە.

ئەو گوتانەی وەزیری تەندروستی لە كاتێكە لە هەرێمی كوردستان چەندین بنكە و سەنتەری تایبەت هەیە كە پشكنینی ڤایرۆسی تێدا دەكرێ‌ ئەو پشكنینانەش بە بڕە پارەیەكی ڕەمزی دەكرێ‌ ئەوەیش بۆ پاراستنی هاووڵاتییانە.
 



وشە - رامیار جەواد