دوای ئەوەی لە ماوەی دواییدا تیرەیەكی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەناوی ئۆمیكرۆن لە باشووری ئەفریقیا دۆزرایەوە، گرژیی نێوچەوانی دنیای داگرت و زانا و شارەزا و حكوومەتەكان تووشی نیگەرانییەكی گەورە هاتنەوە، بەڵام وا خەریكە دۆخەكە هێور دەبێتەوە، كاتێك شارەزا و بەرپرسانی حكوومەتی لەبارەی كاریگەریی ڤاكسینەكان لەسەر ئەو تیرە نوێیە دڵنیایی دەدەن.
ساجد جاوید، وەزیری تەندروستی بەریتانیا پێشبینی كرد كە ڤاكسینەكانی بەردەستن بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، لەسەر ئۆمیكرۆنی نوێترین تیرەی ئەو ڤایرۆسە كاریگەر بێت، ئێستە زانایان لێكۆڵینەوەی زیاتر لە كاریگەرییەكانی ئەو ڤایرۆسە دەكەن و لە دوو هەفتەی داهاتوو یەكلا دەبێتەوە.
ئەوانەی ڤاكسینیان وەرگرتووە نەترسن و بەپەلە سێیەم ژەم وەربگرن
ئەو قسانەی وەزیری تەندروستی بەریتانیا هاوكاتە لەگەڵ تۆماركردنی 22 حاڵەتی تووشبوون بە ئۆمیكرۆن لەو وڵاتە و توندكردنەوەی هەندێك رێوشوێن و كۆت كە پێشتر لادرابوون، لەوانە بەستنی ماسك لە شوێنە گشتی و بازرگانییەكان و كەرەنتینەكردنی ئەوانەی بەركەوتەی تووشبووانی تیرە نوێیەكەن.
لای خۆیەوە ئۆجۆر شاهین، هاوبەشی هەردوو كۆمپانیای بایۆنتیك و فایزەر لە بەرهەمهێنانی ڤاكسینی دژ بە كۆرۆنا روونی كردەوە، رەنگە تیرە نوێیەكە خۆی لەو دژەتەنانە لابدات كە ڤاكسینەكان دروستیان كردووە، بۆیە پێشبینی دەكرێت ئەو ڤایرۆسەیش لەگەڵ چوونی بۆ ناو لەش لەلایەن خانەكانی بەرگرییەوە لەناو ببرێت.
شاهین كەسانی ڤاكسینیان وەرگرتووە دڵنیا دەكاتەوە، بەوەی نەترسن و بەپەلە سێیەم ژەم وەربگرن، چونكە ئەوان بەوشێوەیە ئاستێكی بەرزی پارێزراوان دەبێت، ئەگەر توشیشی هاتنەوە، چونكە دەركەوتووە كە ڤاكسینی فایزەر لەسەر تیرە گۆڕاوەكانیش كار دەكات، وەك تیرەی دەڵتا كە ئەوانەی ڤاكسینیان وەرگرتبوو، سووكتر تووشی دەبوون.