نیشانەكانی تووشبوون بە ئۆمیكرۆن چییە؟

:: PM:04:20:01/12/2021 ‌

هەفتەی رابردوو تیرەیەكی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە باشووری ئەفریقیا دەركەوت، ئەوە وای كرد جارێكی تر زەنگی مەترسی لە زۆرینەی وڵاتانی دنیا لێ بدرێت، بەشێوەیەك زۆرینەی وڵاتانی دنیا گەشتە ئاسمانییەكانیان لەگەڵ ئەو وڵاتانەی ئەفریقیا وەستاند كە ڤایرۆسەكەی تیا دەركەوتووە، لەو ناوەدا ئەوەی گرنگە چۆن دەزانی تووشبوونەكە هی تیرە نوێیەكەیە؟

تا ئێستە زانایان نازانن ئاخۆ خێرایی بڵاوبوونەوەی تیرەی ئۆمیكرۆن لە تیرەی دەلتا پلەس زیاترە یان نا، بەڵام ئەگەر وا بێت، ئەوانەی ڤاكسینیان وەرنەگرتووە زووتر تووشی دەبنەوە، كە ژمارەیان لە دنیا چەند ملیارێكە، ئەگەر وابێت خێرایی بڵاوبوونەوەی ئۆمیكرۆن لەوەی دەلتا پلەس زیاتر دەبێ و لە ماوەی چەند مانگی داهاتوو دەبێتە تیرەی زاڵی ڤایرۆسەكە، خاڵی بەهێزی ئەو ڤایرۆسە توانایەتی لە فێڵكردن لە دژەتەنەكانی بەهۆی ڤاكسینەوە بەرهەم هاتوون.
زۆرینەی تووشبووان گەنجانن كە نیشانەی توندی تووشبوونیان نابێت، بۆیە پێویستە رێوشوێنەكانی خۆپارێزی سووك نەكرێت
گرنگترین شت نیشانەكانی تووشبوونە بە ئۆمیكرۆن چییە؟، یۆنبین بیلای، پزیشكێكی باشووری ئەفریقیا، كانگەی دەركەوتنی حاڵەتەكان، گوتی، تووشبووان بەدەست كۆكەیەكی وشك و تا و ئارەقەكردنی شەوانە و ئازاری لەشیانەوە دەناڵێنن، ئەوانەی ڤاكسینیان وەرگرتبوو دۆخیان باشتر بوو، د. ئانجیلیك كۆتزی، پزیشكێكی تر لە بریتۆریا گوتی، تووشبووان بەدەست شەكەتی و ماندووبوونێكی زۆرەوە دەناڵێنن، بەڵام هەستی بۆنكردن و چەشتنیان لەدەست نەداوە. 

ئەگەرچی تا ئێستە ئەو حاڵەتانەی ئۆمیكرۆن كە تۆمار كراون سووك و ناوەند بووە، رێكخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت، زۆرینەی تووشبووانی ئۆمیكرۆن لە گەنجەكانن، ئەوانەیش نیشانەی توندی تووشبوونیان نابێت، بۆیە پێویستە رێوشوێنەكان بەو هۆیەوە سووك نەكرێت، تا دڵنیابوونەوە لە توانای راستەقینەی ئۆمیكرۆن.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل