دوێنێ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی راگەیاند، ئەمڕۆیش ئەنجامەكان و ناوی كاندیدانی براوە رەوانەی دادگای فیدرال كرا بۆ پەسندكردنیان، كە رەنگە 10 رۆژ بخایەنێت، بەوەیش كۆمسیۆن ئەو تۆپە ئاگرەی خستە ناو دادگای فیدرالەوە، بەڵام ئەگەرەكان چین؟
مزەر كەرەوی، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق گوتی، دوای ئەوەی دوێنێ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی راگەیاند، پێ دەچی دۆسیەی یەكلاكردنەوەی دۆخەكە بگاتە دادگای فیدرال، ئەویش بە پەسندكردنی ئەنجامەكان، بۆیە گەڕانەوە بۆ دواوە زەحمەت و نیوچە ئەستەمە.
زیاتر گوتی، دوای ئەوەی دادگای فیدرال ئەنجامەكان پەسند دەكات، گفتوگۆی پێكهێنانی حكوومەت لەنێوان هێزە سیاسییەكان دەست پێ دەكات، ئێستە ناتوانرێ شێوەی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ یەكلا بكرێتەوە كە لەسەر پرەنسیپی زۆرینە یان سازان دەبێت، بەڵام لە رێگەی خوێندنەوەی هەڵوێستی هێزە سیاسییەكانەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە بەهۆی ناكۆكی گەورەی نێوان هێزەكان بەهۆی ئەنجامی هەڵبژاردن، دۆخی سیاسی لە عێراق شلۆقە.
پەرەسەندن دەبێت، بەڵام پێكهێنانی حكوومەت دوا ناكەوێ و ئەگەری زۆرە حكوومەت لە رەوتی سەدر و كورد و سوننە پێك بێت
ئاماژەی كرد، دۆخی عێراق چیتر بەرگەی تەنگژەی سیاسی ناگرێت، كە رەنگدانەوە لەسەر دۆخی تەناهی و كۆمەڵایەتی دروست بكات، لە سایەی بوونی دۆسیەی زۆر هەستیار كە پێویست بە جموجۆڵی بەپەلە دەكەن، وەك وشكهەڵگەڕان و تەنگژەی ئابووری و گرانی نرخ و بێكاری و هەژاری، جیا لە بوونی پێشێلكاریی خوێناوی لە چەند پارێزگایەك، كە بووەتە مایەی نیگەرانیی رای گشتی.
ئێستە یەكلاكردنەوەی دۆخەكە گەیشتووەتە دوایین قۆناغی، كاتێك كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن ئەمڕۆ چوارشەم لە بەیاننامەیەكی كورت رای گەیاند كە ناوی كاندیدە براوەكانیان رەوانەی دادگای فیدرال كردووە، بۆیە هێزە براوە و دۆڕاوەكان چاویان بڕیوەتە دادگای فیدراڵ، لەوێ پەسندكردن یان نەكردنی ئەنجامەكان یەكلا دەبێتەوە، كە رەنگە ئەوەی ئەو هەڵبژاردنە یەكلا دەكاتەوە دوو شتە، یەكەمیان پاڵپشتی و دداننانێكی فرەوانی نێودەوڵەتی و ئەنجوومەنی ئاسایشی بۆ هەڵبژاردن و ئەنجامەكانی، دووەم براوەكە رەوتی سەدرە، كە جیا لەوەی ژمارەیەكی زۆر چەكداری لەناو حەشدی شەعبی هەیە، توانای جووڵاندنی شەقامیشی هەیە، لەپاڵ ئەوەی هێزەكانی بزاوی تشرین، لە ریزی براوەكانن و نەیارن بۆ میلیشیا دۆڕاوەكان، بۆیە ئەوانیش دەبنە بەشێك لە ناڕازییەكان ئەگەر ئەنجامەكان پەسند نەكرێت.
دوێنێ دوای راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن، موقتەدا سەدر لە تویتێكی كورت دەستخۆشی لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و سوپاسی كردن، عیسام حوسێن، سەركردە لە رەوتی سەدر لەو بارەوە گوتی، حكوومەتی نوێی عێراق بە ئاسانی پێك دێت، ئەوەیش بەهۆی هاتنەپێشەوەی چەند حزبێك و كشانەوەی هەندێكیتریان، كە دەبێتە هۆكارێك بۆ ئەوەی دەوڵەتی عێراق لە قۆناغی داهاتوو باشتر بەڕێوە دەچێت، ئەوەیش بەهۆی بوونی زۆرینەیەكی سیاسی لە حكوومەتدا.
روونی كردەوە، گۆڕانكارییە سیاسییەكان ئاماژە بۆ پاشەكشەی هەندێك حزبی سیاسی و هاتنەپێشەوەی هیتر دەكەن، بەتایبەتی سەربەخۆكان، لەپاڵ گۆڕانی شێوەی پێكهێنانی حكوومەت بەرەو زۆرینە نەوەك تەوافوق، كە بۆ ماوەی 17 ساڵە تاقی كراوەتەوە، ئەنجامەكەیشی كارەساتبار بووە و بووەتە هۆی تەشەنەكردنی گەندەڵی و شكست لە بەڕێوەبەردنی دامەزراوەكانی دەوڵەت.
هەر لەو بارەوە ساڵح عومەر، مامۆستای زانكۆ نزیك لە پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، دوای راگەیاندنی ئەنجامەكان بەفەرمی لەلایەن كۆمسیۆنەوە، بەرژدی دەست بە قۆناغی گفتوگۆی پێكهێنانی حكوومەت دەكەین، چونكە هەموو دیدار و كۆبوونەوەكانی پێشوو، تەنیا بۆ لێكنزیكبوونەوە و گوێگرتن بۆ بۆچوونی یەكتر بووە، بەڵام ئەوجارەیان گفتوگۆكان راستەقینە دەبن بۆ پێكهێنانی حكوومەت.
دوای راگەیاندنی ئەنجامەكان هاوپەیمانی فەتح بە قبووڵ نەكراو وەسف كرد و داوای لە دادگای باڵای فیدرال كرد كە ئەنجامەكان پەسند نەكات، چونكە پێچەوانەی راستییە، لای خۆیان چوارچێوەی هاوئاهەنگی، هێزە شیعە دۆڕاوەكان بە میلیشیاكانەوە، ئەنجامی هەڵبژاردنیان رەت كردەوە و كۆمسیۆنیان بە ئامادەكردنی پێشوەختەی ئەنجامەكان لەسەر حیسابی خواستی گەلی عێراق تۆمەتبار كرد.
حەمدی مالك، شرۆڤەكاری سیاسی دەڵێت، بابەتەكە لەسەر ئەوە ماوەتەوە كە كێ رادەستی گوشاری بەرانبەرەكەی دەبێت، واتە حەشدی شەعبی یان رەوتی سەدر، تا ئێستە هیچیان رادەستی یەكتر نەبوونە، ئەوەیش هۆكاری زیادبوونی مەترسی پەرەسەندن و رووبەڕووبوونەوەیە لەو قۆناغەدا.
چاودێران پێیان وایە دۆخەكە بەرەو گێژەلوكێكی ئاڵۆز دەڕوات، كاتێك حزبەكان كۆنترۆلی كایەكانی دەوڵەت دەكەن، كە رەنگە لە كۆتادا پەنا بۆ رێككەوتن ببەن، بێ رەچاوكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكە، د. غالب دەعمی، مامۆستای راگەیاندن لە زانكۆی كوفە دەڵێت، لە رووی یاساییەوە دادكای فیدرال پەسندی ئەنجامەكان دەكات و كاری ئەو نییە ئەنجامەكان رەت بكاتەوە یان هەڵبژاردن دووبارە بكاتەوە، چونكە بەپێی دەستوور ئەركەكانی دیاری كراوە.
ئەو شارەزایە پێشبینی كرد ئەگەر چوارچێوەی هاوئاهەنگی، بەتایبەتی میلیشیاكان، بەشداری حكوومەت نەكەن، كێشە بۆ حكوومەتەكە دروست دەكەن، بۆیە بەدووری نازانم بەریەككەوتن رووبدات، ئێستەیش رەنگە پەرەسەندن هەڵبكشێت، بەڵام پێكهێنانی حكوومەت دوا ناخات، كە پێشبینی دەكرێت بە زۆرینەی نیشتمانی سوننە و شیعە و كورد پێك بهێنرێت، رەنگە كورد و سوننە لەگەڵ یەك رێك بكەون، بەڵام شیعە نا، بۆیە پێشبینی دەكرێ حكوومەتەكە لە رەوتی سەدر و كورد و سوننە پێك بێت.