ئەنجامی كۆبوونەوەی سەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە

:: PM:04:34:02/12/2021 ‌

بەر لە دوو رۆژ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی راگەیاند، دوێنێش ناوی كاندیدە براوە و دۆڕاوەكان رەوانەی دادگای باڵای فیدرال كرا بۆ پەسندكردنیان، لە هەنگاوێكی كتوپڕدا موقتەدا سەدر گەیشتە بەغدا و لەگەڵ سەرانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی كۆبووەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم لە شاری بەغدا لە ماڵی هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح، كۆبوونەوەی نێوان موقتەدا سەدر، سەركردەی رەوتی سەدر و سەرانی هێزەكانی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی، هەریەك لە نووری مالیكی و قەیس خەزعەلی و عەمار حەكیم و حەیدەر عەبادی و هومام حموودی و فالح فەیاز بەڕێوە چوو، بەر لە پەسندكردنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن لەلایەن دادگای فیدرال و دەست پێكردنی هەوڵەكانی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ. 
نووسراوێكی هاوبەش ئامادە دەكرێ دەبێتە بنەمای بەرنامی حكوومی و پێشكەیشی هاوبەشە سیاسییەكان بكرێ و حكوومەتی نوێ پێوەی پابەند بێت
دوای كۆبوونەوەكە موقتەدا سەدر پەیامێكی دەستوونسی خۆی بڵاو كردەوە و بە كورتی دووپاتی كردەوە كە نە رۆژهەڵاتی و نە رۆژئاوایی حكوومەتێكی زۆرینەی نیشتمانی، ئەوەیش دووپاتكردنەوەی بۆچوونی خۆی و رەوتەكەی بووە لەدوای بردنەوەی بە ئەنجامێكی گەورە لە هەڵبژاردنی 10ی تشرینی یەكەمی رابردوو. 

لای خۆیەوە چوارچێوەی هاوئاهەنگی دوای كۆبوونەوەكە بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە و رای گەیاند ئەوان چەند بابەتێكیان تاوتوێ كردووە، لەوانە، هەنگاونان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و لێپرسینەوە لە گەندەڵكاران و وەستاندنی بەهەدەردانی سامانی گشتی، دووپاتكردنەوە لەسەر دەرچوونی هێزە بیانییەكان لە عێراق بەپێی خشتەی دیاریكراو، دانانی رێوشوێن بۆ مانەوەی چەك تەنیا بەدەستی دەوڵەت، پاراستنی حەشدی شەعبی و پاڵپشتیكردنی و هێشتنەوەی رۆڵی لە پاراستنی ئاسایشی عێراق و بەتاواندانانی ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكان لەگەڵ ئیسرائیل. 

هەردوولا لەسەر بەردەوامیی گفتوگۆكان تا گەیشتن بە چارەسەری كردەنی بۆ داخرانی سیاسی عێراق رێك كەوتن، چوارچێوەی هاوئاهەنگی دووپاتی لە بەردەوامبوون لە هەنگاوە یاساییەكان و جەماوەریان سەبارەت بە بابەتی ئەنجامی هەڵبژاردن كردەوە.

لای خۆیەوە فادی شمەری، سەركردە لە رەوتی حیكمەی عەمار حەكیم گوتی، كۆبوونەوەی سەرانی شیعە پێویستیەكی نیشتمانی بوو بۆ پاراستنی عێراق لە رووچوون بۆ ناو شەڕی ناوخۆیی، لە كۆبوونەوەكە باسی گەیشتن بە دیدێكی هاوبەش كرا بۆ چارەسەركردنی ئەو داخرانەی دۆخی سیاسییەی هەیە.

بەشدارانی كۆبوونەوەكە رێككەوتن كە ئەوە دوایین كۆبوونەوەیان نەبێت، بەڵكو كلیلی كۆبوونەوەی تر بێ بۆ رێككەوتن لەسەر خاڵە ناكۆكەكانی نێوان هێزە شیعەكان. كۆبوونەوەكە رێگە خۆش دەكات بۆ پێكهێنانی لیژنەی هاوئاهەنگی بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی وردەكاری پێوەست بە پێكهێنانی فراكسیۆنی گەورە، بۆیە بەشداران گەیشتنە رێككەوتن لەسەر پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەش بۆ ئامادەكردنی نووسراوێك، ببێتە بنەمای بەرنامی حكوومەتی داهاتوو و پێشكەیشی هاوبەشە سیاسییەكانی بكرێ و حكوومەتی نوێ پێوەی پابەند بێت.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل