شاندی هێزە كوردییەكان كەی سەردانی بەغدا دەكات؟

:: PM:05:18:02/12/2021 ‌

پەرەسەندنەكانی پێوەست بە ئەنجامی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و جموجۆڵەكانی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ بەرەو قۆناغێكی پێشكەوتوو دەچێت، ئەمڕۆ لە بەغدا شیعە كۆبوونەوەیەكی فرەوانیان ساز كرد، سەرچاوەیەكیش ئاماژە دەكات كە بەمنزیكانە شاندێكی كوردی سەردانی بەغدا دەكات.

دوای ئەوەی سێشەمی رابردوو كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی راگەیاند و تەنیا پێنج كورسی لەگەڵ ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەكە هەبوو، ئەوەیش لە ئەنجامی یەكلاكردنەوەی تانەكان، دوێنێ هاتە راگەیاندن كە ئەنجامەكان رەوانەی دادگای فیدرال دەكرێت بۆ پەسندكردنی، كە رەنگە 10 رۆژ بخایەنێت، دوای ئەوەیش راستەوخۆ گفتوگۆی پێكهێنانی حكوومەت دەست پێ دەكات.
شاندەكە دوای پەسندكردنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن سەردانی بەغدا دەكات
وەك سایتی "بەغداد ئەلیوەم"، بڵاوی كردەوەتەوە كە سەرچاوەیەكی سیاسی ئاشكرای كرد كە بەمنزیكانە شاندێكی كوردی پێكهاتوو لە نوێنەری پارتی دیموكراتی كوردستان (31 كورسی) و یەكێتی نیشتمانیی كوردستان (17 كورسی)، لەخۆ دەگرێت.

بەپێی سەرچاوەكە، دوای پەسندكردنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن لەلایەن دادگای باڵای فیدرالەوە، شاندە كوردییەكە سەردانی بەغدا دەكات، بۆ ئەوەی بە فەرمی دەست بە گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ بكات، ئەوەیش دوای گفتوگۆكردن لەگەڵ هەموو هێزە سیاسییەكانەوە. 

دوێنێ مەناف مووسەوی، شارەزا لە كاروباری سیاسی عێراق دووپاتی كردەوە كە لێكنزیكبوونەوە لە نێوان رەوتی سەدر و تەقەدوم و پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق هەیە لەسەر بنەمای ئەو دیدەی موقتەدا سەدر خستیییە روو بەوەی پێكهێنانی حكوومەتی عێراق لە تەوافوقییەوە بۆ زۆرینەی نیشتمانی بگۆڕدرێت.

لای خۆیەوە ساڵح عومەر، مامۆستای زانكۆ نزیك لە پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، دوای راگەیاندنی ئەنجامەكان لەلایەن كۆمسیۆنەوە، بەرژدی دەست بە قۆناغی گفتوگۆی پێكهێنانی حكوومەت دەكەین، چونكە هەموو دیدار و كۆبوونەوەكانی پێشوو، تەنیا بۆ لێكنزیكبوونەوە و گوێگرتن بۆ بۆچوونی یەكتر بووە، بەڵام ئەوجارە گفتوگۆكان راستەقینە دەبن بۆ پێكهێنانی حكوومەت.

ماجد شنگالیش، كاندیدی براوەی پارتی لە تویتێك نووسیویەتی، ئەگەر هات و حكوومەتی نوێ لەسەر بنەمای تەوافوقی پێشوو پێك بێت، چارەنووسی شكست دەبێت، پێویستە هێزە براوەكان حكوومەت بە پێوەر و تایبەتمەندی تەواو جیاواز لە حكوومەتەكانی پێشوو پێك بێنن، كە ئامانجی یەكەم و دوایینی خزمەتكردنی هاووڵاتی بێت، دوور لە دروشم و موزایەدەی گەل لێیان بێزار بووە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل