حکوومەتی هەرێمی کوردستان: بە توندی سەرکۆنەی هێرشی داعش دەکەین بۆ سەر خەڵکی سیڤیل و هێزی پێشمەرگە

:: PM:02:22:03/12/2021 ‌
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگه‌یاندراوێكى له‌ باره‌ی په‌لاماری شه‌وی ڕابردووی چه‌كدارانی داعش بۆ سه‌ر هێزی پێشمه‌رگه‌ و هاووڵاتییانی بناری چیای قه‌ره‌چووغ بڵاو كرده‌وه‌.

ئه‌مڕۆ هه‌ینى سێى كانوونى یه‌كه‌م، دكتۆر جووتیار عادل گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان له‌ ڕاگه‌یاندراوێكدا ڕاى گه‌یاند، "شەوی ڕابردوو تیرۆرستانی داعش هێرشێکی ترسنۆکانەیان بۆ سەر هاووڵاتییانی گوندی خدر جیجەی بناری چیای قەرەچووغ ئەنجام دا، بەداخەوە لەو هێرشەدا چەند هاووڵاتییەکی گوندەکە شەهیدبوون و لە کاتی بەهانەوە چوون و ڕاوەدوونانی تیرۆرستانیش، ژمارەیەک پێشمەرگە شەهید و برینداربوون."

ئاشكراى كردووه‌، "ئێمە بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە ترسنۆکانە دەکەین و سەرەخۆشی لە کەسوکار و بنەماڵەی ئەو خەڵکە سڤیلە و شەهیدە قارەمانانەیش دەکەین و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین".

ئاماژه‌ى داوه‌، "دووپاتی دەکەینەوە کە بۆ ڕێگری کردن لە هێرشە بەردەوامەکانی تیرۆرستانی داعش لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کورستان و پڕکردنەوەی بۆشایی ته‌ناهى لەو ناوچانە، پێویستە حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق هاوئاهەنگی و کاری هاوبەشی زیاتر لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی کوردستان بکات و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش ئامادەیی تەواوی خۆی دەربڕیووە و دەردەبڕێت لەو بوارەدا."

دره‌نگانى شه‌وى ڕابردوو چەکدارانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش پەلاماری گوندی خدرجیجەیاندا، لە ئاکامدا سێ کوڕی موختاری گوند، دوو پێشمەرگە شەهیدبوون و دوو ئافرەتیش برینداربوون، دواتریش بۆمبێکی چێندراو بە ئۆتۆمبێڵێکی هێزی پێشمەرگەدا تەقیوەتەوە و حه‌وت پێشمەرگەى تر به‌ناوه‌كانى /رائید نه‌فی خولە - نەقیب فەخرەدین سەعید - سەنگەر شەریف - کامەران پوشۆ - یاسین محەمەد - نازم ڕەزا - شوکر ئەبو زێد/ شەهیدبوون.


وشە - محەمەد میران