له یارییه‌كانی جامی عێراق بۆ تۆپی پێ، یانه‌ی هه‌ولێر له یاریگه‌ی خۆیدا رووبه‌ڕووی ركابه‌رێكی هه‌ره‌به‌هێز ده‌بێته‌وه، یانه‌ی زاخۆش له ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆیدا ئه‌ركی زۆر قورسه.
هه‌ولێر و شوڕته
ئه‌مڕۆ شه‌موو چواری كانوونی یه‌كه‌م، له یارییه‌كانی قۆناغی 16ی جامی عێراق، یانه‌ی هه‌ولێر له یاریگه‌ی خۆیدا رووبه‌ڕووی یانه‌ی شوڕته ده‌بێته‌وه.
یارییه‌كه سه‌عات 16:15 خولهك ده‌ست پێ ده‌كات و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت زۆر به‌هێز بێت.
یانه‌ی هه‌ولێر هه‌ڵمه‌تێكی میدیایی گه‌وره‌ی ده‌ست پێ كردووه بۆ ئاماده‌بوونی زۆرترین جه‌ماوه‌ر له یاریگه‌دا، بۆ ئه‌مه‌ش خه‌ڵاتی بۆ هانده‌ران دابین كردووه.
یانه‌ی هه‌ولێر ئاست و ئه‌نجامه‌كانی له خولی نایابی عێراق باش نین، بۆیه یاریی ئه‌مڕۆش ئه‌ركێكی قورسی تیپه‌كه‌یه، چونكه شوڕته یه‌كێكه له یانه به‌هێزه‌كانی عێراق و ئێسته‌ش له خولی نایاب له پله‌ی یه‌كه‌مه.
هاوكات ده‌كرێت هه‌ولێر سوود له دابڕانی چه‌ند یاریزانێكی شوڕته وه‌ربگرێت، كه ئێسته له ریزی هه‌ڵبژارده‌ی عێراقن و له جامی عه‌ره‌ب له قه‌ته‌ڕ به‌شدارن، به‌ڵام هه‌ولێریش له یه‌كێك له باشترین یاریزانه‌كانی بێبه‌شه، كه شێركۆی كه‌ریمه و ئه‌ویش له هه‌ڵبژارده‌ی عێراقه.
به پێی راگه‌یاندراوێكی یانه‌ی هه‌ولێریش، ئه‌مڕۆ ژماره‌یه‌كی زۆر له جه‌ماوه‌ری یانه‌ی شوڕته‌ش هاتوونه‌ته هه‌ولێر بۆ هاندانی تیپه‌كه‌یان.
هه‌ولێر و شوڕته له مێژووی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كانیان تا ئێسته 45 یاریی فه‌رمییان به‌یه‌كه‌وه كردووه، كه شوڕته 28 بردنه‌وه‌ی تۆمار كردووه، هه‌ولێر 10، هه‌روه‌ها 7 یارییش به یه‌كسانبوون كۆتایی هاتووه، هه‌روه‌ها دوو یاریی دۆستانه‌شیان كردووه، كه هه‌ردوو یاریی هه‌ولێر براوه بووه.
زاخۆ و نه‌فتی وه‌سه‌ت
یانه‌ی زاخۆ له شاری كه‌ربه‌لا ئه‌مڕۆ ئێواره له سه‌عات 18:30 به‌رانبه‌ر یانه‌ی نه‌فتی وه‌سه‌ت یاریی ده‌كات، كه یه‌كێكه له یانه به‌هێزه‌كانی عێراق و ئێسته له ریزبه‌ندی خولی عێراق له پله‌ی سێیه‌مه.
یانه‌ی زاخۆ دوێنێ ئێواره له یاریگه‌ی كه‌ربه‌لا دوامهشق و ئاماده‌كاریی ئه‌نجام دا و تیپه‌كه بۆ یارییه‌كه ئاماده‌یه.
یانه‌ی زاخۆ تایبه‌تمه‌ندییه‌كی باشی هه‌یه، كه له ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆیدا باش یاریی ده‌كات، بۆیه جه‌ماوه‌ری یانه‌كه چاوه‌ڕێن ئه‌مڕۆ تیپه‌كه‌یان سوپرایزێك بكات و بردنه‌وه تۆمار بكات.
له پاڵه‌وانیه‌تیی جامی عێراقدا، هه‌ر تیپێك به یه‌ك دۆڕاندن ده‌چێته ده‌ره‌وه و براوه‌ش ده‌چێته قۆناغی دواتر.
خشته‌ی یارییه‌كانی ئه‌مڕۆ له قۆناغی 16ی جامی عێراق:
كه‌رخ – دیاله 14:00
نه‌جه‌ف – ئه‌مانه‌ی به‌غدا 14:00
هه‌ولێر – شوڕته 16:15
نه‌فتی وه‌سه‌ت – زاخۆ 18:30.