نووسینی: ماجید نووری
سەتان ساڵە وا نیشتمانم لەگەڵ تۆدا، لە هەقایەتەكانی دڵسۆزیدا دەست لە ملان دەبنەوە، تۆ و نیشتمانم دوو باڵبەستراوی بازێكن، ئەگەر فڕینیشیان لێ قەدەغە كردبن، هەر ئێوە لە بەردەم ستەمدا دانەبەزیون، دڕندەترین دوژمنی مرۆڤایەتی لە ژێر دروشم و ناوی ئاین و لە تەك ئیدیۆلۆجیا ئادەم كوژییەكانەوە، هەمیشە و بەردەوام تیرتان بۆ دەهاوێژن، هەر بۆنی باز و ڕەیحانی بناران بەری نەداویت خاڵۆ..
بازەكەشت بۆنی باوان و باپیرانی بەجەرگی تۆیان لێ خەمڵیوە خاڵۆ..
تۆ هەردوو چنگت پڕ لە پرشنگی ئومێدن.. مەیاننوقێنە..
چاوانی پڕ لە ئەسرینت پڕ لە پەرجوون.. مەیاننوقێنە..
سەرت بەرەو ئاسۆ هەڵبڕە، هەی چاوی چاوانم خاڵۆ گیان..
خاڵۆ تەماشا بكە و...
مانەوەی كەرامەتی نەتەوەكەت لە بەرگی خوێنینی ئەو پێشمەرگانەدا ببینەوە كە لە وەچەی شەونمی پەریزادەكانن.
خاڵۆ تەماشا بكە...
وەك یاقووت و زومرودی سەروەران نیگاكانت دەدرەوشێنەوە.
پرشنگی چاوانت لە پرشنگی خۆر ڕۆشنترن، لە سەدەفی دەریا ڕوونترن..
كاتێك لە ناو گێژەڵووكەی بیابان و بە لمی عەرعەرەوە، چاوی زارۆكانی تۆیان دادەپۆشی، پێڵووەكانی چاوانی ئومێدت نەنوقاند و، لە كەنار ئەستێرەكانەوە وێنەی شەهیدەكانت بە ڕۆحی پەرییەكاندا هەڵدەواسی.
بە پێش بۆرە زەلامە خوێنڕێژە شمشێر بەدەستە شۆڤینیستەكانەوە چاوانت دانەخست خاڵۆ.
نەوەكانی ئەو تیرۆریستە ئەنفالچییانە، بە باڵای بەرزت ناگەن، ئەوان جەنگاوەری جەنگەڵستان بوون و هەر واش دەمێنن، ئەوان لە بنی پێی تۆدا گەردێكی نەگریسی پووچ و هیچن..
ئامان خاڵۆی خاڵان.. لە پاڵ ئەو بەدفەڕانە چاوانت دامەخە، با گوڵاڵەی خەندەی منداڵانمان نەژاكێتەوە..
ئەو گوڵاڵانە چپەچپیانە و هەردەم سەربوردەی ئەو كیژۆڵە سێ ساڵییە بارزانییە قژ خورماییە بۆ خواوەندی ئاسمان دەگێڕنەوە، كاتێك عەفلەقییەكان كەوچكی پڕ لە گڵی شۆفڵیان بەسەردا ڕژاندبوو، لە ناو چاڵە گۆڕێكی بیابانەوە، قاوغە شقارتە بەتاڵەكەی ناو لەپەدەستی بۆ كەوچكی شۆفڵ هەڵبڕیبوو، وایزانیبوو ئەوە یارییەكی منداڵانەیە و گڵی بۆ دەكەنە ناو قاوغە بە تاڵی شقارتەوە، كەچی هەر بەو خەندە پاكەیەوە زیندەبەچاڵیان كردبوو، ئەگەر ئاسمانەكانیش لە گەلاوێژدا ئەو دیمەنە فەرامۆش بكەن، تۆ وەك نەمامی ئومێدی كوردستان، ئەو كیژۆڵە منداڵە لە پاڵ زەنوێرەكانی دەشتی مەخمووردا بچێنەوە، لە ساڵیادی ئەو نەمامە غەمگینەوە، وەك هەور لە گوندی خدرجیجەدا فرمێسك لە چاوانمان دابارێنە، تەرمی هەر سێ كوڕە قارەمانە جوامێرەكانت لە پاڵ گوڵاڵەكان بخەوێنە..
چاوانت دامەخە خاڵۆ تا بە چاوانی خۆت بیبینیت: چۆن ڕۆژانە یەك بە یەكی دڵسۆزانی پێشمەرگە لەم كوردستانە، بۆ كوڕە شەهیدەكانت سەری ڕێز دادەنەوێنن، دەست لە ملانی براكانت دەكەن، خاڵۆ توخوا چاوانت مەنوقێنە..