لە هەفتەیەكدا دوو كچ و كوڕێك لە سلێمانی خۆیان كوشتووە

:: PM:01:56:04/12/2021 ‌
لە ماوەی كەمتر لە هەفتەیەك لە شاری سلێمانی، دوو كچ و كوڕێك خۆیان كوشتووە، حاڵەتەكان جیاواز بوون و هەریەكەیان بە هۆكارێك پەنای بردووەتەبەر خۆكوشتن، بەپێی ئامارەكانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، لە سنوورەكەدا ساڵانە زیاتر لە 40 كەس خۆیان دەكوژن.

سامان نادر بەرپرسی سەنتەری فریاكەوتن لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی، بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمڕۆ شەموو كوڕێكی تەمەن 30 ساڵ، لە یەكێك لە گەڕەكەكانی شاری سلێمانی كۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە و خۆی كوشتووە، ئەو كەسە خێزاندارە و كاسب بووە و شوێنەواری فیشەك بە جەستەیەوە دیارە.

كچێكی تەمەن 17 ساڵ لە ناو پۆل بە دەمانچە فیشەكێكی بە خۆیەوە ناو و خۆی كوشتووە


هەروەها هەفتەی رابردوو لە ناو قوتابخانەیەك لە گەڕەكی ئیبراهیم ئەحمەدی شاری سلێمانی، كچێكی تەمەن 17 ساڵ لە ناو پۆل بە دەمانچە فیشەكێكی بە خۆیەوە ناو و خۆی كوشتووە، لە گەڕەكی كەنەكەوەی سلێمانیش بەهەمانشێوە، كچێكی تەمەن 17 ساڵ بە فیشەك كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ئارش فازڵ پارێزەر و مافناس بە "وشە"ی راگەیاند، لە هەموو وڵاتێك خۆكوشتن هەیە، بەڵام هۆكارەكانی خۆكوشتن جیاوازن، ئەوانەی پەنا دەبەنەبەر خۆكوشتن چ رەگەزی مێ یان نێر، بەهۆی ئەو پاڵەپەستۆیانەن كە لە ئەنجامی شتێكەوە لە ژیان بۆی دروست دەبێت، لەسەر راگەیاندن و رێكخراوەكان و كەسانی شارەزا پێویستە بەردەوام لە رێی كۆنفرانس و كۆڕەوە كار بۆ وشیاركردنەوەی هاووڵاتییان بكەن، راگەیاندنیش بەردەوام بە هێنانە پێشەوەی كەسانی شارەزا ئەو كارە ناشیرین بكەن.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - سلێمان تاشان