یانه‌ی بۆروسیا دۆرتموندی ئه‌ڵمانی شوێنگره‌وه‌یه‌كی بۆ ئێرلینگ هالاندی هێرشبه‌ری تیپه‌كه‌ی دۆزیوه‌ته‌وه، كه پێده‌چێت هاوینی داهاتوو تیپه‌كه جێ بهێڵێت.
هه‌واڵه‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن، مه‌رجی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گرێبه‌ستی هالاندی گۆڵكاری دۆرتموند، 75 ملیۆن یۆرۆیه، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات رۆیشتنی له یانه‌كه ئاسان بێت و چه‌ند یانه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ئه‌وروپا بۆسه‌یان بۆ داناوه‌ته‌وه.
رۆژنامه‌ی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی بڵاوی كردووه‌ته‌وه، دۆرتموند خه‌ریكه به دوای هێرشبه‌رێكی تردا ده‌گه‌ڕێت، بۆ ئه‌مه‌ش سه‌رنجیان خستووه‌ته سه‌ر داروین نۆنێزی هێرشبه‌ری بێفیكای پۆرتوگالی.
هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌كه ده‌ڵێت، ماركۆس بیلاوا، كه یه‌كێك له‌و دێده‌وانانه‌یه یاریزان بۆ دۆرتموند ده‌دۆزێته‌وه، له‌گه‌ڵ بریكاری یاریزانه‌كه‌ی بێنفیكا له رۆژانی رابردوو كۆبووه‌ته‌وه و هه‌وڵ ده‌دات نۆنێز بباته دۆرتموند.
نۆنێزی ئۆرۆگوایی، ته‌مه‌نی 22 ساڵه و ئاستێكی به‌رز له‌گه‌ڵ بێنفیكا پێشكه‌ش ده‌كات، كه له 2020 له یانه‌ی ئه‌لمیریای ئیسپانی به 24 ملیۆن یۆرۆ رووی كرده بێنفیكا.
نۆنێز له‌م وه‌رزه‌دا له سه‌رجه‌م خوله‌كاندا 16 یاریی بۆ یانه پۆرتوگالییه‌كه كردووه، 11 گۆڵی كردووه و 2 ئه‌سیستیشی كردووه.