فەرماندەیەكی پێشمەرگە زانیاری نوێ لەسەر داعش ئاشكرا دەكات

:: PM:09:02:04/12/2021 ‌

چالاكییەكان رێكخراوی داعش، بەتایبەتی لە ناوچە كێشە لەسەرەكان، زیادی كردووە، لە ماوەی رابردوویش چەكدارانی داعش چەند هێرشێكیان كردە سەر پێشمەرگە و ژمارەیەكیان شەهید كردن، فەرماندەیەكی پێشمەرگە ئاماژە دەكات، داعش لە هێرشەكانی پشتی بە گرووپێكی چەكدار بەستووە لە سووریاوە هێنراونەتە ناوچەكە. 

لیوا محەمەد رۆستەم، جێگری میحوەری قەرەتەپەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئاشكرای كرد كە رێكخراوەی داعش پشت بە گرووپێكی چەكداری توندڕۆ بەناوی "جوندوڵا"، دەبەستێت لە هێرشەكانی لە عێراق.
ژمارەیان 200 كەس دەبێ و بەم دواییە بەیعەتیان بە داعش داوە
زیاتر گوتی، توانای داعش زیاد بووە و دەستی بە ئەنجامدانی هێرشی جۆری دوور لە بۆمبی چێنراو و كوشتن و رفاندنی شوان و ئاژەڵدارن بۆ سەلماندنی بوونی كردووە، بۆ ئەم مەبەستەیش گرووپێكی توندڕۆی بەناوی "جوندوڵا"، كە ژمارەیان 200 كەس دەبێ و بەم دواییە بەیعەتیان بە داعش داوە، لە سووریا هێنراونەتە عێراق بۆ ئەنجامدانی هێرش، ئەو زانیاریانەیش لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە بە عێراق دراوە. 

روونی كردەوە، كەسێكی نزیك لە ئەبو بەكر بەغدادی، سەركردەی پێشووی داعش، برایەتی یان ئامۆزای، لە سەر سنوورەكانی سووریا و عێراقە، چەند گۆڕانكارییەكی لە رێكخستنەكانی داعشدا كردووە. 

ئەمڕۆ موزاحم حوێت، گوتەبێژی هۆزە عەرەبەكانی ناوچە كوردستانییەكان رای گەیاند، زیاتر لە 30 سەركردەی داعش لەلایەن پەكەكەوە لە سووریا ئازاد كراون، بەشێكیان روویان لە عێراق كردووە، ئازادكردنی ئەوان بە رێككەوتن كراوە و ئامانج لێی تێكدانی دۆخی ئاسایشی هەرێمی كوردستانە.

زیاتر گوتی، ئەو 30 كەسە لە رۆژئاوای كوردستان ئازاد كراون، بەشێكیان بیانی و بەشێكی تریشیان عێراقین و بە تیرۆریستی مەترسیدار هەژمار دەكرێن، لە سنوورەكانی ئەنبار و مووسڵ هاوكارییان كراوە و گەیشتوونەتە مووسڵ، سەرجەم گیراوانیش لە گرتووخانەی حەسەكە بوون و خەڵكی توونس و مەغریب و عێراق و وڵاتی ترن و ئێستە زۆربەیان لە عێراقن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل