دانیشتووانی گوندی لهێبان: ئێمە كوردین بۆیە عێراق بە هانامانەوە نایەت

:: AM:10:09:05/12/2021 ‌
شەوی ڕابردوو چەكدارانی داعش بەشێوەیەكی فراوان هێرشیان كردە سەر گوندی لهێبانی سنووری سەرگەڕان، بۆ ماوەی چەند سەعاتێك شەڕ بەردەوام بوو و كەس بەهانایانەوە نەچوو و خۆیان بەرگرییان دەكرد.

ئەمڕۆ یەكشەم پێنجی كانوونی یەكەم، عەزیز سوارە دانیشتووانی گوندی لهێبان، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی شەوی رابردوو چەكدارانی داعش هەوڵیان دا گوندەكەمان داگیر بكەن، بەڵام خەڵكی گوندەكە بەرپەرچیان دانەوە و هێرشەكەی داعشیان تێكشكاند.

بنكەیەكی سوپای عێراق تەنیا دوو كیلۆمەتر لێمانەوە دوور بوو، چەندان جار پێوەندیمان پێوەكردن
ئەو هاووڵاتییە گوتی، بنكەیەكی سوپای عێراق تەنیا دوو كیلۆمەتر لێمانەوە دوور بوو، چەندان جار پێوەندیمان پێوەكردن، تا ئێستەیش نەهاتن بەهانامانەوە و خۆمان بەرگریمان كردووە.

بە گوتەی ئەو هاووڵاتییە، ئێستە لە سنووری گوندەكە گەنج و هاووڵاتییان چەكیان هەڵگرتووە بۆ بەرگری لە خاك و دانیشتووانەكەی، تا ئێستە سوپای عێراق بەهانایان نەچووە، چونكە كوردن كەس گوێیان لێ ناگرێ‌.

گوندی لهێبان سەربە شارەدێی سەرگەڕانی پارێزگای كەركووكە، دوای ئازادكردنی عێراق زیاتر لە 60 ماڵ هاتنەوە زێدی باوباپیرانیان، بەڵام بەهۆی گوشارە بەردەوامەكانی چەكدارانی داعش و عەرەبە شۆڤێنییەكان، ئێستە نزیكەی 17 ماڵ ماونەتەوە، خەڵكی گوندەكە داوا دەكەن هێزی پێشمەرگە بێتە سنوورەكەیان و بیانپارێزێت، ئەگەرنا گوندەكە چۆڵ دەكەن.



وشە - رامیار جەواد