ئه‌مه‌ریكا پێنج سه‌ركرده‌ی په‌كه‌كه‌ ده‌خاته‌ لیستی بازرگانانی ماده‌ی هۆشبه‌ر


وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ و گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ بڕیارێكی فه‌رمیدا، پێنج سه‌ركرده‌ی پارتی كرێكارانی كوردستان "په‌كه‌كه‌"ی خسته‌ ناو لیستی ئه‌و 900 ده‌زگه‌ و كۆمپانیا و كه‌سایه‌تییانه‌ی له‌ لیستی ڕه‌شی ئه‌مه‌ریكادان و به‌ "بازرگانی ماده‌ی هۆشبه‌ر" تۆمار كراون.

به‌گوێره‌ی بڕیارێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ و گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكا كه‌ له‌ 20 نیسان/ئه‌پریلی 2011 له‌ پێگه‌ی فه‌رمیی وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكا بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، تێیدا هاتووه‌، "ئاشكرای ده‌كه‌ین كه‌ دامه‌زرێنه‌ری كۆنگره‌ی جڤاكی گه‌ل، جه‌میل بایك و دۆران كاڵكان و سه‌ركرده‌كانی تری كه‌ بریتین له‌ (ڕه‌مزی كارتاڵ، سه‌بری ئۆك و ئاده‌م ئۆزۆن) له‌ لیستی مامه‌ڵه‌كاران به‌ ماده‌ هۆشبه‌ردا داده‌نرێن، به‌گوێره‌ی یاسای پره‌نسیپه‌كانی دانانی كه‌سه‌كان له‌ لیستی بازرگانانی ماده‌ی هۆشبه‌ر، كه‌ یاسایه‌كی كارا و كارپێكراوه‌".

له‌ به‌شێكی تری بڕیاره‌كه‌دا ئه‌وه‌ خراوه‌ته‌ ڕوو كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ له‌ پارتی كرێكارانی كوردستان "په‌كه‌كه‌"دان و ناوه‌كه‌یان بووه‌ به‌ كۆما جڤاكێن كوردستان، سه‌رۆكه‌كه‌ی وه‌ك مامه‌ڵه‌پێكه‌ر و بازرگانیكاری ماده‌ی هۆشبه‌ر له‌ قه‌ڵه‌م ده‌درێ. به‌گوێره‌ی چوارچێوه‌ی یاسایی له‌ یاسای مانگی ئایار/مایۆی 2008ی تایبه‌ت به‌ بنه‌ماكانی دیاریكردنی مامه‌ڵه‌كارانی ماده‌ی هۆشبه‌ر له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، چونكه‌ ئه‌و سه‌ركردانه‌ و كۆنگره‌ی گه‌ل، تۆڕێكی فره‌وانیان له‌ ته‌واوی ئه‌وروپا بڵاو كردووه‌ته‌وه‌، بۆ به‌رهه‌مهێنان و بازرگانیكردن و دزه‌پێكردنی ئه‌فیون و حه‌شیش، ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ كرده‌ تاوانكارییه‌كانی كۆنگره‌ی گه‌ل، كه‌ پاره‌ی بازرگانی به‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان بۆ كڕینی چه‌ك و پێداویستی سه‌ربازی به‌كار دێنێت. 

ئه‌و بڕیاره‌ كه‌ تا ئێسته‌ نه‌كه‌وتووه‌ته‌ میدیاوه‌، له‌ كاتێكدایه‌ "وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، كۆما جڤاكێن كوردستان (په‌كه‌كه‌)ی وه‌ك رێكخراوێكی تیرۆریستی له‌ ساڵی 2001 به‌گوێره‌ی بڕیاری 13224 خستووه‌ته‌ لیستی تیرۆره‌وه‌".

دیڤید كۆهین بریكاری كاروباری تیرۆر و هه‌واگری دارایی له‌ وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكا ئاشكرای كردووه‌، ئێمه‌ له‌ دڵی كۆما جڤاكێن كوردستان و دامه‌زرێنه‌رانی ده‌ده‌ین، سه‌رچاوه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی دارایییان وشك ده‌كه‌ین، تا داهاتیان نه‌بێ بۆ پڕۆژه‌ نایاسایییه‌كان و پشتیوانیی كرده‌كانی تیرۆریستی".

وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكا بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، "جه‌میل بایك یه‌كێك له‌ دامه‌زرێنه‌ران و سه‌ركرده‌یه‌كی سه‌ربازیی باڵای كۆما جڤاكێن كوردستان په‌كه‌كه‌ و دۆران كاڵكان سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی ئه‌و حزبه‌یه‌، ڕه‌مزی كارتال سه‌رۆكی لقی ئه‌وروپای په‌كه‌كه‌ و سه‌بری ئۆك به‌رپرسی دارایی ئه‌وروپا، ئاده‌م ئۆزۆن له‌ باكوری عێراق نوێنه‌رایه‌تی په‌كه‌كه‌ ده‌كات، بۆیه‌ ئه‌و ناوانه‌ و ته‌واوی ئه‌وانه‌ی پێوه‌ندییان له‌گه‌ڵدا هه‌ن، سڕ ده‌كرێن و هه‌ڵده‌په‌سێردرێن و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك مامه‌ڵه‌یه‌كی بازرگانی و دارایییان له‌گه‌ڵدا ناكرێت".

"له‌ ماوه‌ی ساڵی 2000 تا 2011 به‌گوێره‌ی یاسای مامه‌ڵه‌ به‌ ماده‌ی هۆشبه‌ر له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌و وڵاته‌ توانیویانه‌ 900 دامه‌زراوه‌ و كه‌سایه‌تی بخه‌نه‌ لیستی بازرگانیكردن به‌ ماده‌كانی هۆشبه‌ر كه‌ له‌ نێویاندا 87 سه‌ركرده‌ی گرووپ و بانده‌ مافیایییه‌كان هه‌ن". وه‌زاره‌ته‌كه‌ ئه‌مه‌ی راگه‌یاندووه‌.

له‌ بڕیارێكی تری وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ماده‌كانی هۆشبه‌ر له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، چه‌ند بازرگانێكی تر له‌ مۆڵداڤیا و ڕۆمانیا كه‌ خاوه‌نی كۆمپانیان، ناویان خراوه‌ته‌ لیستی بازرگانانی ماده‌ی هۆشبه‌ر دوای ئه‌وه‌ی به‌ نوێنه‌رایه‌تی په‌كه‌كه‌ و بۆ په‌كه‌كه‌ بازرگانییان به‌و مادانه‌وه‌ كردووه‌.

وه‌زاره‌ته‌كه‌ ئاماژه‌ی  داوه‌، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ و نووسینگه‌ی وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ بۆ چاودێریی بیانییه‌كان، ئه‌م كه‌سانه‌ی خواره‌وه‌ ده‌خاته‌ لیستی بازرگانانی ماده‌ی هۆشبه‌ر كه‌ خه‌ڵكی مۆڵداڤیان، (زه‌ینه‌دین گێلێری، چه‌ركیز ئه‌كبولوت به‌ "سێرینت موراد"یش ناسراوه‌، عومه‌ر بۆزته‌په‌) وه‌ك مامه‌ڵه‌كار و بازرگانی ماده‌ی هۆشبه‌ر، ناویان ده‌چێته‌ لیستی SDNTS به‌هۆی كاركردنیان له‌گه‌ل پارتی كرێكارانی كوردستان له‌ بواری هۆشبه‌ره‌كان، هاوكات ده‌سته‌ی چاودێریی بیانییه‌كان عومه‌ر گێلێری و سێ كۆمپانیای تر كه‌ باره‌گایان له‌ ڕۆمانیایه‌ خسته‌ لیستی ڕه‌شه‌وه‌، به‌هۆی كاركردنی له‌گه‌ڵ زه‌ینه‌دین گێلێری، ئه‌مانه‌ش به‌گوێره‌ی یاسای ماده‌ی هۆشبه‌ره‌كان له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا و له‌ به‌رده‌وامی هه‌وڵه‌كان بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌گه‌ڵ پارتی كرێكارانی كوردستان له‌ ئه‌وروپا بازرگانی هۆشبه‌ر ده‌كه‌ن.

ئاده‌م جه‌ی سزوبین به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی چاودێری بیانییه‌كان كه‌ مامه‌ڵه‌ به‌ ماده‌ی هۆشبه‌ر ده‌كه‌ن، له‌ وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكا ئاماژه‌ی داوه‌ "ئه‌و كارانه‌ ئاماژه‌یه‌كی ڕوونن و ڕۆڵی گرنگ ده‌بینن له‌ بازرگانیی نێوده‌وڵه‌تی به‌ ماده‌ی هۆشبه‌ر، بۆ پاره‌داركردنی تیرۆر له‌ ته‌واوی وڵاتانی دنیادا".
ورده‌كاریی زیاتر له‌باره‌ی ئه‌و بازرگانانه‌ی په‌كه‌كه‌وه‌ خراوه‌ته‌ ڕوو و نووسراوه‌، زه‌ینه‌دین گێلێری ئه‌ندامێكی باڵای پارتی كرێكارانی كوردستانه‌ و ئه‌ندامی ڕێكخراوی بازرگانی ماده‌ی هۆشبه‌ره‌، به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی له‌ ڕۆمانیا، به‌هۆی به‌كارهێنانی كۆمپانیاكانی هه‌نارده‌ و هاورده‌كردن كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ناشه‌رعی له‌ ته‌واوی ئه‌وروپا بازرگانی ده‌كه‌ن، هاوكات زه‌ینه‌دین گێلێری پێوه‌ندی به‌ چالاكی په‌كه‌كه‌ چه‌ركیز ئه‌كبولوت هه‌یه‌ كه‌ به‌ناوی "سێرنیت موراد" ناسراوه‌ و ساڵی 2008 بڕی 199 گرام هێرۆینی چه‌ركیز له‌لایه‌ن پۆلیسی مۆڵداڤیا ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرا كه‌ نرخه‌كه‌ی 8.8 ملیۆن دۆلاری ئه‌مه‌ریكایی بووه‌. 

عومه‌ر بۆزته‌په‌ ئه‌ندامێكی تری په‌كه‌كه‌یه‌ و كار بۆ ئه‌و حزبه‌ ده‌كات، ئێسته‌ له‌ ده‌سه‌ڵات و یاساكانی مۆڵداڤیا هه‌ڵاتووه‌، له‌لایه‌ن دادگاوه‌ به‌بێ ئاماده‌بوونی به‌ 12 ساڵ گرتن سزا دراوه‌.


وشە - باز ئه‌حمه‌د


AM:10:04:15/03/2017




ئه‌م بابه‌ته 9261 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌