له چوارچێوه‌ی ئه‌و گرژییانه‌ی له‌ناو یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان دروست بوون، له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه به‌هۆی ئه‌و شه‌ڕ و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وانه‌ی كه له نێوان هێزه‌كانی یه‌كێتی له ناوخۆی خۆیاندا روویان داوه، به ده‌یان كه‌س له هێزه‌كانیان بریندار بوون و له‌ناویاندا ئاسایش و پێشمه‌رگه هه‌بووه و چه‌ند كه‌سێكیش كوژراون.
2021 بۆ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، ساڵێكی پڕ له كێشه و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی چه‌كداری بوو، جارێك له نێوان پێشمه‌رگه‌كانی هێزی ئاڵتوونی شێخ جه‌عفه‌ر و ئاسایش و هێزی كۆماندۆ، جارێك له نێوان هێزه‌كانی ئاڵتوونی و ئاسایش له گه‌ڕه‌كی سه‌رچناری سلێمانی كه له‌سه‌ر كچه‌كه‌ی شێخ جه‌عفه‌ر مسته‌فا بوو، كه له‌لایه‌ن مه‌فره‌زه‌یه‌كی ئاسایش داوا له كچه‌كه‌ی شێخ كرابوو تا پابه‌ندی داواكاری و رێنوێنییه‌كانی ئاسایش بن، به‌ڵام رووبه‌ڕووبوونه‌وه رووی دا و چه‌ند ئاسایشێك بریندار بوون، كۆتا جاریش له نێوان هێزی ئاڵتوونی و هێزێكی تر له نزیك فه‌رمانده‌یی، ئه‌مه‌ش بووه هۆی ئه‌وه‌ی برینداربوون و كوژرانی لێ بكه‌وێته‌وه.
بچنه به‌رده‌م یاسا و داوای قه‌ره‌بووكردنه‌وه و مافی خۆیان بكه‌ن
سه‌ره‌تای مانگی شوباتی ئه‌مساڵ، له بازگه‌ی تاسڵووجه له سلێمانی له نێوان چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌ك له هێزی كۆماندۆ و ئاسایشی بازگه‌كه رووی دا، له ئه‌نجامدا چوار ئاسایش بریندار بوون، دواتر یه‌كێكیان به ناوی شاخه‌وان كه تاقانه‌ی چه‌ند خوشكێك بووه و كوڕی شه‌هید بوو، گیانی له ده‌ست دا، هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه بووه ئاسایشی بازگه‌كه له كاتی لێكۆڵینه‌وه‌ی خۆیاندا، ئه‌ركیان جێبه‌جێ كردووه به‌ڵام هێزه‌كه‌ی كۆماندۆ قبووڵیان نه‌بووه و له ئه‌نجامدا ته‌قه‌یان له ئاسایشه‌كان كرد و ئه‌و رووداوه‌ی لێ كه‌وته‌وه.
هه‌روه‌ها شه‌وی 22ی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵ له گه‌ڕه‌كی سه‌رچناری شاری سلێمانی، دره‌نگانی شه‌و له كاتێكدا مه‌فره‌زه‌یه‌كی ئاسایش به‌مه‌به‌ستی ئارامی و پاراستنی هاووڵاتییان و ئه‌ركی خۆیان بازگه‌یه‌كی كاتی داده‌نێن، له‌وكاته‌دا كچه‌كه‌ی شێخ جه‌عفه‌ر به ئۆتۆمبێله‌وه ده‌دات به ناو بازگه و كارمه‌ندانی بازگه كاتییه‌كه كه ئاسایش بوون، داوای پابه‌ندبوونیان له كچه‌كه‌ی شێخ كردووه، دواتر پێوه‌ندی به‌هێزی كۆماندۆ ده‌كات كه ئه‌وكات له ژێر ده‌سه‌ڵاتی باوكی بووه، هێزه‌كه ده‌گه‌نه شوێنه‌كه و تا به‌ره‌به‌یان ته‌قه‌یه‌كی زۆر له نێوان ئاسایش و هێزی كۆماند روو ده‌دات، له‌و شه‌وه‌دا زیاتر له 10 كه‌س بریندار ده‌بن و یه‌كێكیش گیانی له ده‌ست دا.
هه‌روه‌ها له دوای رووداوه‌كانی هه‌شتی تهمووز كه تێیدا بافڵ تاڵه‌بانی، لاهوور شێخ جه‌نگی هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی له ریزه‌كانی ئه‌و حزبه دوور خسته‌وه، تێیدا ململانێ و كێشه و ئاڵوزی له نێوان بافڵ و لاهوور به‌رده‌وام بوو، تا دواجار له كاتی خۆپێشاندانه‌كان و له 25ی مانگی رابردوو له رانیه، له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكه‌وه ته‌قه له موراد كانی كورده‌یی فه‌رمانده‌ی نزیك له لاهوور جه‌نگی كرا و خۆی و دوو له پاسه‌وانه‌كانی كوژران، كه‌سێكیش له ده‌زگای زانیاری به‌ناوی شامل، كوژراوه و سیانی تریش بریندار بوون.
هه‌روه‌ها شه‌وی 17ی ئه‌م مانگه دوای ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاری له‌لایه‌ن بافڵ تاڵه‌بانی هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی كرا، تێیدا هێزی ئاڵتوونی له ده‌ستی شێخ جه‌عفه‌ر ده‌رهێنرا، شه‌ڕ و پێكدادان له نێوان هێزی ئاڵتوونی كه نۆزان شێخ جه‌عفه‌ر له ناویاندا بووه، له‌گه‌ڵ هێزی كۆماندۆ كه ئاكام عومه‌ر فه‌رمانده‌یی بووه، له ئه‌نجامدا پاسه‌وانێكی شێخ جه‌عفه‌ر به‌ناوی ئاراس، ده‌كوژرێت و چواری تریش بریندار بده‌ن.
بارزان حامد سه‌رۆكی لیژنه‌ی ناوخۆ له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی، به "وشه"ی راگه‌یاند، هۆكاری دروستبوونی ئه‌و كێشانه ئه‌وه‌یه، ئه‌و هێزانه رێكنه‌خراون له چوارچێوه‌ی ده‌زگای فه‌رمی، تا له یه‌ك شوێنه‌وه فه‌رمان وه‌ربگرن و جێبه‌جێی بكه‌ن، هۆكاره‌كه‌ی ئه‌و پهرتهوازهییهیه كه هێزه‌كان له هه‌رێمی كوردستان و به‌تایبه‌ت له سنووری سلێمانی، هه‌ریه‌كه و له ژێر ده‌سه‌ڵات و فه‌رمانده‌ی كه‌سێكه، ئه‌مه‌ش وایكردووه ئه‌و گرژی و رووبه‌ڕووبوونه‌وانه دروست بن.
باسی له‌وه‌ش كرد، پێویسته ئه‌وانه‌ی بوونه‌ته قوربانی له‌و رووبه‌ڕووبوونه‌وانه، بچنه به‌رده‌م یاسا و داوای قه‌ره‌بووكردنه‌وه و مافی خۆیان بكه‌ن و به‌پێی یاسا بجووڵێنه‌وه، ئه‌وانه‌ی بوونه‌ته قوربانی، ئه‌ندامی ئه‌و هێزه چه‌كدارانه بوون و ده‌كرێ هه‌ر له رێی ئه‌وانیشه‌وه مافیان بۆ بگێڕێته‌وه.
پارێزه‌رێكیش ده‌ڵێت، له هه‌رێمی كوردستان یاسا هه‌یه و هه‌ر كه‌س مافی زه‌وت بكرێت و له‌هه‌ر حاڵه‌تێكی له‌و شێوه‌یه كه تووشی رووبه‌ڕووبوونه‌وه و تاوان ده‌بێت و ده‌بێته قوربانی، یاسا بۆی داناوه، ده‌توانێ داوای قه‌ره‌بوو یان مافی خۆی بكات، به‌ڵام ئه‌و كه‌سانه تا چه‌ند به‌رپرسه‌كانیان رێ‌یان پێ ده‌ده‌ن بچنه به‌رده‌م دادگا و زاتی ئه‌وه‌یان هه‌یه ئه‌و كاره بكه‌ن، ئه‌وه جیاوازه، به‌ڵام یاسا هه‌موو مافێك ده‌دات به‌وانه‌ی كه رووبه‌ڕووی هه‌ر كارێك له‌و جۆره ببه‌نه‌وه.