سەفەر هاواری كتێبێك لەبارەی جینۆسایدی كورد بڵاو دەكاتەوە

:: PM:04:46:30/12/2021 ‌

جینۆساید دەستەواژەیەكی هاوەڵی مێژووی كوردە و یەكێك بووە لە سیاسەت و رەفتارە قێزەوەنەكانی دوژمن و نەیارانی كورد، كە هەركاتێك بەرانبەر بە كورد دەستەوەستان مابن، پەنایان بۆ ناوزەدكردنی بە جیاخواز بردووە و هەڵمەتی كۆمەڵكوژیان بۆ رێكخستووە، سەفەر كەریم هاواری، نووسەر توانیویەتی لە كتێبێكی خنجیلانەدا بەشێك لە جینۆسایدەكانی بەسەر كورد هاتووە، بە وردی باسیان بكات.

بەمدواییە كتێبی "جینۆساید لە قەڵادزێوە بۆ شنگال"، لە دووتوێی 150 لاپەڕە، لە نووسینی سەفەر كەریم هاواری، لەلایەن چاپخانەی ئەمازۆنەوە چاپ و بڵاو كرایەوە، نووسەر لەبارەی ناوەڕۆكی كتێبەكەوە بە "شە"ی گوت، كتێبەكە باسی ئەو تاوانانە دەكات كە لەسەر دەستی ناحەز و نەیار و دوژمنانانمان بەرانبەر بە كوردستان بەگشتی و كوردی باشوور بەتایبەتی ئەنجام دراون.
13مین كتێبی چاپكراوی نووسەرە
روونی كردەوە، كتێبەكە تیشك دەخاتە سەر ئەو  تاوانانەی لە ساڵانی 1974ەوە تا 2014 ئەنجام دراون، لە كتێبەكەدا بە وردی باسم لە تاوانەكانی كۆمەڵكوژیی و جینۆساید و ئەنفالی ناوچەكانی قەڵادزێ و هەڵەبجە و بارزان و شنگال كردووە، شێوازی گێڕانەوە و باسكردنی تاوانەكان، تێكستگەلی پەخشان ئامێزن و زۆربەیان وەك فیلمی بەڵگەنامەیی لە ساڵانی پێشوودا نمایش كراون.

دووپاتی كردەوە، كتێبەكە لە دووتوێی 150 لاپەڕەی رەنگاورەنگدایە، لە چاپخانەی ئەمازۆن لەسەر ئەركی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان  لەچاپ دراوە و ئەمە 13مین كتێبی چاپكراومە.

شایەنی باسە سەفەر كەریم هاواری، لە ساڵی 1971 لە دەڤەری  هاواری سەر پارێزگای هەڵەبجە لەدایك بووە، دەرچووی كۆلێجی ئاداب بەشی زمانی كوردییە، ئەندامی لقی هەولێری یەكێتی نووسەرانی كوردە، ئێستە مامۆستایە لە پەیمانگای پەروەردەی وەرزشی هەولێر، خاوەنی 12 كتێبی تری ئەدەبی و مێژوویی و نزیكەی 400 وتار و لێكۆڵینەوەی ترە.

سلێمانی/ ئاسان محەمەد





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل