مادەی هۆشبەر یەكێكی ترە لە تەنگژەكانی عێراق، بووەتە سەرچاوەی دەیان نەهامەتی و كارەسات لەناو كۆمەڵگەی عێراقیدا، بەتایبەتی لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، لە پارێزگای بابل دوای گەمارۆدانی بازرگانێكی مادەی هۆشبەر لە ماڵەكەی، 17 ئەندامی خێزانەكەی و خۆیشی دەكوژێت.
سەرچاوەیەكی تەناهی لەو پارێزگایە لە باشووری بەغدا گوتی، زانیاری گەیشت بە بوونی بازرگانێكی مادەی هۆشبەر لەناو ماڵەكەی لە شارەدێی جەبلە سەر بە شارۆكەی مسەیب لە باكوری بابل، راستەوخۆ هێزێكی پیادە بە جلی مەدەنییەوە روویان لە ماڵەكەی كرد بۆ گرتنی، بەڵام ئەو ناسنامەی ئەوانی بۆ ئاشكرا بوو و تەقەی لێ كردن و سێی لێ بریندار كردن.
مادەی هۆشبەر باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەتەنێت
روونی كردەوە، هێزە پیادەكە كشانەوە و هێزەكانی سوات، واتە هێزە تایبەتەكانی سەر بە وەزارە تی ناوخۆی عێراق بۆ ئەركەكە بانگ كران، بەڵام ئەو بازرگانە رووبەڕووی ئەوانیش بووەوە و تەقەی لێ كردن و رەتی كردەوە خۆی رادەست بكات، بۆیە دوای گەمارۆدانی لەناو ماڵەكەی، 17 ئەندامی خێزانەكەی خۆی بە گولە كوشت و خۆیشی كوشت.
ئێستە مادەی هۆشبەر خەریكە لە كۆنترۆلی حكوومەتی عێراق دەردەچێت، هەر ئەم هەفتەیە محەمەد عەبدولحوسێن، بەڕێوەبەری نووسینگەی كۆمسیۆنی مافی مرۆڤ لە دیوانییە رای گەیاند كە خواردنی مادەی هۆشبەر لە نێوان گەنج و هەرزەكارانی پارێزگاكە زۆر زیادی كردووە، ئەوەیش رەنگدانەوەی مەترسیداری هەبووە و بووەتە هۆی زیادبوونی رێژەی تاوانەكانی دزی و كوشتن و زینای كەسوكار و دەستدرێژی سێكسی و هیتریش.