تیرەیەكی نوێی كۆرۆنا سەری هەڵدا

:: PM:05:21:04/01/2022 ‌

لەوكاتەی هەموو دنیا چاوی لەسەر كاریگەرییەكانی تیرەی ئۆمیكرۆنی ڤایرۆسی كۆرۆنایە، كە لە كۆتای ساڵی رابردوو لە باشووری ئەفریقیا دۆزرایەوە و مەترسییەكی گەورەی لای زانایان دروست كرد، گۆڤارێكی تەندروستی رای گەیاند كە تیرەیەكی تری ڤایرۆسی كۆرۆنا لە شاری مارسیلیا، لە باشووری رۆژهەڵاتی فڕەنسا دۆزراوەتەوە.

گۆڤاری "میدریكسیف"ی زانستی پزیشكی بڵاوی كردەوە كە لە توێژینەوەی زانایان لە پەیمانگەی نەخۆشییە پەتاییەكان لە مارسیلیا، بوونی تیرەیەكی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەركەوتووە، كاتێك 12 كەس لە دانیشتوانی شارەكە پشكنینیان بۆ كراوە و تیرەیەكی نائاساییان لەسەر دەركەوتووە.
دەسەڵاتدارانی فڕەنسا بەفەرمی دۆزینەوەی تیرە نوێیەكەیان رانەگەیاندووە
گۆڤارەكە روونی كردەوە، لە مانگی تشرینی یەكەمی رابردوو ئەو تیرە نوێیە لە كەسێكی گەڕاوە لە كامیرۆن دەركەوت و هێمای (B.1.640.2) هەیە و دوای شیكردنەوەی بۆماوەیی دەركەوت كە 46 بازدانی بۆماوەیی بەسەردا هاتووە، بۆیە جۆری بازدانەكانی بەسەر ڤایرۆسەكە هاتووە ئاماژەن بۆ ئەوەی تیرەیەكی نوێی كۆرۆنا بێت بەناوی (IHU).

گۆڤارەكە ئاماژەی كرد كە تا ئێستە ئەنجامی توێژینەوەكە چاپ نەكراوە و تا ئێستە تاوتوێ دەكرێت، لەوكاتەی تا ئێستە دەسەڵاتدارانی فڕەنسا بەفەرمی دۆزینەوەی تیرە نوێیەكەیان رانەگەیاندووە.    

دووشەمی رابردوو ئۆلیفێ فیران، وەزیری تەندروستی فڕەنسا رای گەیاند كە ئەو تیرەی كۆرۆنا كە ئێستە لە فڕەنسا زۆر بڵاوە ئۆمیكرۆنە و بەمنزیكانە دەبێتە تیرەی زاڵی ڤایرۆسەكە، ئەوە لەو كاتەی ژمارەی تووشبوون بە كۆرۆنا لە فڕەنسا گەیشتووەتە زیاتر لە 10 ملیۆن و 500 هەزار و ژمارەی حاڵەتەكانی مردن لە سەرووی 124 هەزار حاڵەتە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل