لە كوردستان هەر 500 ملیۆن دیناری پڕۆژەی وەبەرهێنان 100 هەلی كار دروست دەبێت

:: PM:03:47:05/01/2022 ‌
بەشار عەلی بەرپرسی پێوەندییەكانی لقی هەولێر یەكێتیی بەڵێندەرانی كوردستان، لە دیمانەیەكی لەگەڵ "وشە" باس لە دۆخی ئابووری هەرێمی كوردستان دەكات كە ئێستە بەڵێندەران بەشێكیان، گەڕاونەتەوە سەر كارەكان و پڕۆژەیان وەرگرتووە. بە گوتەی ئەو، چاوەڕوان دەكرێ‌ بۆ ئەمساڵ بەشێك لە قەرزەكان بدرێتەوە، لەوەشدا بەڵێندەران دەتوانن بگەڕێنەوە سەر كارەكانیان و پڕۆژەكان دەست پێ‌ بكەنەوە، بەمەیش دۆخی ئابووری و هەلی كاری زیاتر فەراهم دەبێت، كە ئێستە لە هەر 500 ملیۆن دیناری پڕۆژەی وەبەرهێنان لە كوردستان، 100 هەلی كار دروست دەبێت.

ئەو پڕۆژانەی ئێستە بەكار خراونەتەوە ئیشی گەورەن، دەتوانن كاریگەرییان لەسەر هەلی كار هەبێت؟
بەشێكی زۆری پڕۆژەكان كە ئێستە دەدرێن بە بەڵێندەران، بریتین لە پڕۆژەی خزمەتگوزاریی ڕۆژانە وەك پڕۆژەی ڕێگەوبانی ناو شارەكان، پڕۆژەی ئاو و پڕۆژەكانی بیرلێدان و گواستنەوە، پڕۆژەی بەردەوامی خزمەتگوزاریی نەخۆشخانەكان و پڕۆژەی دابینكردنی خۆراك بۆ ناوەندە حكوومییەكانی نەخۆشخانە و گرتووخانەكان لەگەڵ گواستنەوە.

پڕۆژە بەردەوامەكان كاریگەرییان هەبووە لەسەر دروستبوونەوەی هەلی كار؟
ئێستە بەردەوام پڕۆژە هەیە، ئەو پڕۆژانە ئێستە گرنگیی خۆیان هەیە، بەڵێندەران دەتوانن بچنە سەر كاری خۆیان و كار بكەن، چونكە بەهۆی تەنگژەی دارایی، لە ڕابردوودا ماوەی حەوت ساڵ كار نەكرا، زۆربەی كۆمپانیاكانی بەڵێندەران تووشی هەرەس بووبوون، ئێستە بەو پڕۆژانە جارێكی تر هەل بۆ وەبەرهێنەران دەڕەخسێت كە بەردەوام بن و بگەڕێنەوە سەر كارەكانیان.

چ جۆرە بەڵێندەرێك گەڕاوەتەوە سەر كار و ژمارەیان چەندە؟
ئەو پڕۆژانە توانیویانە بەشێك لە بەڵێندەران بگەڕێننەوە سەر كار و مۆڵەت نوێ بكەنەوە، لە ڕابردوودا بەڵێندەر هەبوو ماوەی حەوت ساڵ مۆڵەتی نوێ‌ نەكردبووەوە، بەپێی ئەو ژمارەی ئێستە لە لقی هەولێری یەكێتیی بەڵێندەرانی كوردستان بەردەستە، تا ئێستە كۆی گشتیی كۆمپانیاكان، ئەمساڵ 150 كۆمپانیا مۆڵەتیان نوێ‌ كردووەتەوە، لە كۆی هەزار و 500 كۆمپانیا لە یەكێتی بەڵێندەران تۆمار كراوە، ئەوەیش مانای بوونی دەرفەتە.

زۆرجار گلەیی لە وەبەرهێنەران دەكرێ‌ كە پڕۆژەكانیان هەلی كار دروست ناكەن؟
ئێمە دەڵێین هەلی كار بۆ گەنجان دەڕەخسێنن و بەڵێندەرایەتیی داینەمۆی كار و هاتنی پارەیە بۆ بازاڕەكان، چونكە لەكاتی پێدانی پڕۆژەیەك بە بەڵێندەران، ئەوا تەنیا بەڵێندەرەكە سوودمەند نابێت، بەڵكو هەلی كاری زۆریش دەڕەخسێت، هەروەها هیچ بەڵێندەرێك ناتوانێ بە تەنیا كار بكات، بەپێی پڕۆژەكە دەگۆڕێت، ئەو كەسانەشی بەكار دەخرێن، بریتین لە ئەندازیار و پارێزەر و ڕووپێو و كرێكار و .. هتد، زۆر لە خەڵك هەلی كاریان دەست دەكەوێت.

كوردستان ئێستە كۆمەڵێك بەرهەمی ناوخۆی هەیە، بۆچی وەبەرهێنەران نەبوونەتە سەرچاوەی ساغكردنەوەی ئەو بازاڕە؟
ئێمە دەتوانین بازاڕ دروست بكەین بۆ چیمەنتۆفرۆش و شیشفرۆش و گواستنەوە و شوفێر و دروستكردنی پێوەندیی نوێ‌ لە نێوان وڵاتان، ئەوەیش بە بەكارخستنەوەی پڕۆژەكانە، بۆ هەندێك كەلوپەل پێوەندی نوێ‌ لە نێوان وڵاتان دروست دەبێت، ئەمەیش وادەكات بەرهەمی ناوخۆیی لە پڕۆژەكان بەكار بهێنرێ‌، بەتایبەت ئەو بەرهەمانەی كە پێویستی سەرەكین.

پێوەرێك هەیە بۆ ئەوەی بزانرێ‌ پڕۆژەیەكی وەبەرهێنان چەند هەلی كار دەڕەخسێنێت؟
بەپێی ئەو لێكدانەوەیەی كردوومانە، هەر پڕۆژەیەك بە بڕی 500 ملیۆن دینار بخرێتە گەڕ، ئەوا 100 كەسیش هەلی كاریان دەست دەكەوێت، ئەوەیش بەپێی ئەو ئەزموونەی هەمانە و ئێستە كاری پێ‌ دەكرێت لە هەرێمی كوردستان، چونكە ئەو خەڵكەی ئیش دەكەن، زۆربەیان كوردن و لە كۆتاییدا حكوومەت سوودی زۆری پێ دەگات، وەك بیمەكردن و مۆڵەت دەرهێنان و باج و كۆمەڵێك مامەڵەی تر.

ئەو قەرزانەی لای حكوومەت بووە لە دوای ساڵی 2015 چەندە و كاریگەریی چی بووە؟
لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، بەهۆی تەنگژەی داراییەوە زۆرینەی بەڵێندەران لەكار كەوتبوون و پڕۆژەیان نەمابوو، یەك ملیار دۆلار قەرزی بەڵێندەرانیش لای حكوومەت ماوە، ئەوەیش وایكردووە لە ڕابردوودا بەڵێندەران مایەپووچ بن و قەرزێكی زۆریان بكەوێتە سەر، ئێستە بە كارخستنەوەی پڕۆژەی نوێ‌ یان پڕۆژەی كۆن وەك قوتابخانە كە بەشی زۆریان تۆمار كراون، هیوایەك هەیە كە ئەو قەرزانەش وەربگیرێنەوە.

بەڵێندەران تووشی هیچ كێشەیەك بوون لەسەر نەمانی ئەو پارەیە؟
كێشەی كۆمەڵایەتی بەهۆی تەنگژەی ڕابردوو بەرۆكی بەڵێندەرانی گرتبوو، بەڵێندەر هەیە هەڵاتووە، هەیە كەسێكی كوشتووە و هەیە كوژراوە یان خۆی كوشتووە، ئەوەیش بەهۆی ئەو تەنگژە ئابوورییەی تووشی هەرێمی كوردستان بوو، جیاوازیی زۆری ڕووداوە كۆمەڵایەتییان زیاتر لەسەر بەڵێندەران دەركەوت، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لە ڕابردوو لە كاتی تەنگژەدا، كۆمپانیا بیانییەكان هەرێمی كوردستانیان جێهێشت، بەڵام بەڵێندەر خەڵكی ئەو وڵاتەیە جگە لە زیان، هیچ ڕێیەكی تری لە بەردەست نەبوو.

هیوایەك هەیە بۆ وەرگرتنەوەی ئەو یەك ملیار دۆلارە؟
دۆخی ئابووری باش بووە، بەڵێنی ئەوەمان پێ دراوە ئەگەر لەگەڵ بەغدا بگەنە ڕێككەوتن، ئەوا ئاوڕێكمان لێ‌ دەدرێتەوە، ئێستە بەهۆی باشبوونی دۆخی ئابوورییەوە، جارێكی تر حكوومەت هەندێك سێكتەر و پڕۆژە بە بەڵێندەران دەداتەوە، بەتایبەت لە پڕۆژەكانی وەزارەتی شارەوانی، بۆیە ئێستە دۆخەكە باشە، بەڵێندەران دەتوانن داوای قەرزی خۆیان و پڕۆژەی نوێ لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەن.



وشە - رامیار جەواد