سەرەڕای مانەوەی مەترسییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و سەرهەڵدانی تیرەی نوێتر، كەسانێك نایانەوێ خۆیان بكوتن لەدژی ئەو ڤایرۆسە، ئەوەیش لەبەر هۆكاری جیاواز، یەكێكیان كاریگەرییە لابەلاكانی بۆ سەر لەش، بەتایبەتی هۆڕمۆنەكان و تێكدانی كاركردنیان، توێژینەوەیەكی نوێ تیشك دەخاتە سەر كاریگەریی ڤاكسین بۆ سەر سووڕی مانگانە.
توێژینەوەكە كە ئەنجامەكەی لە گۆڤاری "نەخۆشییەكانی ژن و لەدایكبوون"، بڵاو كراوەتەوە، تێبینی زیادبوونی ماوەی سووڕی مانگانەی لای ژنانی ڤاكسینیان وەرگرتووە، بە بەراورد بەوانەی وەریان نەگرتووە دەكات، جیا لەوە دەركەوت ئەو ژنانەی ڤاكسینیان وەرگرتووە، رەنگە سووڕەكەیان رۆژێك دوا بكەوێت.
رەنگە سووڕی مانگانە كەمێك بشێوێت، بەڵام لە رووی پزیشكییەوە زیانی نابێت
توێژەران دەڵێن، دواكەوتنەكە زیاتر لای ئەو ژنانە دیار بوو دوو ژەمی ڤاكسینیان لە ماوەی یەك سووڕی مانگانەدا وەرگرتووە، كاتێك سووڕەكەیان بۆ ماوەی دوو رۆژ دوا كەوت، زانایان تۆماری نزیكەی چوار هەزار ژنیان لە تەمەنی 18 بۆ 45 ساڵی پشكنی، لەوانە 2400یان ڤاكسینیان وەرگرتبوو، 1550یشیان وەریان نەگرتبوو و چاودێری شەش سووڕی مانگانەی هەریەكیان كرا.
توێژەران گوتیان، بە بەراوردكردنی حاڵەتەكان، یەكەم ژەمی ڤاكسین سووڕی مانگانەی بە قەبارەی 0.71 رۆژ زیاد كرد، لەگەڵ وەرگرتنی ژەمی دووەم بۆ 0.91 رۆژ زیادی كرد، كەچی ئەوانەی وەریان نەگرتبوو هیچ گۆڕانكاری بەسەر سووڕی مانگانەیاندا نەهاتبوو، بۆیە توێژەران دەڵێن، كاریگەرییەكان كەمن و لە ماوەی یەك یان دوو مانگ نامێنێت.
هیو تایلۆر، سەرۆكی بەشی منداڵبوون و نەخۆشییەكانی ژنان لە زانكۆی ییلی ئەمەریكی دەڵێت، توێژینەوەكە پاڵپشتی لە قسەی هەندێك لە ژنەكان دەكات بەوەی سووڕی مانگانەیان بە وەرگرتنی ڤاكسین كاریگەر بووە، بەڵام دەمەوێ خەڵك لە قسەی ناڕاست دوور بكەونەوە بەوەی ڤاكسین كاریگەری بۆ سەر وەچەخستنەوە هەیە، رەنگە سووڕی مانگانە كەمێك بۆ ماوەی مانگێك یان دووان بشێوێت، بەڵام لە رووی پزیشكییەوە زیانی نابێت.