بەهۆی دواكەوتنی ئەنجامی هەڵبژاردن و پێكهێنانی حكوومەتی نوێی، عێراق بێ بودجە پێی نایە ناو ساڵی 2022، ئەگەرچی راوێژكارانی دارایی و ئابووری دووپات لەوە دەكەنەوە ئامادەكردنی بودجەی نوێ ئەوەندەی ناوێ و زوو ئامادە دەبێت، تا ئەوكاتیش هاوشێوەی بودجەی پار دەڕوات، پەرلەمانتارێكی عێراق ئاماژە بۆ بژارەكانی بەردەم حكوومەتی عێراق لەو بارەوە دەكات.
هەركاتێك حكوومەت پێك هات، راستەوخۆ دەست بە ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای بودجە دەكرێت
جەمال كۆچەر، پەرلەمانتاری ئێستە و ئەندامی لیژنەی دارایی لە خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق گوتی، حكوومەتی عێراق سەبارەت بە بودجەی 2022 سێ بژارەی لەپێشە، پەسندكردنی بودجەكە پشت بە ماوەی پێكهێنانی حكوومەت دەبەستێت، پێشبینی دەكەین هەركاتێك حكوومەتی نوێ پێك هات، راستەوخۆ دەست بە دانان و پەسندكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2022 دەكرێت.
روونی كردەوە، حكوومەتی سێ بژارەی لەپێشە، یان پشت بەو بودجەیە دەبەستێت كە لەلایەن حكوومەتی پێشوو ئامادە كراوە، كە دەكرێ گۆڕانكاری بەسەردا بكات، دووەم پڕۆژەیاساكە بەتەواوەتی بگۆڕێت، سێیەم لە حاڵەتی دواكەوتنی پێكهێنانی حكوومەت و پەسند نەكردنی بودجە، پشت بە سیستمی 1/12ی بودجەی 2021 بەپێی یاسای بەڕێوەبەردنی دارایی دەبەسترێت.
ئەوە لەوكاتەی پێشتر مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژكاری ئابووری سەرۆك وەزیرانی عێراق رای گەیاندبوو كە پڕۆژە یاسای بودجە یەكەم پڕۆژە دەبێت بخرێتە بەردەم پەرلەمانی نوێ، بەتایبەتی دوای پێكهێنانی لیژنەكان، لەوانە لیژنەی دارایی، ئەوەیش بە مەبەستی پەسندكردنی.