حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ورده‌كاریی دابه‌شكردنی پرۆسه‌ی نه‌وتی ماڵانی راگه‌یاند و تا ئێسته‌یش نزیكه‌ی 63 ملیۆن لیتری دابین كراوه، پرۆسه‌ی دابهشكردنهكهیش له سنووری هه‌رسێ پارێزگای هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك به‌رده‌وامه.
دوێنی د. كه‌مال ئه‌ترووشی وه‌زیری سامانه سروشتییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له شێخان، ماڵ به ماڵ ده‌گه‌ڕا تا بزانێ پرۆسه‌ی دابه‌شكردنی نه‌وت چۆن به‌ڕێوه ده‌چێ و گه‌یشتووه‌ته هه‌موو ماڵێك یا نا.
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ورده‌كارییه‌كه‌ی به‌مشێوه‌یه بڵاو كردووه‌ته‌وه:
پارێزگای هه‌ولێر
پارێزگای هه‌ولێر پێویستیی به (٩٢,٣٤٥,٤٠٠) لیتر هه‌یه، به‌ڵام تا ڕێكه‌وتی ٦ی كانوونی دووه‌می 2022 بڕی (٢٥,٧١٤,٨١٩) لیتر دابین كراوه و له‌و بڕه‌ش (٢٣,٦٩٠,٨٠٠) لیتر به‌سه‌ر ناوچه شاخاوییه‌كانی (چۆمان، ڕواندز، سۆران، مێرگه‌سۆر، شه‌قڵاوه، كۆیه) دابه‌ش كراوه، هه‌روه‌ها بڕی (١,٥٣٤,٦٠٠) لیتر به‌سه‌ر ده‌وروبه‌ر (واته خه‌بات و بنه‌سڵاوه) دابه‌ش كراوه و ( ٦٧,١٢٠,٠٠٠) لیتر ماوه كه پێویسته دابین بكرێت.
پارێزگای سلێمانی و ھه‌ڵه‌بجه
پارێزگای سلێمانی پێویستیی به (٩١,٧٤٩,٠٠٠) لیتر هه‌یه، تا ٦ی كانوونی دووه‌می 2022، بڕی (١٧,١٧٢,٩٨٥) لیتر دابین كراوه و له‌و بڕه‌ش (٨,٠٤٤,٠٠٠) لیتر به‌سه‌ر ناوچه شاخاوییه‌كانی پێنجوێن، قه‌ڵادزێ، هێرۆ، هه‌ڵشۆ، شارباژێڕ، قه‌ره‌داغ و دووكان دابه‌ش كراوه، ( ٦,٨٢٦,٠٠٠) لیتر له سه‌نته‌ری شار دابه‌ش كراوه و (١,٨٥٢,٠٠٠) لیتر له ناوچه شاخاوییه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌ش دابه‌ش كراوه .
پارێزگای دهۆك
بڕی پێویست بۆ پارێزگای دهۆك بریتییه له (٥٣,٨٢٩,٦٠٠) لیتر، تا ٦ی كانوونی دووه‌می 2022، بڕی (١٨,٥٨٥,٠٠٠) لیتر دابین كراوه و له‌و بڕه‌ش (١٣,٣٧٨,٤٠٠) له ناوچه شاخاوییه‌كانی ئامێدی، زاخۆ، ئاكرێ، دهۆك و شێخان دابه‌ش كراوه، له ده‌وروبه‌ریش واته (ئاكرێ، سێمێل، به‌رده‌ڕه‌ش و شێخان) بڕی (٦,٥٥٤,٢٠٠) لیتر دابه‌ش كراوه، هه‌روه‌ها بڕی (٣٥,٤٠٥,٠٠٠) لیتر ماوه دابین بكرێت.
به‌پێی خشته‌ی وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هه‌ر خێزانێك ٢٠٠ لیتری پێ ده‌درێت به نرخی ٥٥ هه‌زار دینار، ئه‌و بڕه نه‌وته‌ش له‌لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه دابین ده‌كرێت و نه‌وته‌كه‌ش له به‌رزترین ئاستی كوالێتیدایه.