سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رای دەگەیەنێت، بڕیارەكەی وەزارەتی ناوخۆ كە بڕیارەكانی پارێزگاری سلێمانی بەوەكالەت بەنایاسایی دادەنێت، یاسایییە، چونكە لەرووی یاسایییەوە دانانی پارێزگاری نوێ/بەوەكالەت پێویستی بە رەزامەندی وەزارەتی ناوخۆ هەیە.
بەپێی بڕیارێكی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیارەكانی پارێزگاری سلێمانی بە وەكالەت كاریان پێ ناكرێت لە ڕووی یاسایییەوە و تا ئێستەش بەپێی یاسا هەر ئاسۆ فەرەیدوون پارێزگاری سلێمانییە.
وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، فەرمانێكی پارێزگای سلێمانی بە ژمارە (9973 لە 29/8/2016) هەڵوەشاندەوە و بە نایاسایی لە قەڵەم دا كە تایبەتە بە دانانی سەرپەرشتیاری ناوەندی هەماهەنگی قەیران لە پارێزگاكانی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین، لە بری ئەوەش كار بە فەرمانی پارێزگای سلێمانی بە ژمارە (1912 لە 11/2/2016) دەكات.
سەباح فەتاح، سەرۆكی لیژنەی یاسا لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، "وەزارەتی ناوخۆ یاسای هەیە و بەپێی یاسا كار دەكات، ئێستە وەزارەتی ناوخۆ، ئاسۆ فەرەیدوون پارێزگاری پێشووی سلێمانی، بە پارێزگار دەزانێت و كار بە بڕیارەكانی پارێزگار بە وەكالەت ناكات".
زیاتر دەڵێ، "سەردار قادر وەكالەتە، لە ڕووی وەزیفییەوە بۆ ئەوەی پۆستەكەی بكرێتە هەمیشەیی، دەبێت بڕیار و رەزامەندی وەزارەتی ناوخۆی بۆ دەربچێت".
سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دووپاتی كردەوە، "لە ڕووی یاسایییەوە پارێزگاری پێشووی سلێمانی دەسەڵاتەكانی خۆی ڕادەستی جێگرەكەی بە ناوی سەردار قادر كرد كە ئێستە بەوەكالەت پارێزگاری سلێمانییە، بەڵام پێویستی بە وەزارەتی ناوخۆ هەیە كە ڕەزامەندی لەسەر نیشان بدات".
لای خۆیەوە سەردار قادر، پارێزگاری سلێمانی بە وەكالەت هەرچەند ئامادە نەبوو قسە لە \بارەی نووسراوەكەی وەزارەتی ناوخۆ بكات، بەڵام بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەو بەڕێككەوتنێكی سیاسیی نێوان یەكێتی و گۆڕان بووەتە پارێزگاری وەكالەت.
مانگی 12ی 2014 یەكێتی و گۆڕان لە ڕیككەوتنێكدا كە لەسەر پۆستەكانی سلێمانی كردبوویان، پۆستی پارێزگاری سلێمانی دوو ساڵ بە دوو ساڵ بۆ هەریەكەیان دیاری كرا بەهۆی ئەوەی هیچیان نەیانتوانی لە هەڵبژاردنەكانی 30ی نیسانی 2014 زۆرترین دەنگی پارێزگاكە بەدەست بهێنن.
بەپێی ڕێككەوتنەكە، 21ی ئابی 2016 یەكێتی و گۆڕان پۆستەكانیان ئاڵوگۆڕ كرد و تێیدا ئاسۆ فەرەیدوون پارێزگاری سلێمانی لە پۆستی پارێزگار دەستی كێشایەوە و سەردار قادر كە پێشتر جێگری پارێزگار بوو، بە وەكالەت كرایە پارێزگار.
وشە/سلێمانی-هۆشیار عەلی
پێداچوونەوە: ر. ف