سەرۆك بارزانی لەگەڵ فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق كۆبووەوە، پەرلەمانتارێكیش ئاشكرای كرد كە سەرۆك بارزانی رێنوێنی كردن بە هەموو توانا و وزەیانەوە لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا كار بۆ مافەكانی گەلی كوردستان و سەرخستنی دۆزی رەوای گەلەكەیان بكەن.
ئەمڕۆ پێنجشەم 13ی كانوونی دووەم یادگار مەحموود، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی گوت، ئەمڕۆ وەك فراكسیۆنی پارتی لە خزمەت سەرۆك بارزانیدا بووین، لە كۆبوونەوەكە سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی لە تەواوی فراكسیۆنەكە كرد و خۆشحاڵی خۆی بۆ دەستبەكاربوونی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق پێشان دا و تیشكی خستە سەر دۆخی ئێستەی عێراق، ئەو هیوای خواست كە حكوومەتێكی دیموكراتی و عێراقێكی سەقامگیر كە كار بە دەستوور بكات، پێك بێت.
هەرگیز نەبنە مایەی ناتەبایی و تێكدانی یەكریزیی گەلی كورد لە بەغدا
ئەو پەرلەمانتارە روونی كردەوە، سەرۆك بارزانی رێنوێنی كردین كە لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا زۆرترین كار بۆ بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان بكەین، چ وەك مافە نەتەوەییەكان یان بودجە و شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان.
یادگار مەحموود گوتیشی، پەیامێكی تری سەرۆك بارزانی بۆ فراكسیۆنی پارتی ئەوە بوو لە ناو پەرلەمانی عێراق نەبینە لایەنگری هیچ حیزب و كەس و پێكهاتەیەك، بەڵكو زیاتر لەو لایەنانەوە نزیك ببینەوە كە لەگەڵ مافەكانی خەڵكی كوردستانن و هەرگیز نەبینە مایەی ناتەبایی و تێكدانی یەكریزیی گەلی كورد لە بەغدا و نوێنەری راستەقینەی كورد و دۆزی رەوای گەلەكەمان بین.
شارەزوور/ ئاسان محەمەد