زۆربه‌مان خوێندوومانه‌ته‌وه یان بیستوومانه، كه ژیان له‌و چركه‌ساته‌ی ئێسته تێیداین، هۆكارێكه بۆ ئه‌وه‌ی شاد بین و چێژ له كاته‌كانمان وه‌ربگرین و توانا و سه‌رنجی خۆمان له‌سه‌ر ئه‌و ساته كۆ بكه‌ینه‌وه كه تێیداین، به‌ڵام له‌گه‌ڵ زانینی ئه‌و ڕاستییه‌یش زۆر ده‌گمه‌نن ئه‌وانه‌ی ده‌توانن له‌و چركه‌ساته بژین كه ئێسته تێیدان، بیر له ڕابردوو و داهاتوو به هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌كه‌نه‌وه و هه‌موو مێشك و ده‌روون و دڵی خۆیان له‌و دۆخه‌دا بن كه ئێسته تێیداین، به دیوێكی تر بۆچی مرۆڤ ناتوانێ ده‌سبه‌رداری ڕابردوو و داهاتوو ببێت، له كاتێكدا هه‌ردووكیان گه‌وره‌ترین زیان به مرۆڤ ده‌گه‌یه‌نن.
كاتێك
مرۆڤ هه‌میشه بیر له ڕابردوو بكاته‌وه، چركه‌ساتی ئێسته‌ی له ده‌ست ده‌دات، نه ده‌توانێ شتێكی نوێ فێر ببێ، نه هه‌نگاوێكیش به‌ره‌و پێشه‌وه ده‌چێ، بۆ ئه‌وه‌ی ژیانی خۆی باشتر بكات، به‌ڵكوو له نێو ڕووداوه‌كانی ڕابردوو ڕاده‌مێنێت و كات و ته‌مه‌نیشی به به‌رده‌وامی لێ ده‌ڕوات و به‌ره‌و كه‌مبوونه‌ته‌وه ده‌چێت، به پێچه‌وانه‌یش كاتێك هه‌میشه بیر له داهاتوو بكه‌ینه‌وه، ده‌بین به كه‌سێكی ته‌واو خه‌یاڵی و ناتوانین به واقیعی ژیان ببینین، ده‌مانه‌وێ پله‌یه‌كی زانستی به‌ده‌ستبهێنین، یان ببین به بازرگان و سه‌رمایه‌دار، یانیش له بواره‌كه‌ی خۆمان زۆر به‌ره‌و پێشه‌وه بچین، به‌ڵام هه‌ر بیری لێ ده‌كه‌ینه‌وه و چركه‌ساتی ئێسته له ده‌ست ده‌ده‌ین، له كاتێكدا بۆ گه‌یشتن به هه‌ر یه‌كێك له‌و ئامانجانه پێویستمان به‌وه‌یه یه‌كه‌م هه‌نگاو ده‌ست پێ بكه‌ین و له‌سه‌ری به‌رده‌وام بین، تا پێی بگه‌ین. نه‌ك هه‌ر بیری لێ بكه‌ینه‌وه، هیچ كار و كۆششێك بۆ هێنانه‌دی نه‌كه‌ین.
زانایان و پسپۆرانی كۆمه‌ڵناسی و ده‌روونناسی دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه كاتێك مرۆڤ له چركه‌ساتی ئێسته بژی و ڕابردوو و داهاتوو بخاته لاوه، ئه‌وا كه‌سێكی ته‌واو به ئاگا و هۆشیاره، بۆیه پێناسه‌ی به‌ئاگایی و هۆشیاریش له‌لایه‌ن زانایانه‌وه پێوه‌ستكراوه به‌وه‌ی كه كاتێك مرۆڤ له‌و ساته بژی كه تێیدایه، ئه‌وا كه‌سێكی ته‌واو هۆشیاره و ده‌زانێ كێیه و بۆ كوێ ده‌ڕوا و چی ده‌كات و چی ده‌وێت. به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه ئه‌و پرسیارانه بێ وه‌ڵام ده‌مێننه‌وه، بۆیه كه‌سێكه بێ ئاگا و ناهۆشیار ده‌بێ له‌وه‌ی چی ده‌گوزه‌رێ و به‌سه‌ر ژیانیدا دێت.
یه‌كێك له گرنگترین هۆكاره‌كانی نه‌توانینی ژیان له ساتی ئێسته، پێوه‌سته به گه‌شه‌ی مێشكی مرۆڤ و مامه‌ڵه‌ی كۆمه‌ڵگه و تاكه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كتره‌وه، مرۆڤ هه‌رچه‌ند هه‌وڵبدات كه له ئێسته بژی، به‌ڵام كاتێك كه دۆستێكی ده‌بینیت و باسی سه‌رده‌می منداڵی و قوتابخانه و گه‌شته‌كانی خۆی له سه‌رده‌می زوو بكات، ئه‌وا دۆسته‌كه وای لێ ده‌كات، كه ئه‌ویش هه‌نگاو به‌ره‌و ڕابردوو بنێت و ئێسته له ده‌ست بدات، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی دانیشتن و گفتوگۆكان له‌لایه‌ن زۆربه‌ی خه‌ڵكی له‌وه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ، كه چیمان كرد یان به نیازین چی بكه‌ین، له كاتێكدا پێویسته بگوترێ ئێسته چی ده‌كه‌ی، یان حاڵی ئێسته‌ت چۆنه، ئه‌مه یارمه‌تیده‌ر ده‌بێ، كه كه‌سه‌كه بیر له ئێسته‌ی خۆی بكاته‌وه، ئه‌گه‌ر له دۆخێكی خراپی ئابووری و كار و ژیان بێ، زۆرجار ئه‌مه ده‌بێته هانده‌ر تا جارێكی تر بیر بكاته‌وه و ژیانی خۆی بگۆڕێ و هه‌نگاوی ڕژدتر بهاوێژێت.
لایه‌نێكی تر پێوه‌سته به كێشه سۆزدارییهكانهوه، كه وامان لێ ده‌كه‌ن ئاگه‌داری ئێسته‌ی خۆمان نه‌بین و به‌رده‌وام له گێژاوێكی بیركردنه‌وه و ڕانان و خه‌یاڵدا بژین، پاسه‌دانی هه‌ڵوێست و هه‌نگاوه‌كانی ڕابردوو و ئێسته‌مان بكه‌ین، تا بگه‌ین به ده‌رئه‌نجامێك بۆ ئه‌و حاڵه‌ته‌ی ئێسته تووشی هاتووین، له كاتێكدا به هیچ شێوه‌یه‌كیش ناگه‌ین به ده‌رئه‌نجام، بۆیه هه‌موو چركهساتهكانمان له كیس ده‌چێ و به‌ده‌ستی خاڵی به‌رده‌وام ده‌بین. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یش هه‌موو هه‌نگاوه‌كانی مرۆڤ به‌شێكی پێوه‌سته به لایه‌نی سۆزدارییه‌وه، له بڕیاردان و مانه‌وه و ڕۆیشتن و جێگیر بوون و گفتوگۆكردن، له كاتێكدا ئه‌گه‌ر سۆز بخه‌ینه لاوه و به مێشك بڕیار بده‌ین، ده‌زانین كه چی به‌سووده بۆ خودی خۆمان ئه‌و هه‌نگاوه بگرینه‌به‌ر.
له ڕاستیدا ئه‌و كه‌سانه‌ی گۆشه‌گیرن و هه‌میشه حه‌ز به ته‌نیایی ده‌كه‌ن، به مه‌رجێك بێ هۆكار بێ و له بنه‌ڕه‌ته‌وه بێت، ئه‌وا هۆی سه‌ره‌كی ته‌نیایی و گۆشه‌گیریان بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه له ئێسته ده‌ژین و ناتوانن له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تر له پێوه‌ندیدا بن، چونكه هه‌موو ئه‌وانی تر گفتوگۆ و هه‌نگاو و بۆچوون و بڕیاریان پێوه‌سته به ڕابردوو و داهاتووه‌وه، له ئێسته ناژین، ئه‌مه‌یش كه‌سانێك كه له چركه‌ساتی ئێسته بژین، بێ تاقه‌ت و بێزار ده‌كات، بۆیه مانه‌وه‌یان به ته‌نیایی باشتره له‌وه‌ی گوێ له‌و هه‌موو بۆچوون و قسه‌یه بگرن كه پێوه‌سته به ڕابردوو و داهاتووه، هه‌ریه‌ك له ڕابردوو و داهاتوویش هیچ سوودێكیان بۆ چركه‌ساتی ئێسته نییه.