ئەمڕۆ عەلوەیەك لە سلێمانی دەكرێتەوە بە كۆمەڵێك كێشەوە

:: AM:09:38:15/01/2022 ‌
پڕۆژەی عەلوەی رۆژئاوای شاری سلێمانی كە دەكەوێتە ناوچەی تاسڵووجە، بڕیارە ئەمڕۆ بكرێتەوە، ئەو عەلوەیە لە تەنیشت كارگەی چیمەنتۆی تاسڵووجە هەڵكەوتووە، لە سەرەتای دەستبەكاربوونی پڕۆژەكە هیچ مۆڵەتێكی نەبوو، بەشێوەی نایاسایی دەست بە دروستكردنی كرا.

رەمەزان نامیق سەرۆكی لیژنەی پڕۆژەكان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، بە "وشە"ی راگەیاند، پڕۆژەی عەلوەی سلێمانی هەر لە سەرەتای دروستبوونیەوە تا تەواوبوونی، مۆڵەتی پڕۆژەی نەبووە و بگرە لایەنە پێوەندیدارەكانی وەك تەندروستیش، رەزامەند نەبوون لەسەر دروستكردنی، چونكە شوێنەكەی نەشیاو و گونجاو نەبووە، بەڵام كە تەواو بووە ئەوجا مۆڵەتی وەرگرتووە، داواكاری گشتیمان لەو پڕۆژەیە ئاگادار كردەوە كە نایاساییە و نابێ بەو جۆرە دروست بكرێت.

زیاتر گوتی، بەپێی یاسایی وەربەرهێنان هەر پڕۆژەیەك كاتێك دروست دەكرێت، پێش دەستپێكردن بە كاركردن لە پڕۆژەكە، دەبێت مۆڵەتی هەبێت، بەڵام ئەم پڕۆژەیە كە تەواو بوو ئەوجا مۆڵەتی وەرگرتووە، پڕۆژەكە نایاساییە بەپێی یاسای وەبەرهێنانی ژمارە 4ی ساڵی 2006، نووسراوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی سلێمانیمان لایە، باسی لەوە كردووە ئەو پڕۆژەیە بەبێ مۆڵەت دەستی بەكاركردن كردووە و كارەكانی نایاسایین، باشترین چارەسەر ئەوەیە مۆڵەتی پێ نەدرێت و كارەكەی لێ وەربگیرێتەوە، ئەمە قسەی وەبەرهێنانی شارەكەیە.

لەلایەك نەبوونی مۆڵەت لە كاتی دروستكردنی پڕۆژەكە و لەلایەكی تریشەوە نایاساییبوونی پڕۆژەكە بەهۆی ئەوەی لە شوێنێكی گونجاو نەبووە، سەرەڕای ئەوەش لە یەكەم هەنگاویدا بڕیار دراوە 3%ـی عموولە لە بەرهەمی ناوخۆی جووتیاران وەربگرێت.

كاسترۆ مەعرووف سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، بە "وشە"ی راگەیاند، وەرگرتنی عموولە لە بەرهەمی ناوخۆی جووتیاران كارێكی نایاساییە، بەپێی نووسراوی كشتوكاڵیش وەرگرتنی ئەو پارەیە رێپێدراو نییە، چونكە بەرهەمی ناوخۆ هەمیشە پێشەنگە و نابێ شتێك بكرێت بارگرانی بۆ جووتیار دروست بكات، بەپێچەوانەوە دەبێت عموولە و پارە لە بەرهەمی دەرەوە وەربگیرێت.

زیاتر گوتی، وەرگرتنی عموولە لە رابردوودا لە عەلوەی هوانە هەبوو، بەڵام توانرا كۆتایی بەو كارە بهێنرێت، چونكە بارگرانی لەسەر جووتیار دروست دەكات، لە كاتێكدا جووتیار خەرجییەكی زۆر دەكات و ماندووبوونێكی زۆر دەبینێت تا بەرهەم دەخاتە بازاڕەوە، كاری ئەو پڕۆژەیە نایاساییە لە وەرگرتنی پارە لە بەرهەمی ناوخۆ و پێویستە هەرچی زووە كۆتایی پێ بهێنرێت.

بڕیارە ئەمڕۆ ئەو عەلوەیە بكرێتەوە، بەڵام تا ئێستە دیار نییە دوای وەرگرتنی مۆڵەت، ئێستە 3%ـی پارەی عموولە بەردەوام دەبێت یان پابەندی بڕیاری وەزارەتی كشتوكاڵ دەبێت و ئەو بڕە پارەیە وەرناگرێت.



وشە - رامیار جەواد