كاتێك مەسەلەكە دێتە سەر بواری جوانكاری و پێست هەمیشە هەوڵ دەدەین تا باشترین ڕێگە بدۆزینەوە بۆ ڕزگاربوون لە هەموو كێشەكانی پێست و زیاتر گەشانەوە و بریسكانەوەی پێست، سەرەڕای ئەوەی زۆرجار دۆزینەوەی چارەسەر زەحمەتە، كاتێك خاوەن پێستێكی هەستیار بیت. پێستی چەور یەكێكە لە پێستە هەستیارەكان كە كونیلەكانی بە شێوەیەكی ڕوون دەبینرێت و بە ناچالاك دادەنرێت.
زۆركەس كە تووشی ئەم گرفتەی پێست دەبن زۆر جار لە لایەن پزیشكەوە چارەسەریان بۆ دادەنرێ، ئەویش بە بەكارهێنانی لێزەر بۆ داخستنی ئەو كونیلانەی لەسەر ڕووی پێست دروست دەبن، بەڵام ئەم ڕێگەیە بڕێكی زۆر خەرجی دەوێت و ڕێگەی بەكارهێنانی زەحمەتە، لەگەڵ ئەوەش دا زۆر چارەسەری سروشتی هەیە كە كاریگەرن بۆ كەمكردنەوەی كونیلەكانی پێست تەنیا پێویستمان بە سێ پێكهاتە دەبێت كە لە هەموو ماڵێك دەست دەكەوێت.
یەكەم: ئاو و سۆدە، بە تێكەڵكردنی دوو كەوچك سۆدە لەگەڵ دوو كەوچك ئاو پاشان تێكی دەدەین، تا بە باشی تێكەڵی یەكتر ببن، دواتر ئاوێتەكە دەدرێت لە پێست و بۆ ماوەی 15 خولەك وازی لێ دەهێنین و دواتر بە ئاو دەیشۆین.
دووەم: تەماتە و ئاوی لیمۆی سەوز، تێكەڵ كردنی دوو كەوچك لە ئاوی تەماتە لەگەڵ دوو تا چوار دڵۆپ لە ئاوی لیمۆی سەوز پاشان ئاوێتەكە دەدرێت لە پێست و بۆ ماوەی 15 خولەك وازی لێ دەهێنین و دواتر بەئاوی سارد دەیشۆین. ئەو مادە ترشەی كە لە لیمۆكەدا هەیە یارمەتی توانەوەی چەوری پێست دەدەن و تەماتەكەش دەبێتە هۆی توند كردنەوەی پێست و گرژبوونی كونیلەكانی پێست و داخستنیان.
سێیەم: لیمۆ و شەربەتی ئەنەناس، نیو لیمۆ لەگەڵ نیو كووپ ئاوی ئەنەناس بە باشی تێكەڵ بكەن و بیشڵەقێنن، پاشان بە پارچەیەك لۆكەی پاك ئاوێتەكە دەدەین لە ڕووخسارمان و بەجێی دەهێلێن بۆ نزیكەی پێنج خولەك و پاشان بە ئاوی سارد دەیشۆین. ئەنەناس بڕێكی زۆر ئەنزیمی تێدایە كە پێست پاك و توند دەكاتەوە بە تێكەڵكردنی لەگەڵ ئاوی لیمۆ یارمەتی دەردانی چەوری سروشتی دەدات.
چوارەم: خەیار و لیمۆ لەگەڵ ئاوی گوڵ، یەك خەیار ئەهێنین و توێكڵەكەی لێ دەكەینەوە پاشان بە تەواوی وردی دەكەین تا وەكو گیراوەیەكی لێ دێت دواتر كەوچكێكی چا گوڵاوی بۆ زیاد دەكەین و لەگەڵ چەند دڵۆپێك لە ئاوی لیمۆ . هەموو پێكهاتەكان بە باشی تێكەڵ دەكەین و پاشان بە پارچە پەمۆیەكی پاك دەدرێت لە پێست و تا بە تەواوی ڕووی پێست دادەپۆشێت و وازی لێ دێنین بۆ چەند خولەكێك و دواتر بەئاوی سارد دەیشۆین.
پێنجەم: سپێنەی هێلكە لەگەڵ ئاوی لیمۆ، ئەمە ئاسانترین ڕێگەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی پێست كە بە ئاسانی لە ماڵەوە ئامادە دەكرێت، تەنیا پێویست بە دوو سپێنەی هێلكە دەبێت لەگەڵ چەند دڵۆپێك لە ئاوی لیمۆ، پێكهاتەكە بە باشی تێكەڵ دەكەین و دەدرێت لە پێست و پاشان بۆ ماوەی دوو خولەك وازی لێ دەهێنین و دواتر بەئاوی سارد دەیشۆین.ئەم چارەسەرە زۆر نایابە بۆ لابردنی خانە مردووەكانی پێست و پێست توند دەكات.
شەشەم: بادەم و لیمۆی سەوز، چەند دەنكێك لە بادەم لە نێو جامێك ئاو نقووم دبكەن و بەجێی بهێڵن شەو تا بەیانی، بۆ ئەوەی برێكی زۆر ئاو هەڵمژێت. بەیانی بادەمەكان ورد ورد دەكەین و تا وەكو هەویرێكی لێ دێت و دواتر كەوچكێكی چا لە ئاوی لیمۆی سەوزی بۆ زیاد دەكەین و پاشان دەدرێت لە پێست و بۆ ماوەی 30 خولەك وازی لێ دەهێنین و دواتر بە ئاوی سارد پێستمان دەشۆین.