ئۆتۆمبێل لە سەرۆكی كۆمەڵەیەك دەدات و جێی دەهێڵێت

:: AM:11:44:15/01/2022 ‌
ئۆتۆمبێلەكە دوای لێدان لە سەرۆكی كۆمەڵەی ژین كە لەسەر عەرەبانەی كەمئەندامان بووە، هەڵاتووە و بە برینداری بەجێی هێشتووە.

ئەمڕۆ شەموو 15تی كانوونی دووەم، مەسعوود ئەنوەر سەرۆكی كۆمەڵەی ژین، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئۆتۆمبێلێك دوای لێدانم لەسەر عەرەبانەكەم، هەڵاتووە و بە برینداری بەجێی هێشتم.

زیاتر گوتی، داوا لە وەزارەتی ناوخۆ و هێزەكانی ئاسایش دەكەم بە زووترین كات ئەو كەسەی بە ئۆتۆمبێل لێی دام، بیگرن و بە سزای یاسایی بگەیەنن.

ئەو ڕووداوە لە ڕۆژی چوارشەم لەسەر شەقامی 100 مەتری ڕووی داوە، تا ئێستە خاوەن ئۆتۆمبێلەكە نەگیراوە، كە ئەو كەمئەندامەی بە برینداری لەسەر شەقام جێهێشتووە و زیانێكی زۆر بەر سەری گەیشتووە.

كۆمەڵەی ژینی كوردستان بارەگای سەرەكی لە هەولێرە، كارەكانیان تایبەتە بە كەمئەندامانی دەست و پێ  و خزمەتگوزاری پێشكەشی كەمئەندامان دەكەن، لە ڕابردووشدا بۆ داواكاری كەمئەندامان، بەدەیان گردبوونەوە و داواكارییان پێشكەشی لایەنی پێوەندیدار كردووە.



وشە - رامیار جەواد