بەڕێوەبەری گشتیی بودجە لە وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕای دەگەیەنێت، هەرێمی كوردستان بودجەیەكی خراپی هەبێت، باشترە لەوەی هەر بودجەی نەبێت.
ئەمڕۆ شەموو 15ـی كانوونی دووەم، پەروین محەمەد نووری بەڕێوەبەری گشتیی بودجە لە وەزارەتی دارایی، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، تا ئێستە ڕوون نییە ئایا حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان، بەردەوام دەبن لەسەر ئەو ڕێككەوتنەی ساڵی ڕابردوو كراوە یان نا، لەبەرئەوە نەمانتوانیوە بودجەی ساڵی 2022 ئامادە بكەین.
زیاتر گوتی، ئێمە كەمتەرخەم نەبووین لە ئامادەكاری بودجە و هاوئاهەنگ بووین لەگەڵ وەزارەتی پلاندانان، بۆ ئەوەی بودجەی تەشغیلی و بودجەی وەبەرهێنان، هەردووكیان هاوتەریب لەگەڵ یەكتر بنێرینە ئەنجوومەنی وەزیران.
باسی لەوەش كرد، بۆ ساڵی 2021 لە مانگی پێنجدا بودجەمان نارد بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، لەبەرئەوەی هەر هاوشێوەی ئەمساڵ داهاتەكانمان زۆر درەنگ بە دەست گەیشت، لەكاتی خۆیدا بینێرین و هۆكارەكان وەزارەتی دارایی نەبوو، بەڵكو نەناردنی داهاتەكان بوو بۆ وەزارەتی.
پەروین ئەوەشی ئاشكرا كرد، هەرێمی كوردستان بودجەیەكی خراپی هەبێت، باشترە لەوەی هەر بودجەی نەبێت، هەروەها سەرۆكی حكوومەت فەرمانی كردووە هەموو داهاتەكان بێتەوە وەزارەتی دارایی.
بەهۆی تەنگژەی دارایی لە هەرێمی كوردستاندا، لە ساڵی 2014 تا ئێستە هەرێمی كوردستان بودجەی نەبووە.