فه‌رمانده‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی شنگال ئاشكرای كرد، حكوومه‌تی عێراق هه‌ستی به‌مه‌ترسی په‌كه‌كه كردووه كه شنگالیان ته‌واو داگیر كردووه، بۆیه هێزێكی زۆریان به‌چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییه‌وه له به‌غداوه ره‌وانه كردووه و له حاڵه‌تی ئاماده‌باشیدان.
ئه‌مڕۆ شه‌موو 15ی كانوونی دووه‌م، قاسم شه‌شۆ فه‌رمانده‌ی ھێزی پێشمه‌رگه‌ی شنگال، بۆ "وشه" گوتی، دوای ئه‌وه‌ی په‌كه‌كه ھه‌موو سنوورێكی به‌زاند و ھه‌ستان به دانانی په‌یكه‌ری كوژراوێكیان به‌ھۆی بۆردمانی فڕۆكه‌كانی توركیا، ھێزێك له به‌غداوه ھات و په‌یكه‌ره‌كه‌ی لادا.
روونیشی كرده‌وه كه هێزێكی یه‌كجار زۆریان ھێناوه كه له ژماره نایه، له شنگال تا سنوون بڵاوه‌یان پێ كردووه و جێگیر كراون، چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی زۆریان پێیه و له حاڵه‌تی ئاماده‌باشیدان.
وه‌ك شه‌شۆ گوتی، له یه‌كه‌م ھه‌نگاویش ئه‌و ھێزه كه راسته‌وخۆ له به‌غداوه ھاتووه، رێ ناده‌ن په‌كه‌كه به‌ئۆتۆمبێلی خۆیان ھاتوچۆ بكه‌ن و ھاتوچۆی ئه‌وانیان ڕاگرتووه، مه‌ترسی ھه‌یه كه ھێرشی سه‌ر په‌كه‌كه بكه‌ن و له شار ده‌ریان بكه‌ن.
ئه‌و به‌پێویستی زانی حكوومه‌تی عێراق ئه‌مجاره ئه‌و پرسه یه‌كلا بكاته‌وه، چیتر رێ نه‌دات په‌كه‌كه له شنگال بمێنێته‌وه.
ئه‌وه له كاتێكدایه كه به‌پێی رێككه‌وتنی شنگال كه له نێوان حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی عێراق هه‌یه، نابێ هیچ هێزێكی ده‌ره‌وه‌ی عێراق له شنگال بمێنێته‌وه.
شنگال/ بڵند ئیبراھیم