"بەرەو ئامانج"ی ناسیح غەفوور بڵاو كرایەوە‎‎

:: PM:08:40:15/01/2022 ‌

ئەمڕۆ شەموو كۆمەڵە شیعری "بەرەو ئامانج"ی شاعیر ناسيح غەفوور رەمەزان لە دووتوێی 216 لاپەڕە لە چاپخانەی رۆكسانا چاپ و بڵاو كرایەوە.

لەوبارەوە د. ناسيح غەفوور رەمەزان بە "وشە"ی گوت، كۆمەڵە شیعری "بەرەو ئامانج"، لە زیاتر لە 200 هەڵبەست پێك هاتووە و زادەی هەست و هەڵوێست و بۆچوون و تێروانین و ویجدان و بیروباوەڕی خۆمە.
ژیان و خەباتی تێكەڵ بە پێشنیاز و بۆچوون و هۆنراوەی ئەڤینی كردووە
لەبارەی ناوەڕۆكی هەڵبەستەكانی كە لەو كتێبە شیعرییەدا كۆی كردوونەتەوە، روونی كردەوە، ناوەڕۆكی هەڵبەستەكان لەسەر ژیانم  بەگشتی و خەبات لەپێناو كورد و كوردستان و رێَبازی بارزانی نەمر و رابەر و سەركردەكانی تری كوردستانە.

"بەشێكی تری دەردەدڵ و گلەیی و پێشنیاز و بۆچوونمە و بەشێكیشی هۆنراوەی ئەڤینی و دڵدارییە، هیوادارم هەموو كوردێك خوێنەری بێت، ئەو كتێبەیش لە دووتوێی 216 لاپەڕەدا لە چاپخانەی رۆكسانا چاپ و بڵاو بووەتەوە"، د. ناسيح غەفوور وای گوت.

شایەنی باسە د. ناسيح غەفوور لە ساڵی 1948 لە كەركووك لەدایك بووە، لە ساڵی 1970 بە مەبەستی خوێندن چووەتە یەكێتی سۆڤیەت و ماستەری لە كێشەی كورد وەرگرتووە، دواتر دكتۆرای لەو وڵاتە لە پێوەندی نێودەوڵەتیدا تەواو كردووە، ئەندامی خولەكانی یەكەم و دووەمی پەرلەمانی كوردستان بووە و یەكەم وەزیری پەروەردە بووە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و خاوەنی مەدالیای بارزانییە.

شارەزوور/ ئاسان محەمەد



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل