به‌شی سێیه‌م
ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌ی كه زه‌فه‌ریان به كچه‌ی خوێنه‌ر برد، جۆرێكی تری قوربانین، چونكه چه‌ند ڕۆشنبیر بیت، ئه‌گه‌ر له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دواكه‌وتووه‌وه گه‌مارۆ بدرێیت، كاریگه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌ر بیروباوه‌ڕت هه‌ر به‌جێده‌ێهڵن. فیۆدۆر دۆستۆڤسكی له ڕۆمانی شه‌یتانه‌كان ئاماژه به‌وه ده‌كات، بیروباوه‌ڕیش وه‌ك ڤایرۆس وایه، ڤایرۆس به‌ته‌نیا تووشی جه‌سته نابێت، به‌ڵكو ده‌كرێ تووشی عه‌قڵیش بێت.
یاخۆ له كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه باسی ئه‌و كه‌سانه ناكه‌م كه شه‌هید بوون، به‌ڵكو باسی ئه‌و كه‌سانه ده‌كه‌م كه ڕزگاریان بوو له‌و كاره‌ساته، ئه‌گه‌رچی ڕزگاریان بوو، به‌ڵام به ئێسته‌یشه‌وه كاریگه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌ر دڵ و ده‌روونیان جێهشتووه، واته ده‌توانین بڵێین عه‌قڵیی پیاوسالاریش جه‌نگێكه ده‌بێت هه‌میشه له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی بیت.
له مێژووی كتێب و مه‌عریفه نه‌مبینیوه كه‌سێك بووبێته قوربانی هاوشێوه‌ی كچه‌ی خوێنه‌ر، مه‌گه‌ر كه‌سێكی وه‌ك جاحز كاتێك كتێبخانه‌كه ده‌ڕووخێت به‌سه‌ریدا، به‌ڵام ئه‌مه له دوو حاڵه‌تی جیاوازن، به‌ڵام ئه‌مه هه‌رچۆنێك بێت له كۆتادا عه‌شقه، عه‌شقیش به‌بێ قوربانیدان بوونی نییه.
تاوانی كتێب چییه؟ ئه‌گه‌ر قوتابییه‌كه به‌هۆی گه‌مژه‌یی مامۆستایه‌كه‌وه دڵی له قوتابخانه و ڕێی به‌رزی مه‌عریفه بتۆڕێت. تاوانی قورئان چییه؟ ئه‌گه‌ر كه‌سێك هاوشێوه‌ی نووسه‌ری گه‌وره ته‌ها حوسێن به‌هۆی چه‌ند مه‌لایه‌كی نه‌زانه‌وه دڵی له پاكی و جوانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام بتۆرێت.
یه‌كێك له هه‌ڵه دیاره‌كانی كچه‌ی خوێنه‌ر ئه‌وه‌بوو، ویستی له ڕێی جه‌سته‌وه مانه‌وه‌ی هه‌میشه‌یی خۆی له دنیای مه‌عریفه بۆ خۆی مسۆگه‌ر بكات، بێ‌ئاگا له‌وه‌ی دنیای ڕۆشنبیری له‌گه‌ڵ دنیای سۆزدا بۆ هه‌میشه یه‌ك ناگرێته‌وه، چونكه له دنیای ڕۆشنگه‌ری هه‌میشه عه‌قڵ باڵاده‌سته، بۆیه به كچێكی خراپ له قه‌ڵه‌م درا، هه‌رچه‌نده ڕۆشنبیر ئه‌و كه‌سه نییه كه هه‌ڵه ناكات، به‌ڵكو ئه‌و كه‌سه‌یه هه‌میشه وانه له هه‌ڵه‌كانی خۆیه‌وه فێر بێت.
له خوڕه‌م سوڵتانیان پرسی: چۆن پیر بوویته له‌كاتێكدا سوڵتان سلێمان هه‌ر خۆشی ده‌وێی؟
ئه‌ویش له وه‌ڵامدا ده‌ڵێت: جوانیی ڕووخسار هه‌ر ماوه‌یه‌ك ده‌توانێ حوكم بكات، به‌ڵام جوانیی عه‌قڵ بۆ هه‌میشه‌ییه، ئه‌گه‌ر بته‌وێ جێت له دڵی به‌رانبه‌ره‌كانت بهێڵیته‌وه، ده‌بێت عه‌قڵ هه‌میشه سه‌نته‌ر بێت.
كاتێك هه‌رجاره و ڕۆشنبیرێك بۆ حه‌زێكی كاتی خۆی به‌ڵێنی درۆ به كچه‌ی خوێنه‌ر ده‌دا، ئه‌م جۆره ڕه‌فتاره جۆره حاڵه‌تێكی ده‌روونیی ناخۆش و به‌ئازاری له‌لای كچه‌ی خوێنه‌ر دروست كرد، تا ده‌گاته ئاستێك ده‌ستی ده‌چێته خوێنی مه‌ولوود ئه‌حمه‌دی چیرۆكنووس و ده‌یكوژێت، له چیرۆكی ئه‌و مه‌ڕه‌ی بوو به گورگی عه‌زیز نه‌سین، باسی مه‌ڕێك ده‌كات كه خاوه‌نه‌كه‌ی هه‌میشه ئازاری ده‌دات، له ئه‌نجامی ئه‌و ئازارانه مه‌ڕه‌كه ده‌بێت به گورگ و دڕنده، له دواییدا ده‌ڵێت: تكایه شتێك مه‌كه‌ن مه‌ڕه‌كان ببن به گورگ.
ئه‌م جۆره ڕه‌فتاره جۆره حاڵه‌تێكی ده‌روونیی ناخۆش و به‌ئازاری له‌لای كچه‌ی خوێنه‌ر دروست كر
كچه‌ی خوێنه‌ریش له ئه‌نجامی ئازارێكی زۆره‌وه ده‌بێ به مرۆڤكوژ، لێره‌یشدا مه‌به‌ستم ئه‌وه نییه ئافره‌ت بشوبهێنم به مه‌ڕ، به‌ڵكو مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه كه بوونی ئه‌و ئازاره سه‌ختانه‌یه كه مرۆڤ و بوونه‌وه‌ره‌كان له‌وپه‌ڕی ساده‌یی و میهره‌بانییه‌وه ده‌یانكات به دڕنده. مه‌رجیش نییه هه‌موو نووسه‌رێك ڕۆشنبیر بێت، به‌ڵام ڕه‌نگه زۆرینه‌ی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه ناتوانن قه‌ناعه‌ت به‌وه بكه‌ن كه ناكرێت نووسه‌ر و شانۆكار هتد ڕۆشنبیر نه‌بن، بۆیه كچه‌ی خوێنه‌ریش ده‌كه‌وێته ناو ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌وه، له حاڵه‌تێكدا ئه‌گه‌ر ڕۆشنبیریش بن شێوازی پێوه‌ندی و جۆری نزیكبوونه‌وه‌ی ناهۆشیارانه له به‌رزی و شكۆمه‌ندی مرۆڤ ده‌خات.
ئه‌م نۆڤلێته هه‌ر ڕه‌خنه له دنیای مه‌عریفه ناگرێت، به‌ڵكو ئاماژه‌یه بۆ ئه‌و ناخۆشی و نه‌هامه‌تییه‌ی ئافره‌تان له كۆمه‌ڵگایه‌كی دواكه‌توودا. وه‌ك له به‌شی دووه‌می كچه‌ی خوێنه‌ردا ئاماژه‌م به‌وه كرد، ده‌كرا بڕێكی تر درێژه‌ی بابه‌ته‌كه بكردایه، به‌ڵام هه‌ندێك جار نووسه‌ران ده‌یانه‌وێ هه‌ندێ بابه‌تی نووسینه‌كانیان بۆ خوێنه‌ری به‌جێبه‌هێڵن، واته خوێنه‌ر ئاوێته و ته‌واوكه‌ری دنیای نووسینه‌كانی خۆیانیان بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌مه هه‌رچۆنێك بێت نیهاد جامی ڕه‌چكه‌شكێنه، به‌وه‌ی ئه‌و بابه‌تانه‌ی نه‌گوتراوه، ئێسته ئه‌م ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات، كورد گوته‌نی: ئه‌وه‌ی له ژێر به‌ڕه‌یه، ده‌یخاته سه‌ر به‌ڕه.
ئه‌و كه‌سه‌ی یارمه‌تیی كچه‌ی خوێنه‌ری دا له فیلمه دۆكۆمێنتاره‌كه، له كۆتادا حه‌ز له كچه‌ی خوێنه‌ر ده‌كات، به‌هه‌موو خاڵه نه‌رێنییه‌كانه‌وه كچه‌ی خوێنه‌ر قبووڵ ده‌كات، بۆ نموونه له شوێنكدا ده‌ڵێت: ئێسته له دوا گرته‌ی فیلمه‌كه من پێی ده‌ڵێم "من عاشقی تۆم، ده‌مه‌وێ ببیته هاوسه‌رم تا كچێكمان هه‌بێت به ناوی باران".
باران، ڕه‌نگه مه‌به‌ستی بارانی ئه‌و به‌خته‌وه‌رییه بێت كه له ژێر سایه‌ی تێگه‌یشتن و خۆشه‌ویستییه‌كی ژیرانه، هاوشێوه‌ی چیرۆكی گوڵی به‌ربارانی هێمن به‌رزنجی كۆیان ده‌كاته‌وه، له‌مه‌وه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌گه‌رچی نووسه‌ر له‌م نۆڤلێته ڕه‌خنه له پیاو ده‌گرێت، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا ده‌یه‌وێ بڵێت مه‌رج نییه هه‌موو پیاوێكی ڕۆشنبیر ئاستی تێگه‌یشتنیان بۆ ژن و ژیان وه‌ك یه‌ك بێت، له‌لایه‌كی تره‌وه فیلمه دیكۆمێنتاره‌كه ئاماژه‌یه بۆ شۆڕش دژی عه‌قڵیی پیاوسالاری، چونكه شۆڕش هه‌ر ئه‌وه نییه بڕژێته سه‌ر شه‌قام، به‌ڵكو به‌پێی ڕه‌خساندنی باردۆخه‌كه‌یه كه چۆن له‌و ڕوانگه‌یه‌وه بۆت ده‌گونجێت ئه‌سپی خۆت تاو بده‌یت، وه‌ك چۆن شه‌هره‌زاد له ڕۆمانی هه‌زار و یه‌كشه‌وه له‌ناو كۆشكێدا شۆڕشی كرد.
به بۆچوونی منیش ئه‌گه‌ر بڕیار بێت له داهاتوودا شۆڕشێكی عه‌قڵانی بكرێت له پێناوی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ته‌ندروست، ده‌بێت ئافره‌ت پێشڕه‌وی ئه‌و شۆڕشه بێت، چونكه مادام ئافره‌ت توانای ئه‌وه‌ی هه‌بێت ببێ به‌دایك و له پێناوی ڕۆڵه‌كانی باكی نه‌بێت به سه‌ختی ژیان، ئه‌وه ده‌توانێ گه‌وره‌ترین گۆڕانكاری بكات، چونكه هیچ هێز و توانایه‌ك ناگاته هێزی ئه‌و میهره‌بانییه‌ی كه له ناخی دایكه و وه‌ك ئاگرێك بڵێسه ده‌دات، مه‌گه‌ر ئاگره‌كه‌ی باوه‌گوڕگوڕ هێنده‌ی ناخی دایك بڵێسه‌دار بێت.
ته‌لار تاهیر (په‌ری ده‌ریا)