بزنی سانین كەمترین ئالیك دەخوات و زۆرترین شیر دەدات

:: PM:03:40:17/01/2022 ‌
ئەركان مەنوچەهر سەرپەرشتیاری پڕۆژەی ڕاسان كە بۆ یەكەم جار لە عێراق و كوردستان شیری بزنی سانین بەرهەم دەهێنن، لە دیمانەیەكی لەگەڵ "وشە"، باس لە گرنگی ئەو جۆرە بزنە دەكات كە ئێستە لەگەڵ كەشوهەوای كوردستان خۆی گونجاندووە، پڕۆژەكەش سەركەوتنی بەدەست هێناوە و یەك وەجبە كاری ئەو جۆرە بزنە لە كوردستان لە دایك بوون.

خاڵی بەهێزی پڕۆژەی ڕاسان چییە كە ئێوە كاری لەسەر دەكەن؟
كێڵگەی ئاژەڵداری ڕاسان، پڕۆژەیەكی ستراتیجییە و بۆ یەكەم جار لە عێراق و كوردستان شیری ناوازەی بزنی سانین بەرهەم دەهێنین، هەموومان گرنگی شیر دەزانین و بەتایبەتیش گرنگی شیری مرۆڤ و پێكهاتەكانیمان بیستووە، بەڵام شیری ئەو جۆرە بزنە لە ڕووی هەندێ پێكهاتەوە، وەك شیری مرۆڤ وایە، ئەوەیش خاڵی بەهێزی پڕۆژەكەیە.

بزن لە كوردستان و بەرهەمەكەشی هەیە، جیاوازی ئەو بزنەی ئێوە لەگەڵ بزنی تر چییە؟
بەپێی لێكۆڵینەوەیەك هەندێك لەو پێكهاتە سوودبەخشانەی لە شیری مرۆڤدا هەیە، لە شیری بزنیشدا بوونی هەیە، هەرسكردنی ئاسانە بە بەراورد بە شیرەكانی تر بۆ ئەو كەسانەی كە گەدەیان هەستیارە بۆ هەرسكردن، ئەو تایبەتمەندییەش وایكردووە ئەو شیرە بازاڕی خۆی پەیدا بكات و لە بزنەكانی تر جیاواز بێت.

ئامانجی ئەو كێڵگەیە تەنیا بەرهەمهێنانی شیرە؟
  كێڵگەی ئاژەڵداری ڕاسان ئێستە ژمارەیەك لە نێرەكانی دەفرۆشێت، خاوەن ریكۆردی تەندروستی باوانن، تەمەنیان لە نێوان 8-11 مانگدا دەفرۆشرێت، ئێستە كێشی لەشیان لە نێوان 45 كیلۆگرام بۆ 55 كیلۆگرامدان، هەروەها دەتوانرێ بۆ زاوزێ لەگەڵ بزنی تر بەكار بهێنرێت و تێكەڵ بكرێ‌.

تەنیا بەرهەمەكەی بۆ شیر پشتی پێ‌ دەبەسترێ‌؟
پەنیری شیری بزن باشترە لە پەنیری شیری مانگا، ئەوەیش زانست سەلماندوویەتی، پەنیری شیری ڕاسان ڕێژەی كۆلیسترۆڵ و چەوریی ناو شیر كەمترە وەك لە شیری مانگا، ئەمەش وا دەكات هەرسی ئاسانتر بێت بۆ ئەو كەسانەی شیری مانگا بە قورسی هەرس دەكەن، ڕێژەی سۆدیۆمی كەمترە وەك لە شیری مانگا، ڕێژەیەكی زۆری كالیسیۆمی تێدایە، هەروەها ئەگەری تووشبوون بە شەكرە كەم دەكاتەوە بە بەرزكردنەوەی ڕێژەی ئەنسۆلین، ڕێژەی ڤیتامینی زۆرە و دەوڵەمەندە بەو مادە خۆراكییانەی كە بۆ كێش دابەزاندن دەبێت، هاوكات سوودبەخشە بۆ ئێسك.

شێوازی بەڕێوەبەری پڕۆژەكە بەهەمانشێوەی كلاسیكە؟
شێوازی بەڕێوەبردن لە ڕێی پرۆگرامێكی سۆفتوێرەوە، یەكێكە لە شانازییەكانی كێڵگەی ئاژەڵداری ڕاسان، لەڕێی ئەو پڕۆگرامە ڕێژەی پێدانی ئالیك و شێوازی تەندروستبوونیان و ئاستی كێشە و چارەسەرییەكان و كۆكردنەوەی شیر دیاری دەكرێ‌.

توانای كیڵگەی ڕاسان چەندە و ئامانجەكەی بەخێوكردنی چەند سەر بزنە؟
ئەم كێڵگەیە توانای هەزار سەر بزنی شیردەری هەیە، ئێستە تەنیا 500 سەرمان هەیە، پشت بەخوا پاش لەدایكبوونی كار، دەگەینە توانای خۆمان، پاش ئەوە بەدڵنیاییەوە مەبەست لەم پڕۆژەیە، بڵاوكردنەوەی ئەم جۆرە بزنە سوودبەخشە ناوازەیەیە لە كوردستان، دەستیشمان كرد بە فرۆشتنی گرووپی یەكەمی كارە نێرەكان كە 129 دانە بوون.

ئەو بزنانە توانیویانە خۆیان لەگەڵ كەشوهەوای كوردستان بگونجێنن؟
بەپێی ستاندارد ئەو بزنانە پێویستیان بە پلەی گەرمی خوار 35 پلە هەیە، ئێمە لەڕێی ئەو سیستمەی بۆمان داناون، ڕۆژانە چاودێرییان دەكەین و توانیومانە ئەو پلە گەرمییەیان بۆ دابین بكەن، هەروەها فیدباكی ئەوانیش بۆ خۆگونجاندنیان لەگەڵ كەشوهەواری كوردستان، سەركەوتوو و بووە و دەتوانرێ پشتیان پێ‌ ببەسترێت.

بزنی سانین بە چ تایبەتمەندییەك ناسراوە؟
بزنی سانین لە سەرانسەری دنیا بە بزنی شاژنی بزن ناسراوە كە زۆرترین شیر دەدات و كەمترین ئالیك دەخوات، لە پڕۆژەی ڕاسان ئێمە خۆمان ئالیكی بۆ دەچێنین و تا ئێستە بەو ئالیكەی هەیە دەژین، ئەوە جۆرە ئالیكەش لە تەواوی بازاڕەكانی كوردستان دەچێنرێ‌ و هەیە، وەك وێنجە و چەند شتێكی تر.

ڕێژەی ئەو شیرەی ڕۆژانە لە هەر بزنێك وەردەگیرێ‌ چەندە؟
بزنی سانین ڕۆژانە لە نێوان سێ‌ بۆ پێنج كیلۆ شیر دەدات، ئەوەیش ڕێژەیەكی زۆرباشە، ئێستە ئەو شیرەی هەیە تەنیا لە ماست و پەنیر سوودی لێ وەرناگیرێ‌، بەڵكو یەكێكە لە بەتامترین شیرەكان بۆ دوكانەكانی ساردەمەنی، هەروەها جیاوازییەكەی ئەو بزنە لەگەڵ بزنەكانی تر ئەوەیە، لە ساڵێكدا نۆ مانگ شیرت پێ‌ دەدات، ئەوە لە كاتێكدایە بزنی تر لە ساڵێكدا سێ‌ مانگ شیرت پێ‌ دەدات.

پێشتر ئەو پڕۆژەیە لە چەند شوێنێكی تر تاقی كرایەوە كە مردنی زۆر لە ڕێژەی بزنەكانی هەبوو، لای ئێوە چۆنە؟
تا ئێستە ئەوەی جێی دڵخۆشییە كە ئەو پڕۆژەیە ساڵێكە هەیە و بەردەوام بەرهەمی هەبووە، ڕێژەی مردنیش لەو پڕۆژەیە زۆر نۆڕماڵە وەك هەر بەخێوكردنی بزنی تر، چەند دانەیەك مردوون، بەڵام شتێكی لەو شێوەیە نییە كە شیاوی باس بێت.







وشە - رامیار جەواد