هونه‌رمه‌ند نه‌ریمان بابان له پێگه‌ی تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئیسنتاگرام، نوێترین پۆستی خۆی بڵاو كردووه‌ته‌وه كه بریتییه له پارچه ڤیدیۆیه‌ك و تێیدا ئاماژه‌ی به‌وه داوه، سه‌رقاڵی ئاماده‌كارییه بۆ ئه‌نجامدانی گه‌وره‌ترین كۆنسێرت.
ئه‌مه‌یش له كاتێكدایه كه دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ شاری سلێمانی و ئه‌نجامدانی ئاهه‌نگێك له جه‌ژنی ڕه‌مه‌زاندا، ساڵی 2018 نه‌ریمان بابان بڕیاری دا یه‌كه‌م گه‌وره‌ترین كۆنسێرت له هه‌رێمی كوردستان له شاری سلێمانی بۆ هه‌وادارانی ئه‌نجام بدا، ئه‌وكات گه‌وره‌ترین ڕووداوی هونه‌ری بوو، ئه‌مساڵیش ده‌یه‌وێ هه‌مان كۆنسێرت به‌هۆی ئارامبوونه‌وه‌ی دۆخی كۆرۆناوه ساز بكات.
نه‌ریمان بابان له‌باره‌ی كۆنسێرته‌كه‌ی ئه‌مجاره‌یه‌وه نووسیویه‌تی، "دوای وه‌رگرتنی بۆچوونی ئێوه‌ی ئازیز و خۆشه‌ویست كه زۆرینه‌تان كۆنسێرتتان پێ باش بوو، سه‌ره‌ڕای ئاسته‌نگه‌كانی ژیان و ئه‌و ناخۆشییانه‌ی له‌م چه‌ند ساڵه‌ی پێشوو به‌رۆكی نیشتمان و ھه‌موومانی گرت، بڕیارمان دا به سازكردنی ئێواره‌یه‌كی ھونه‌ری كه ھه‌مووان تێیدا ئاوێته‌ی ھونه‌ر و موزیك بین له (كۆنسێرتی ستووندا)".
به‌پێی زانیارییه‌كان، كۆنسێرته‌كه خێزانی ده‌بێت و ڕێنوێنییه ته‌ندروستییه‌كان جێبه‌جێ ده‌كرێت، كۆنسێرتی ستوون له شاری سلێمانی له ڕۆژی پێنجشه‌م 27ی كانوونی دووه‌م ساز ده‌كرێت. بڕیاریشه له‌و كۆنسێرته‌دا نه‌ریمان بابان به‌ناوبانگترین گۆرانییه‌كانی خۆی پێشكه‌ش بكات.
نه‌ریمان بابان یه‌كێكه له هونه‌رمه‌نده ناسراوه‌كانی كوردستان و خه‌ڵكی شاری سلێمانییه، ساڵی 1983 تیپی موزیكی بابانی دامه‌زراندووه، بۆ ماوه‌ی 10 ساڵ له‌و تیپه‌دا به‌رده‌وام بووه، ماوه‌ی زیاتر له 30 ساڵیشه له ئه‌ڵمانیا ژیان به‌سه‌ر ده‌بات و ئێسته ماوه‌یه‌كه گه‌ڕاوه‌ته‌وه كوردستان و له كوردستان ده‌ژیت، خاوه‌ن به‌رهه‌مێكی زۆری هونه‌رییه كه زۆربه‌یان له ئاواز و هۆنراوه‌ی خۆین، دواین ئه‌لبوومی "په‌ری" بوو له ساڵی 2012، یه‌كێك بوو له پڕفرۆش‌ترین به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌و ساڵه، دواكاری ساڵی 2021 بوو كه كارێكی هونه‌ری ته‌نیا ده‌نگ بوو به‌ناوی (په‌شیمانم).