سەیرترین یاساكانی كۆریای باكور

:: PM:06:00:16/03/2017 ‌
یاساكان لە دنیا زۆرن و ئەوان بۆ رێكخستنی ژیانی مرۆڤ و بەیەكەوە ژیانیان لەگەڵ یەكتر و دیاریكردنی ئەرك و مافەكانیان لە بەرامبەر دەوڵەت و یاساوە دانراون، بەڵام هەندێك یاسا هەن كە رەنگە باوەڕ نەكەیت كە هەن وەك ئەوانەی لە كۆریای باكور هەن.

لە كۆریای باكور رەنگە یاساكانی زیاتر بەرجەستەی بیری سەرۆكە گەنجەكەی بكەن كە چەندان یاسای سەیر هەن لەوانە، تەنیا ئەوانە لە سوپا و حكوومەت كار دەكەن بۆیان هەیە ببنە خاوەنی ئۆتۆمبێل، ستایلی قژ ناكرێت بەبێ رەزامەندی حكوومەت بێت و ئەگەر تاوان بكەیت ئەوە سزاكەی بەسەر هەموو خێزانەكە جێبەجێ دەكرێت.

هەروەها تەنیا سێ كەناڵی تەلەڤزیۆنی هەیە و هەر دراما و پڕۆگرامێك ستایشی دەسەڵات نەكات قەدەغە دەكرێت، گەڕان لە تۆڕی ئینتەرنێت قەدەغەیە و تەنیا ئەوانەی لە سوپان و خێزانەكانیان و قوتابیان لە زانكۆی دیاریكراو بۆیان هەیە و كۆمپیۆتەر لەو وڵاتە بە سیستەمی تایبەت كار دەكات بە ناوی "رید ستار". 

گەشتیار ئەگەر رێی پێ درا بچێتە كۆریای باكور كە ماوەیەكی دوورودرێژ تاوتوێی داكەی دەكرێت، ئەوە فەرمانبەرێكی حكوومەت دەبێتە هاوەڵی تا لەو وڵاتە دەردەچێت، ئەو یاوەری دەكات لەهەر هەنگاوێك و پێویستە گەشتیار داوای ئیزن لەو فەرمانبەرە بكات بۆ هەر شتێك تەنانەت وێنەگرتنیش.

هاووڵاتییانی كۆریا قەدەغەكراون لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان بەبێ رەزامەندیی حكوومەت ئەگینا سزای قورس دەدرێن وەك كوشتن، هەروەها هاووڵاتیی كۆریای باكور قەدەغەكراوە لە گەشتكردن بۆ دەرەوەی وڵات و ئەگەر هاتوو حكوومەت هەر هاووڵاتییەك بگرێت كە هەوڵی هەڵاتن لەو وڵاتە بدات، ئەوە سزا دەدرێت و لەدار دەدرێت.

سەرچاوە: ئەلعالەم


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل