توێژەرێكی ئابووری ڕای دەگەیەنێت، لەلایەن بەرهەم ساڵحەوە بۆ دووەم جارە سكاڵای یاسایی لەسەرم تۆمار دەكرێ، سكاڵاكەشی ئەوەندەی ڕق و تێكچوونی باری دەروونی بەسەریدا زاڵە، ئەوەندە بریتی نییە لەوەی من تاوانێكی یاساییم ئەنجام دابێت.
ئەمڕۆ یەكشەم 23ـی كانوونی دووەم، بەهرۆز جەعفەر توێژەری ئابووری و سەرۆكی پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی رای گەیاندووە، ڕۆژی یەكشەمی ڕابردوو بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق، بۆ جاری دووەم سكاڵایەكی لەلای هەمان دادوەر و دادگای پێشوو دادگای لێكۆڵینەوەی یەكی سلێمانی لەسەر تۆمار كردووم.
باسی لەوەش كردووە، پارێزەرەكانی چوون بە تەنگ داواكەوە و شەش ڕۆژە دادگا دۆسیەی دژی كردووەتەوە، بۆچی؟ ئاسایشی نیشتمانیمان خستووەتە مەترسییەوە؟ لە تیرۆردا بەشدار بووین؟ ملیاران دیناری ئەم نیشتمانەمان بردووەتە دەرەوە؟.
ئەو توێژەرە دەڵێت، لە مێژووی عێراق و ناوچەكەدا ئەمە یەكەمین جارە سەرۆكێك دووجار سكاڵا دژی هاووڵاتییەكی وڵاتەكەی بكات، سكاڵاكەش ئەوەندەی ڕق و تێكچوونی باری دەروونی بەسەریدا زاڵە، ئەوەندە بریتی نییە لەوەی من تاوانێكی یاساییم ئەنجام دابێت، هەموو ئەوانەی یاساناسن دەزانن لەو جۆرە سكاڵایە، دەبێت سكاڵاكار خۆی ئامادە بێت، ئەگەر نا داوا یاساییەكە بێ بنەما و بەتاڵە.
بە گوتەی بەهرۆز هۆكاری ئەو جۆرە سكاڵایە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، هەر جارێك بمانەوێت ڕای خۆمان دەرببڕین، سەرۆك كۆمار لەناو ئەم هەزاران گرفتەی لە دنیا و لە ناوچەكە و لە عێراق هەیە، دێ سكاڵا لەسەر ئێمە تۆمار دەكات، بۆیە تۆماركردنی ئەم سكاڵایە لەسەر ئەو بنەمایە نییە كە نیو سەعات ڕای خۆمان بە بێ تەشهیر و بێ سوكایەتی دەربڕیوە، بەڵكو ڕەنگە ئەو بڕیاری دابێت ئاستی كارەكانی لە هێنانەدیی سیستمێكی ئاسایشی ناوچەیی و لە بەرقەراركردنی ئاشتی كۆمەڵایەتی لە عێراقەوە هێنابێتە ئەو ئاستەی ململانێ لەگەڵ ئێمە بكات.
ئەو توێژەرە باس لەوە دەكات، دەرگای ئاشتی و بەرپرسیارێتی و یەكتر قبووڵكردن هەموو كات كراوەیە، بۆیە داواكارم لە سەركردایەتیی سیاسیی كورد و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، سنوورێك بۆ ئەم پیاوە دابنێن، ئەمە ڕەفتار و ڕێبازی مام جەلال نییە كە لەسەر نیو سەعات ڕای خۆ گوتن، دڵسۆزەكانی ئەم نیشتمانە بخاتە بەردەم جەبر و زرووفی دادگا.