كارتە‌ر: توركیا و عێراق گەیشتوونەتە رێككەوتنی سەرەتایی

:: AM:09:58:22/10/2016 ‌

وەزیری بەرگریی ئەمەریكا لە میانەی سەردانەكەی دوێنێ هەینی بۆ توركیا و كۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا و بەرپرسانی تری وڵاتەكە، دواتر ئاشكرای كرد، كە ئەنكەرە و بەغدا گەیشتوونەتە رێككەوتنێكی سەرەتایی بۆ ئەو گرژییەی لە نێوانیاندا دروست بووە.

ئاشتن كارتەر لەكاتی كۆتاهاتنی گەیشتەكەی لە ئەنكەرە بە رۆژنامەوانانی ڕاگەیاند، لەو باوەڕەدام كە ئەنكەرە و بەغدا گەیشتوونەتە رێككەوتنی سەرەتایی، بەڵام ناكرێ وردەكارییەكەی بخرێتە روو.

وەزیری بەرگریی ئەمەریكا دوێنێ هەینی لە یەكەم وێستگەی گەشتەكەی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستی پێ كرد و بڕیارە ئەمڕۆش بگاتە ئیمارات و دواتریش سەردانی فڕەنسا و بەلجیكا دەكات.

ئامانجی ئەمەریكا لە سەردانی وەزیری بەرگریی ئەمەریكا بۆ ئەنكەرە بریتییە لە كەمكردنەوەی گرژییەكانی نێوان ئەنكەرە و بەغدا كە بەهۆی بوونی هێزەكانی توركیا لە سەربازگەی زەلكانی چیای باشیك لە نێوانیاندا دروست بووە.

دوای ئەو قسانەی وەزیری بەرگریی ئەمەریكا لەبارەی رێككەوتنی بەغدا و ئەنكەرە، كەناڵی ڕەسمی حكوومەتی عێراق لە زاری سەرچاوەیەكی حكوومەتی عێراقەوە ڕەتی كردەوە كە لەگەڵ ئەنكەرە رێككەوت بن و تەنیا واشنتن دەستپێشخەری كردووە بۆ نزیككردنەوەی بۆچوونەكان لە یەكتر، ئەو دەستپێشخەرییەش تاكلایەنەیە و لەسەر داوای حكوومەتی عێراق نەبووە.

لە رۆژی سێشەم چواری تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەرەوە لێدوانی توند لە نێوان بەرپرسانی ئەنكەرە و بەغدا دژی بوونی هێزێكی 150 كەسی لە سەربازگەی زەلكانی شارەدێی بەعشیقە دەدرێت، گرژییەكان گەیشتە ئاستی ئەوەی باڵوێزی توركیا لە بەغدا و باڵوێزی عێراق لە ئەنكەرە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی هەردوو وڵاتەوە بانگهێشت كران.

مانگی ئەیلوول/سێپتێمبەری 2014 هێزێكی توركیا كە لە 150 سەرباز و 25 تانك پێك هاتبوون هاتنە سەربازگەی زەلكانی شارەدێی بەعشیقەی دەوروبەری مووسڵ و دەستیان بە مەشق و ڕاهێنان بە هێزەكانی حەشدی نیشتمانی كرد، توركیا لەبارەی هاتنی هێزەكەیەوە پشتی بە رێككەوتنی 2007ی نێوان وەزیری بەرگریی توركیا و عێراق بەستووە كە لە ئەنكەرە لە نێوان جەواد بۆلانی وەزیری بەرگریی عێراق و بەشیر ئەتالایی وەزیری بەرگریی توركیا ئیمزا كرا، بەگوێرەی ڕێككەوتنەكە عێراق ماف بە توركیا دەدات لەشكركێشی بۆ قووڵایی خاكی باكوری عێراق بكات، بە ئامانجی ڕووبەڕووبوونەوەی پەكەكە.

حەشدی نیشتمانی لە هۆزە سونەكانی دەوروبەری پارێزگای مووسڵ پێك دێت كە پاش داگیركردنی ناوچەكانیان لەلایەن داعشەوە، لە چوارچێوەی چەند هێزێكی چەكدار خۆیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش پڕچەك كردووە.

شارەدێی بەعشیقە دەكەوێتە باكوری رۆژهەڵاتی مووسڵ بە دووری 12 كیلۆمەتر و یەكێكە لە ناوچەكانی دەشتی نەینەوا خاكەكەی دەوڵەمەندە بە زەیتوون، 70% دانیشتووانی ئێزیدین و 25%یشی مەسیحی و 5% توركمانن و عەرەبیش بە رێژەیەكی كەم تێیدا نیشتەجێن.


وشە - باز ئه‌حمه‌د